رێبەر عەلی کەرکوکی/ پردێ-کەرکوک
رۆژی ١ی ئابی ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق هەڕەمەکییانە و نایاساییانە بڕیاڕی هەلوەشاندنەوەی بۆ سێ لایەنی سیاسی (پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزیدیی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان) دەرکرد، گوایە ئەو لایەنە سیاسییانە پەیوەندیی و نزیکییان لە بزووتنەوەی پەکەکە هەیە. بێگومان ئەمەش لەچوارچێوەی پیلان و رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی تورکیا و عێراق و پەدەکە-عێراقدا ئەم بڕیارە دراوە، کە لەبنەمادا لەئەنجامی زەندەچوون و فۆبیا و رقلێبوونەوەیانە لەبەرامبەر بەو لایەنانە، بەڵام دیارە ئەو جۆرە بڕیارانە تێکۆشانی ئەو لایەنانە بەهێزتر و رەواتر دەکات. بەڵام پێویستە بزانین کە ئەم جۆرە پیلان و رێککەوتنە، پاشخانێکی لەپێشینەی خۆی هەیە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعسی فاشیست، حکومەتە یەک لەدوا یەکەکان، بە پیلانگێڕیی و دەسیسەی پەدەکە-عێراق و رژێمی فاشیستی تورکیا، چەندین هەنگاویان دژ بە بزووتنەوەی ئازادیی پەکەکە، هاویشتووە. پەدەکە-عێراق بەفەرمانی رژێمی فاشیستی تورکیا هەر لە زمانلێدان و ئامادەکردنی دۆسیە و راپۆرتی درۆینەوە بۆ حکومەتی عێراق، تا نەهێشتنی پەرلەمانتارە دەرچووەکانی پارتی چارەسەری لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و باشووری کوردستان لە ساڵانی ٢٠٠٥، ٢٠٠٩، ٢٠١١ و ٢٠١٨ بچنە پەرلەمانەوە و قەدەخەکردنی لیستی هیوای پارتی چارەسەریی دیموکراتی کوردستان، رفاندن و دەستگیرکردنی دەیان کادیر و ئەندام و لایەنگرانی ئەم بزووتنەوەیە، داخستنی چەندین جاری بارەگا و نووسینگەکانی پەچەدەکە و رێکخراوەکانی دیکە، مۆڵەتنەدانی یاسایی پەچەدەکە تەڤگەری ئازادی وەک پارت و لایەنێکی یاسایی، درووستکردنی دەیان سیناریۆی درۆینە و هەڵبەستراو دژ بە بزووتنەوەکە، پێکهێنانی کۆردیناسیۆنی چوارقۆڵی نێوان حکومەتی عێراق-پەدەکە-ئەمریکا و تورکیا، ئەوانەو دەیان تاوان و پیلانگێڕیی دیکە، تادەگات بە بڕیاری داخستنی سێ پارت و لایەنی سیاسیی هەڵگری بیر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ، نەیانتوانی و هەرگیزیش ناتوانن پێش بە شەپۆڵی پێشکەوتن و مەزنبوونی ئەم بزووتنەوە ئازادیخوازە بگرن لە باشووری کوردستان و عێراق و دونیادا.
چونکە ئەو بزووتنەوەیە لەناو گەل لەدایکبووە و بۆ گەل و هی گەلە. باکی بە بارەگا و نووسینگە و ئەو شتانەوە نەبووە و نییە. تێکۆشانی ئەم بزووتنەوەیە نە بەیاسای دەوڵەتە داگیرکارەکان و نە بە مۆڵەتی هێز و بنەماڵە خیانەتکارەکانی کوردستان، لەدایکنەبووە و دەستیپێنەکردووە، بەڵکو لەهەناوی گەلدا، بۆ تێکۆشان دژ بە هەبوونی داگیرکاریی و هێڵی خیانەتکاریی لە کوردستاندا، لەدایکبووە، بۆیە تا داگیرکاریی و هێڵی خیانەتکاریی بمێنێت، ئەو بزووتنەوەیەی ئازادییش هەردەمێنێت و هەر گەشەدەکات و وەک زریانی شۆڕشگێڕانە داگیرکاریی و خیانەتکاریی هەنگاو بەهەنگاو رادەماڵێت.
کەواتە ئەو جۆرە بڕیارانەی ئەنجوومەنی دادەوەریی و حکومەتی عێراق و بنەماڵەی خیانەتکاریی بارزانی و پەدەکە-عێراق، هەروەها بڕیارەکانی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا و داگیرکارانی دیکە و تەنانەت خستنە نێو لیستی رێکخراوە قەدەخەکراوەکانی ناتۆش، هیچیان نەیانتوانیوە و ناتوانن رێ لەپێش مەزنبوون و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە بگرن، ناتوانن پەیوەندی رۆحی و فیکری و رێکخستنیانەی نێوان پەکەکە و گەلی کوردستان و گەلانی دیکەی ناوچەکە لاواز بکەن. ئەمە تەواو یەکلایی بۆتەوە.
بۆیە ئەم جۆرە بڕیارانە، لەلایەن هەر حکومەت و هێزێکەوە بدرێت، وەک بڵقی سەرئاو دەتەقێتەوە و بێکاریکەر دەبێت، وەک ئەو فیشکە وایە کە بەرەو ئاسمان هەڵدەدرێت دواجار بەخاوەنەکەی دەکەوێتەوە. بەم جۆرە بڕیارانە نە ئەو سێ لایەنەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان لەسەردراوە و نە بزووتنەوەی پەکەکەش، کۆشک و سەرا و موڵک و ماڵیان نییە تا دەستی بەسەردابگرن، ملیاران دۆلاریان لە بانکەکانی کوردستان و عێراق و جیهاندا نەخەواندووە تا بەو بڕیارانە دەستی بەسەردا بگیردرێت و بلۆک بکرێن. هەیە و نییە چەند بارەگا و نووسینگەیەکە، کە بەکرێ گرتوویانە، لەگەڵ چەند کورسی و مێزێکی کۆنینە و شکاو.. زیاتر لە پەنجا ساڵە سەدان لەو جۆرە بڕیارانە دراون و هیچیشیان نەیانتوانیوە دەست بەسەر یەک سەنت و یەک دۆلار و دیناری ئەم بزووتنەوەیەدا بگرن. چونکە بانکی ئەم بزووتنەوەیە، وا گیرفانی گەلە وڵاتپارێزەکەمان دایە. کۆشک و سەراکانیشی ماڵ و سابات و ڕەشماڵ و خێوەتەکانی ئەم گەلەیە و ژێر سیبەری درەختە سەوزەکانی کوردستانە. ئەو بڕیارەتان دا، ئەی چی لە دڵ و رۆح و هزری خەڵکی وڵاتپارێز و ئازادیخوازی باشوور دەکەن؟ چۆن خۆشەویستی ئەم بزووتنەوەیە لە دڵ ورۆح و هزریان دەردێنن؟ مەگەر دەتوانن ئەمە بکەن؟ هەرگیز ناتوانن ئەمە بکەن. بۆیە ئەو جۆرە بڕیارانە تەنیا ئەنجامی بێچارەیی و لاوازیی و هەڵەشەیی و وابەستەیی تورکیا و پەدەکە-عێراق و حکومەتە یەکلەدوایەکەکانی عێراق و ئەوانیترە.
بەڵام پرسیارە جددییەکە لێرەدا ئەمەیە: لەکاتێکدا پەدەکە-عێراق پێشتریش و لەو سیوسێ ساڵەی رابردوودا دەیانجار دەستی لەگەڵ دووژمن تێکەڵکردووە و خیانەتی لە گەلی کورد و گەلانی عێراق کردووە و دەیان ملیاری خەڵکی دزیوە و هێزی چەکدار و میلیشیا و دەزگای سەرکوتکاریی پاراستنی هەیە و دەیان زیندانی شاراوەی هەیە و دەیان کۆمەڵکوژیی و سەدان تیرۆری لە باشوور و عێراق کردووە، هاوشێوەی کۆمەڵکوژیی شیعەکانی عێراق لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا، هاوپەیمانێتی لەگەڵ داعش و هێزە سووننییە بەکرێگیراوەکان کردووە، دەیان دۆسیەی گەندەڵیان لەسەر ئاشکرابووە، و دەیان دۆسیەی تری تاوانی لەسەر کۆبۆتەوە، لەدۆخێکی وەهادا، ئەگەر پەدەکە-عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریی و حکومەتی عێراقەوە وەک حزبی بەعس بڕیاری قەدەخەکردن و هەڵوەشاندنەوەی بدرێت، چی لێبەسەردێت؟ کە ئەگەری هەیە بڕیارێکی بەمشێوەیە لەداهاتوودا لەسەر پەدەکە-عێراق بدرێت. کە هەر ئێستا بەدەیان دۆسیە لە ئەنجوومەنی دادوەریی و دادگای فیدڕاڵی عێراق لەم بارەیەوە هەیە، ئێستاش لە دادگایەکی ئەمریکاشدا بەدەیان دۆسیەی تاوانکاریی دادگایی دەکرێن، یان راپەڕینی جەماوەریی پەنگخواردوو و ستەملێکراو دژ بە پەدەکە-عێراق و بنەماڵەی بارزانی بەرپا ببێت، کە ئەمەش ئەگەری روودانی زۆر نزیکە و پەتی زوڵم هەر لەئەستووریدا دەپچڕێت، ئایا بنەماڵەی بارازانی و پەدەکە-عێراق ئەوەیان لەبەرچاوە کە چۆن سەرانی ئەو بنەماڵەیە و ئەو حزبە یەک یەکیان دەستگیر دەکرێن و لە قەفەزی زینداندا توند دەکرێن و دەبنە گاڵتەجاڕی دونیا و خەڵکەکەی؟ ئایا ئەوەیان لەبەرچاوە، ئەگەر دەستگیریش نەکرێن چۆن راوەدوو دەنرێن و هەموو جیهانیان لێدەبێتە کونەمشک و جورج؟ ئایا ئەوەیان لەبەرچاوە کە چۆن سەرانی بنەماڵە و پەدەکە-عێراق لەلایەن گەنجانی خێرلەخۆنەدیو و ژنانی ئازارچەشتووەوە، لەسەر شەقامەکان و لە گۆڕەپانەکاندا بەرشەق دەردێن و وەک فتبۆڵ تۆپتۆپێنیان پێدەکرێت؟ خەڵک لاشەی مردوویان بەدوای سەیارەکانیاندا رادەکێشن و وێنە هەڵواسراوەکان و پەیکەرەکانیان وەک وێنەکان و پەیکەرەکانی سەددام بە پەت و شۆفەڵ دادەڕمێنن و دەسووتێنرێن؟ ئایا ئەوەیان لەبەرچاوە کە چۆن ئەو هەموو بارەگا و بینا و باڵەخانانەی بە پارەی دزراوی خەڵکی بەرزیان کردۆتەوە، چۆن لەلایەن خەڵکە هەژار و رەشورووتەکەوە دەسووتێنرێن و ئاتاری لەسەر پاتاری ناهێڵنەوە؟ ئایا و دەیان و سەدان ئایای تر.
با سەرانی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق ئەو راستییە باش بزانن، رۆژان رۆژی لەدوایە، ئەوەی ئەمڕۆ وا دڵخۆشتان دەکات و پێی پێدەکەنن و شاگەشکەتان دەکات، وەک چۆن ئێستا بەو بڕیارەی ئەنجوومەنی دادگای عێراق زۆر دڵخۆش و شاگەشکەن و بە سەرکەوتنێکی گەورەی پیلانەکانی خۆتان و تورکیای دەبینن، رۆژگارێک دێت، ئەو رۆژگارەش زۆر زۆر نزیکە، دەبینن، ئەوەی دواجار پێدەکەنێت، زۆرتر پێدەکەنێت، لەدڵەوە و لەگەڵ گەلەکەی پێدەکەنێت. ئیتر با ئەم هەموو پیلان و سیناریۆ هەڵبەستراوانە و ئەو هەموو خیانەتەی دەیکەن و ئەو هەموو هاوکارییەی دووژمنانی گەلی کوردتان کردووە، ئەو دژایەتییە بەردەوامەی بۆ بزووتنەوەی ئازادیی دەیکەین، ئەو رۆژە زۆر دوور نییە و دێت و تەنانەت ناتوانن وەک سەددامی خوێنڕێژیش کونە جورجێک بدۆزنەوە تا خۆتانی تێدا بشارنەوە. نە دەیان ملیارەکانتان، نە دەیان هەزار چەکدار و سیخوڕەکانتان، نە دامودەزگا سەرکوتکارەکانتان و نە هیچ شتێکتان دادتان نادات. ئێوە بەترس و لەزرینەوە ئەم داهاتووەتان دەبینن و خەڵکیش ئەوکاتە، بەدڵخۆشییەوە زۆرترین و درێژترین پێکەنین، پێتان پێدەکەنن. زبڵدانی رەش و نەگریسی مێژوو چاوەڕێتانە، تا زووە خۆتانی تێفڕێبدەن، تا زیاتر و زیاتر ریسواتر و نەفرەتلێکراوتر نەبوون.