ئا:ئازا پرێس
٢٢ ئەیلوولی ١٩٨٠ زەنگی شەڕێکی ماڵوێرانکەر، لەنێوان عێراق و ئێران لێیدا. شەڕێک کە هەشت ساڵ درێژەی کێشا، ئێستاش شوێنەوارەکانی بەسەر جوگرافیا و کۆمەڵگەی عێراقیدا ماوە.
هۆکارەکانی دروستبوونی شەڕ:
عێراق و ئێران لەبەر ئەوەی دوو دەوڵەتی دراوسێن، بۆیە زۆرکات و سەردەم ناکۆکی و کێشەیان لەنێواندا روویداوە، بەڵام لە سەردەمی دروست بوونی کۆماری عێراق، کێشە و ناکۆکیەکان نەگیشتوونەتە ئاستی پێکدادن و شەڕێکی بەمشێوەیە ماڵوێرانکەر. بەعسیەکان لە عێراق لە ئەنجامی کودەتایەک ساڵی ١٩٦٨ بوونە دەسەڵات، بەسەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر. بە بیر و هزری مللیگەرایی عەرەبی شۆڤینیست کە پشتی دەبەست بە فەلسەفەی عەرەبی سوونی، کاریگەر بە جەمال عەبدولناسر و سۆڤیەتی جاران. لەگەڵ ئەوەی دەیانویست کێشەکانیان چارەسەر بکەن، هەمانکات رۆژ بەڕۆژ پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکرد. ئەنجام لەلایەک خۆماڵی کردنی نەوت و ریفۆرمی زەوی و زاریان بەرەو پێشەوە دەبرد، لەلایەکیتریش لە ئەنجامی رێککەوتنێک بزووتنەوەی چەکداری کوردیان بە رێبەرایەتی پارتی – م.بارزانی بێکاریگەر کرد.
بەعسیەکان ئەوەندەی لەناوەو کاریان دەکرد، بەهەمانشێوە هەوڵیان دەدا لەلایەک لە رووسیا، لەولاشەوە لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندیەکانیان بەرەوپێشەوە ببەن. لەسەر ئەوبنەمایە توانیان لەگەڵ مەحمەد رەزا پەهلەوی شای ئێران لە ٦-٣-١٩٧٥ بگەنە رێککەوتنێک، کە بەڕێککەوتنی جەزائیر ناسراوە. لەم رێککەوتنە عێراق بۆ ئەوەی لە جوڵانەوەی کورد رزگاری ببێ، بۆ ئەمەش دەستبەرداری کۆمەڵێک خاڵ لە سنورەکان ببوو. لە ١٩٧٩ شۆڕشی گەلانی ئێران ئەنجامدرا، بەڵام جوڵانەوە شیعە مەزهەبەکان دەستیان خستە سەرشۆڕش و خستیانە دەستی خۆیان، ئەنجام رژێمی ولایەتی فەقێی ئیسلامی شیعە مەزهەب، لە ئێران دەسەڵاتی گرتە دەست.
کۆماری ئیسلامی تازە لەدایکبوو، ئامانجی دوورمەودای بۆ دوژمنایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبوو، هەروەها لەپێناو یەکخستنی سەرجەم کۆمەڵگەی شیعی، خاوەن دروشم و هەوڵدان بوو. بۆیە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانی رۆژئاوا، هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی شیعەگەری لەئێرانیان بۆخۆیان بەمەترسی دەزانی. لەژێرناوی هەستانەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و داگیرکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەنی رژێمی بەعسیاندا. بەعسی سوونەگەرا زەمینەی بۆ ئەمە ئامادەبوو، ئەنجام لەژێرناوی پەشێمانبوونەوەی عێراق لە رێککەوتنی جەزائیر، شەڕ دەستی پێکرد.
بەعسیەکان بە کودەتایەکی سپی (ئەحمەد حەسەن بەکر)یان لە ١٩٧٩ ناردەوە ماڵەوە، سەددام حسێن جەڵەوی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەعسی گرتە دەست، وەک ئەوەی دەمێک بوو سەددام ئامادە دەکرا بۆ شەڕێکی بەمشێوەیە. سەددام لەلایەک لەناوخۆ جوڵانەوەی چەکداری کوردی بێکاریگەر کردبوو، لەلایەکیتریشەوە پشتگری رۆژهەڵات و رۆژئاوای بەدەستهێنابوو، بۆیە وەک سەرۆکی نەتەوەیی عەرەب خۆی دەبینی، بۆ ختوکەدانی کۆمەڵگەی نەتەوەپەرستی عەرەبی وەک دوژمنێکی سەرسەختی ئیسرائیل خۆی نیشاندەدا.
هێزە سیاسی و چەکدارەکانی کوردستان و رۆڵیان لەم شەڕە؟
پارت و رێکخستنە سیاسی و چەکداریە کوردیەکانی باشوور و رۆژهەڵات، هەر زوو بەرەی خۆیان لەم شەڕەدا ئاشکرا کرد. ئەوانەی باشوور بوونە پارچەیەک لە سیاسەتی شەڕی ئێران و ئەوانەی رۆژهەڵاتیش بوونە بەشێک لە سیاسەتی شەڕی عێراق. ئێران و عێراق هەوڵیاندا کورد وەکو بەشێک لە شەڕ بۆ خزمەتی خۆیان بەکاری بێنن. کوردی باشوور زیاتر کەوتە ژێر فەرمان و سیاسەتی شەڕی ئێران، بۆیەش هەر لەگەڵ یەکەم هاتنە دەسەڵاتی خومینی، پارتی (قیادە موەقەتە) کەوتە پەلاماردانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لەژێر ناوی دەرهێنانی رووفاتی مستەفا بارزانی، بەهەزارانی ئەندم و لایەنگری حیزبی دیموکراتی کوشت. دواتر چەکدارانی پارتی شانبەشانی سوپای پاسدارانی ئێران، کەوتنە بەرەی شەڕ، بەتایبەت لە هەرێمەکانی حاجی ئۆمەران و برادۆست. لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستەی پارتی و سەرۆکایەت مەسعود بارزانی، سەددام پەلاماری بارزانیە سڤیلەکانیدا کە لە کۆمەڵگە زۆرەملێکانی سنوری هەولێر کۆکرابوونەوە، ئەنجام هەشت هەزار هاوڵاتی بارزانی لە ٣١-٧-١٩٨٣ ئەنفال و شوێن بزرکران.
یەکێتی دوای ١٩٨٥و خراپبوونی مفاوەزاتی لەگەڵ عێراق، زیاتر سیاسەتەکانی رووەو ئێران وەرگەڕا، بۆیە هەوڵیدا بەهێنانی پاسدار بۆ سنورەکانی، ئاگری شەڕ لە باشووری عێراقەوە بگوازرێتەوە بۆ کوردستان. هەموو چاودێر و فەرماندەکانی پێشمەرگە، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە سوپای پاسداران شانبەشانی چەکدارانی یەکێتی لە گەرمیان و کەرکوک، هەڵەبجە، قەندیل و خۆشناوەتی بینراون. ئەمەش هۆکارێکە کە بووە هۆی کیمیاباران و ئەنفالی ئەو سنورانە کە زیاتر لە ١٨٢ هەزار کەس ئەنفاڵ بوون، لەگەڵ هەڵەبجە زیاتر لە شەش هەزار کەس کەوتنە بەر هێرشی چەکی کیمیاوی و شەهیدبوون. زیاتر لە چوار هەزار گوند و شارەدێ وێران و خاپوورکران.
بەگوێرەی ئامارە خەمڵینراوەکان زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ لە شەڕی عێراق – ئێران گیانی خۆیان لەدەستداوە، نزیکەی ٣٠٠هەزار سەرباز بە دیلگیردراوە، بە هەزاران گوند و شار وێران کران، تەنها لە عێراق ملیۆنێک دار خورما لەناوبردراون. سەرجەم سنوری عێراق و ئێران بە ملیۆن مینی تیا چێنرابوو.
فەشەلی سیاسەتی کوردی:
بۆ هێزە سیاسی و چەکدارەکانی کوردستان دەرفەتێکی زێڕین بوو، چونکە دوو داگیرکەری کوردستان لەشەڕدابوون، بەڵام لەسەروویاندا پارتی و یەکێتی تەواوی حیزبە کوردستانیەکان لە سەنگەری دژ بەیەکتریبوون. نەک تەنها هیچ دەسکەوتێکیان لەم شەڕە نەچنیەوە بۆ گەلی کورد و دۆزە رەواکەی، بەڵکو لەگەڵ کۆتای هاتنی شەڕی عێراق – ئێران لە ٨-٨-١٩٨٨ ئەوانیش کۆتایان پێهاتوو بنکە و بارەگایان تێکنایەوەو چوونەوە بۆ ئێران.
پارتی رێککەوتنی جودی لە دژی یەکێتی دروست کردبوو، یەکێتیش رێککەوتنی جەوقەدی لە دژی پارتی دروست کردبوو، بەڵام هەردووکیان لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەی دە ساڵ شەڕی یەکتریان کرد، ئەنجام لە لاوازترین کاتیان شەڕیان راگرت و لەسەر دەستی (ئیمام خومەینی) بەرەی کوردستانیان دامەزراند.
پەکەکە لەگەڵ یەکەم هەنگاوی ئەویش هەوڵیدا لە دۆخی نوێی ئێران و هەڵگیرسانی شەڕدا سوودمەندبێ، بۆ ئەمەش لەگەڵ گەیاندنی گەریلا بەسنورەکانی باشوور و باکوور هەمانکات ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی شەڕی چەکەداری کرد و لە ١٥-٨-١٩٨٤ دەستی بەشەڕ کرد لە دژی تورکیا. لەلایەکیتریش لەپێناو کۆکردنەوەی هەموو هێزە کوردستانیەکان لە بەرەیەک سەرەتا رێککەوتنێکی لە گەڵ پارتی واژۆ کرد لە ١٩٨٣، ویستی هەمان رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیش ئەنجامبدات، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی ناردبوو بۆ ئەوەی شەڕ بووەستێ و لایەنەکان بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام شاندی پێکهاتوو لە چوار کادیری پێشەنگی پەکەکە کە مەحمەد قەرەسوونگور سەرۆکایەتی دەکرد، لە ئەنجامی هێرشی یەکێتی بۆ سەر پارتی لە بناری قەندیل شەهیدبوون. بۆیە هەوڵەکانی پەکەکەش بۆ یەکخستنی هێزە کوردستانیەکان ئەنجامگیر نەبوو.
ئەنجام:
شەڕی هەشت ساڵە بەپابەندبوون بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەن بە ژمارە ٥٩٨ کە لە ١٩٨٧ دەرچوو، بە گووتەی خومینی کە دەڵێ راگرتنی شەڕ وە خواردنەوەی ژەهری مارە لە ٨-٨-١٩٨٨ پابەندبوون خۆی بەڕاگرتنی شەڕ راگەیاند و ٢٠-٨-١٩٨٨ وەک مێژووی کۆتایهاتنی جەنگ دیاری کرا. شەڕ باری عێراقی زۆر لار کرد، بۆیە سەرەتا بۆ راستکردنەوەی بارە لارەکەی چەکی کیمیاوی و ئەنفالی بەکارهێنا، دواتر لە ١٩٩٠ پەلاماری کوێتیداو داگیری کرد. بۆ هەموو ئەو سەرەڕۆیی و هەڵوێستە شەڕەنگێزیانەی و تەواوبوونی ئەرکەکانی سەددام و بەعس بۆ سنوردارکردن و دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ ئەمەش ئەمریکا سەرۆکایەتی هاوپەیمانیەتیەکی کرد و سەرەتا لە ١٩٩١ دواتریش لە ٢٠٠٣ کۆتایان بە رژێمەکەی سەددام و پارتی بەعس هێنا.
کۆتای پێهێنان بە رژێمەکەی سەددام لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، عێراقی تووشی چەندین دۆخی نالەبارتر کردەوە، بەتایبەتش ناکۆکی و شەڕی سوونە و شیعە کە شەڕی داعش بەشێکبوو لەو ناکۆکیە، هەمانکات ناکۆکی نێوان کورد و عەرەب کە ریفراندۆم و پەلامارەکانی ١٦-١٠-٢٠١٧ ئەنجامەکەیبوون. لەئێستا کە عێراق بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیاسەتەکانی ئێران، هەمانکات تورکیاش بەشێکی زۆری لە هەرێمی بادینان لێ داگیرکردووە و سوونەی عەرەب و تورکمان و پارتیش وەک ئەڵقە لەگوێی تورکیا جموجۆڵ دەکەن، بۆیە ئاسۆی عێراق روون نییە.