ئازاد رواندزی
نوێترین حیزبی کوردی و ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان، تائێستا تەنها یەک کۆنگرەی پێ ئەنجامدراوە، چەندجارە خۆی تاقی دەکاتەوە، بەڵام ناتوانێ کۆنگرەی دووەم ئەنجامبدات.
گۆڕانەکان دوای کۆچی دوای ن.مستەفا بوونەتە چەندین پارچە، بەڵام ئەوەی بەرچاو ئەوانەنن کە هێشتا ناوی گۆڕان بەکاردێنن، ئەوانیش ئاراستەی گەڕەکی کوردسات و گەڕەکی گردی زەرگەتەن.
بزووتنەوەی گۆڕان کە لە هەناوی یەکێتی دەرکەوتوە، یەکێتیش هەمان نەخۆشی گۆڕانی هەیە، بەڵام جیاوازتر ئەوەیە کە یەکێتی خاوەن و بەرژەوەندی زۆرتری لەناودا هەیە، بۆیە ناهێڵن بڵاوی پێبکرێ، هەمانکات کوڕانی تاڵەبانی و کچانی برایم ئەحمەدیش زوو کۆنتڕۆڵی یەکێتیان کرد، ئەنجام توانرا بە زەبری هێز و پارە و فشار و دەسەڵات بەخشینەوە، یەکێتی لە لەناوچوون رزگاریبێ.
دەردی گۆڕان و یەکێتی هاودەردە، ئەویش کێشەی ناسنامەیە، روون نیە ئەو حیزبانە چین و چیان دەوێ و چ دەگۆڕن و چ دەهێڵن؟؟
نە چەپن نە راست، نە سۆسیالیستن نە بورژوا، تێکەڵەن لە هەمووشتێک و هیچیش نین، یەکێتی بەشداری سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنالیست دەکات، بەڵام ناوەڕۆک نیۆلیبڕالیستن، خۆیان بە مۆدێرن دەزانن، بەڵام بنەماڵگەر و دیوخان و عەشائیر و لەگەڵ شێخ نەهرۆ سەڵاوەت لێدەدەن.!!!
دوای کۆچی ج.تاڵەبانی و ن.مستەفا، کەسایەتی کاریزمایی لە سلێمانی کۆتای پێهاتووە، بۆیە وەک کەس ناتوانن جەماوەر و رێکخستنەکەیان کۆبکەنەوە، لەلایەکیتریش بنەمای فیکری و رێکخستنی زۆر لاوازە، ئەوکات چۆن خەڵک کۆدەکرێتەوە؟؟ بەزمانێکیتر خەڵک مێگەل نییە لەخۆیەوە کۆبێتەوە، کۆشبێتەوە ئەی چۆن دەخرێتە سەر رێچکەی خەبات و تێکۆشان؟
ئەنجامی حەوت ساڵ دوای مردنی ن.مستەفا دەرکەوت هیچ هێزێکی فکری سیاسی رێکخستنی لە ناو گۆڕان نییە کە بتوانێ ئەو بزووتنەوەیە کۆبکاتەوە، لەئێستا دیاریش نییە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێ…
کوڕانی نەوشێروان لەلایەنی فیکری و سیاسی خۆیان پەروەردە نەکردووە، خاوەن پاشخانێکی سیاسیش نین. بۆیە تەنها پارێزگاری لە گۆڕی باوکیان دەکەن، بەو پارەی بۆشیان ماوەتەوە کاری بزنس و بازرگانی دەکەن. لەلایەکیتر نەوشێروان پەنجا ساڵ شەڕی بنەماڵەی بارزانی کردووە، بۆیە ئەوان ئێستا ئەگەر لە هاوڕێیانی باوکیان لێهاتووتر نەبن، ئەوا ناتوانن گۆڕان کۆبکەنەوە، پێچەوانە وەک ئێستا دەبنە هۆکاری پارچە کردن و بچوککردنەوەی.
ئەوانەی کە کوڕەکانیشیان پەسند نییە و دەیانەوێ بەپارەو سامانی نەوشێروان بەردەوامی بەگۆڕان بدەن، ئەوانیش ئەگەر هێزی فیکری و سیاسی و رێکخستنی زیاتر لەخۆیان ئاوا نەکەن، ئەوانیش تەنها دەبنە هۆکاری پووچ کردنەوەی گۆڕان. چونکە گۆڕان چیتر حیزبی هەڵبژاردن نییە…
خوشک و برایانی گۆڕان ئەوەش بزانن، نەوشێروان گۆڕانی بەگوێرەی باوەڕیەکانی خۆی داڕشتبوو، بەڵام خۆشی بۆی نەچووە سەر، بۆیە ویستی لەگەڵ یەکێتی تێکەڵی بکاتەوە، چونکە گۆڕان جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ یەکێتی نییە.
هێشتاش زۆر مرۆڤی پاک و دڵسۆز هیوای خۆیان لەسەر گۆڕان هەڵچنیەوە، ناکرێ هەردوو ئاراستەکە ئەوەندە خەڵکی خۆیان هیلاک بکەن، ئەگەر ئەزانن ناگەن بەیەکتری، بۆیە ئەوەی پێویستە کادیرانی گۆڕان بیکەن؛
١- کوڕانی نەوشێروان یان بەتەواوی بەشداری سیاسی بن و خاوەنداریەتی لەمیراسی سیاسی باوکیان بکەن، یان بەفەرمی دەستبەرداری گۆڕانبن لەهەمووشتێکی و بۆ هاوڕێکانی باوکیان بەجێیبەهێڵن، چونکە شێوازی ئێستایان سەلماندیان گۆڕان وێرانتر دەکات.
٢- هاوڕێیان نەوشێروان، ئەگەر ناتوانن گۆڕان کۆبکەنەوە لە یەک ئاراستەداو دووبارە رێکخستنەوەی گۆڕانیان پێناکرێ، ئەوکات یان گۆڕان جێبەهێڵن بۆ کوڕەکان، یان بگەڕێنەوە بۆ ناو یەکێتی، یان حیزبێکیتر دروستکەن، نمونە ئەنجومەنی باڵای عێراقی، ماڵی حەکیم ، ئەوان جیابوونەوە لە ئەنجومەنی باڵا و عەمار رەوتی حیکمەی دامەزراند و ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی باڵا بەهێزترە، بەڵام پێکەوەش لەناو ماڵی شیعە جێ دەگرن.
٣- هەتا گۆڕان بەمشێوەیەبێ، بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەوەی گورزی بەرکەوتوە، هەمانکات ناتوانێ خۆشی کۆبکاتەوەو سەرگەردانە.
٤- پارتی و یەکێتی دەستبەرداری ناو گۆڕانبن و بەهێڵن گۆڕانکاری ناو گۆڕان بەئیرادەی خۆیان بەرەوپێشەوە بچێ، ئەگەرنا تووشی داوی بێکولتوری سیاسی شاسوار و کۆنەپەرستایەتی و بەکرێگیراویەتی ئیخوانی و سەلەفیەکان دەبن، وەک تەوق لە قوڕگیان گیر دەبن.