سیروان کەلاری
لە کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان پیاوەێک بە حاشیە و پاسەوانەکانییەوە هاتەژور کە سەرلەبەریان پیاوانی ئەمنی و کەسانێکن کە نە لەدوور و نە لەنزیک پەیوەندییان بە هیچ پرس و قەیرانێک نیە کە تایبەت بێت بە پرسی ژن. ئەو پیاوە مەسعود بارزانی بوو، کە تا ئێستا هیچ کامێرایەک وێنەی هاوژینەکەی ئەو و مەسرووری کوڕی و هیچ کام لە کچەەکانی ئەویان بڵاو نەکردۆتەوە، تەنانەت ئەو دەمەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو بەهەمان ڕەنگی مەسرووری کوڕی ئەمڕۆ، تەواوی عۆرفی سەردانە دپلۆماسی و کۆبوونەوەکانیان لە جیهاندا شکاند و تەنیا ئەمان بە ڕەبەنی و بە بێ یاوەری هاوژینەکانیان سەردانی وڵاتان دەکەن. بە جۆرێک تەنانەت “جولانی” کە پیاوێکی جیهادی سەر بە ئەل-قاعیدەیە، هاوژینەکەی لە هەندێ بۆنەدا یاوەری دەکات، وەلێ مەسعود بارزانی و مەسرووری کوڕی سەبارەت بە پرسی ژن تەنانەت لە ئەبو محەمەد جولانیشیان تیانابێت و لەویش کۆنەپارێزترن.
مارگرێت جۆرج کە تاکە ژنی پێشمەرگەی ئەیلول بوو و سەرباری ئەوەی ژنێکی گەنجی کریستیانی بوو کە هەست و سۆزی کوردبوون وایکرد کە چەکی کوردایەتی هەڵبگرێ، بەڵام لە پاش ئەوەی پاسەوانەکانی مەلا مستەفای بارزانی مرخی لێخۆش دەکەن، دواجار مارگرێت بەشێوەیەکی گوماناوی تیرۆر دەکرێت و کەم نین ئەو شایەتحاڵانەی کە باس لەوە دەکەن کە ناوبراو دوای ئەوەی زۆر بە وەحشییانە دەستدرێژی دەکرێتە سەری، ئەوسا بۆ ونکردنی شوێنەواری تاوانەکان مارگرێت تیرۆر دەکرێت و ڕەنگە ئەوەش یەکەم مامەڵەی مەسعود بارزانی بووبێت لەگەڵ پرسی ژن، ئەو دەمەی کە بە گەنجی پەروەردەی هەواڵگری وەردەگرت، بۆ ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی پۆستی دەزگای پاراستنی پارتی.
توندوتیژی کوڕەکانی مەسعود بارزانی ئەگەر لەوەی باوکیان زیاتر نەبێ کەمتر نییە. مەسروور بارزانی دەستی خستە خوێنی شەهیدی ڕۆژنامەنوس (زەردەشت عوسمان) تەنیا لەبەر نوسینەوەی پەخشانێکی ئەندێشەیی کە تیایدا خۆی وەک زاوای مەسعود بارزانی لەقەڵەمدابوو، زەردەشت بەوهۆیەوە دوو فیشەک درا لەناو دەمی. جگە لەوەی مەسروور بارزانی مامۆستا جیهان تەهای فڕاند و لەسەر ڕێگای بارزان تیرۆریان کرد و ئۆتۆمبێلەکەیان سوتاند، تەنیا لەبەر ئەوەی زاتی ئەوەی کرد داوای مافی مامۆستایان لە حکومەتە دز و تاوانبارەکەی ئەو بکات. سالی ۲۰۱٦ پاریزەر ناز سلێمان هەر بەدەستی پاراستنی پارتیی تیرۆر کرا ، لەبەر ئەوەی هەندێ دۆسیەی هەستیار کەوتبووە دەستی و چەندین تاوانی تر کە دەرهەق بە ژن کراون و بژاردنیان ئەستەمە، بەڵام سەرەداوەکان هەمیشە بۆ بنەماڵەی بارزانی و دەزگای پاراستن و دەستەودایەرەکانی ئەوان دەڕوات.
ئەوەی بنەماڵەی بارزانی و دەستەو تاقمی باڵادەستی پارتی لە کوردستان بۆ ژن کردوویانە، تەنیا بریتییە لە کردنەوەی یانەی شەوانە و ناوەندەکانی بازاڕی جەستە و بەکۆیلەکردنی ژن. تەنانەت لە تەواوی دامۆدەزگا و فەرمانگە حیزبی و حکومییەکانی هەولێریش ژن بووە بە کاڵای مامەڵە و تاک و تەراو و لێرە و لەوێ هەندێ لەو ژنانە باس لە هەراسانکردنی سیکسی بەرپرسانی ئەو پارتە دەکەن، کە لەبەر حورمەتی ژنبوونی ئەوان پێویست ناکات ناوەکانیان دووپات بکەینەوە. ئەگەر مەسعود بارزانی بەڕاستی دەیەوێت خزمەت بە ژن بکات با تاوانباری دۆسیەی تیرۆری مامۆستا جیهان تەها ( کە مەسروور بارزانی کوڕیەتی) بیدات بە دادگایەکی بێلایەن، هەروەها کەسانی وەک نیهاد بارزانی و فازڵ میرانی و ئەوانی تر لە ڕیزەکانی پارتەکەی سڕبکا و سزایان بدات، کە تەنیا خەباتی ئەوان بریتی بووە لە دەستدرێژی و لاقەکردنی کچانی مێردمنداڵ و ناوەندەکانی لەشفرۆشی و گوندی ئەڵمانی و هاوشێوەکانیان دابخات، ئەوا گەورەترین خزمەت بە ژن دەکات و چیتر بەم ئاخری تەمەنە و لەسەرەمەرگدا پێویستی بەم موزایەدە و خۆنماییشکردنە بێتام و کاڵ و کرچەش نییە، کە خۆی و پیاوە شەهوانییەکانی لە ڕیزی پێشەوەی کۆنفرانسی ژنان “ئافرەتان” دانیشن و وێنە بگرن.