ئا: ئازاپرێس
لە دوای هەڵهاتنی پێشمەرگەکانی پارتی لە ٣-٨-٢٠١٤ لە شەنگال و بە هاوار هاتنی گەریلاکانی پەکەکە و شەڕڤانانی ڕۆژئاوا بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی شەنگال، گۆڕانکاریی سیاسی، ئەمنی و جوگرافی لە شەنگال دروست بوون. لەڕووی جوگرافیا و ئەمنییەوە ناوەندی شاری شەنگال کەوتبووە دەستی چەتەکانی داعش، چیایی شەنگال و ناحیەی سنوونێ و کۆمەڵگەی خانە سۆر لە دەستی گەریلاکانی پەکەکە و شەڕڤانانی ڕۆژئاوا بوون. لە سنووری شەنگال و دەوروبەری یەک پێشمەرگەی پارتی نەمابوو، هەموویان ڕایان کردبوو و تەنانەت بەشێکی پێشمەرگەکانی پارتی چوو بوونە ڕۆژئاوا و لەوێ وە لە دەروازەی سێمالکا جارێکی تر هاتنەوە بۆ باشوور.
دروستبوونی یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال
لەبەر ئەوەی خەڵکی شەنگال بێ پاراستن مانەوە و خاوەنی هێزی چەکدار و سیستەمێکی ئەمنی نەبوون، بووە هۆکار ئەو کۆمەڵکوژییەیان بەسەرداهات. لە کاتێکدا ناوەندی شەنگال لە دەستی چەتەکانی داعشدا بوو، خەڵکی شەنگال بە یارمەتی هێزەکانی پەکەکە بۆ پاراستنی خەڵکی ئێزدی و شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤ سیستەمێکی پاراستن و ئەمنی دروست کرا و بە دامەزراندنی یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) ئەو هێزە بە تەواوەتی بووە پارێزوانی خەڵکی شەنگال. لە ژیر ناوی یەبەشە و یەژەشە کوڕان و کچانی ئێزیدی هێزی تایبەت بە خۆیان دامەزراند و لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە، بەرپەرچی چەکدارانی داعشیان دەدایەوە، ئەمەش وایکرد شەنگال و دەوروبەری لە ١٣-١١-٢٠٢١٥ئازادکران و دواتر هێزەکان پەکەکە لە ٢٠١٨ لە شەنگال کشانەوە. یەبەشە وەکوو هێزێکی سەرەکی لە پاڵ هێزەکانی تری دەوڵەتی عێراق، بەشدارە لە پاراستنی سیستەمی ئەمنی شەنگال و تاکە هێزی باوەڕ پێکراوە بۆ پاراستنی ئێزدییەکان، چونکە هەموو پێکهاتەکەی لە کوڕ و کچانی ئێزدین.
دروستبوونی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەی شەنگال
کۆمەڵگەی ئێزیدی گەیشتبووە ئەو ڕاستییەی کەوا پەرشوبڵاوی و بێ رێکخستنیان هۆکاری سەرەکی فەرمان و کۆمەڵکوژیانە. بۆیە هەر دوای ئازادبوونی شەنگال بۆ کۆتایی هێنان بە کۆمەڵکوژی و مەترسییەکانی سەریان و خۆ ڕێکخستن و یەک ڕیزی ناو ماڵی ئێزدیان، لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەی شەنگالیان دامەزراند. ئەنجوومەنەکە بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە شەنگال دامەزرا، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات خۆی فرەوان کرد و لەئێستا بەشێوەیەکی گشتی نوێنەرایەتی خەڵکی شەنگال و دەوروبەری دەکات. ئەم ئەنجوومەنە کاری کرد بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن و کەرتی تەندروستی، هەرەها بۆ ئەوەی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگە پارێزراوبێ لە حوزەیرانی ٢٠١٦ ئاسایشی ئێزدیخان دامەزرا.
ئێستا ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەی شەنگال وەکوو بەرپرسیار و ئیرادەیی یەکەمی خەڵکی شەنگال دەبینرێت و لە هەموو کایەکانی ژیاندا خاوەنی دەستە، گرووپ، کار و پرۆژەی خۆیەتی، هەمانکات لە هەوڵدان دایە بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە بە کۆمەڵگەی ئێزدی ببەخشرێت. هەرچەندە ئەم ئەنجوومەنە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانی پیانەنراوە، بەڵام حکومەتی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکات. لەناو خەڵکی ئێزیدیش دا وەکوو مەرجەعی سەرەکی خۆیان دەبینن و ئیش و کارەکانیان لە ڕێگای ئەو ئەنجوومەنەوە بەڕێوە دەبرێت. هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنەش کۆکردنەوەی کۆمەڵگەی ئێزیدی و تەسلیم نەکردنی ئیرادەی خەڵکی ئێزیدی بەوانەی خیانەتیان لێکردن و پاراستنی سەربەخۆی ئێزدیخانە.
دژایەتی کردنی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەی شەنگال
ڕزگارکردنی شەنگال و پێشخستنی و دامەزراندنی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەرایەتی شەنگال لەلایەنی پارتی و هاوکارەکانییەوە قبووڵنەکراو بوو، بۆ لەناوبردن و تێکدانی بارودۆخی ئەمنی شەنگال هەموو هەوڵێکیاندا، وەک یارمەتیدانی داعش، بەسیخوڕیکردنی خەڵک بۆ تورکیا و شەهید کردنی دەیان هاووڵاتیی ئێزیدی. لە ٩-١٠-٢٠٢٠ دا جارێکی تر ویستیان شەنگال و هاووڵاتییانی ئێزیدی کۆمەڵکوژ بکەنەوە، ئەوەش بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی، حکومەتی عێراق- مستەفا کازمی و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینن پلاسخارت و بەچاودێری تورکیا. ئامانجی ئەو ڕێکەوتنە لەناوبردنی دەستکەوتەکانی شەنگال و خەڵکی ئێزیدی بوو. هەر زوو خەڵکی شەنگال لە دژی ئەو ڕێکەوتنە وەستانەوە و بە ڕۆژان لەبەردەم ناوەندی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە ناحیەی سنوونێ چالاکی مانگرتنیان ئەنجامدا و خاوەنداریتیان لە خۆیان کرد، ئەو هەڵوێستەی خەڵکی ئێزیدی بووە هۆی ناڕەوای و پووچەڵکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە. پیلانەکانی پارتی بۆ دژایەتی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال هەر بەردەوامە، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش سەرەڕای دەرکەوتنی کاندیدی پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزیدیان (پادێ)، بەڵام بەپێی زانیاریەکان بە فشار و دەستوەردانی پارتی، دەسکاری ئەنجامەکان کرا، پادێ بێبەشکرا لەو سەرکەوتنەی بەدەستی خستبوو. پارتی لە هەموو بوارەکان ژیان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، هەموو هەوڵدانێکی بۆ لەناوبردنی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگالە، دەگوترێ بۆ ئەو مەبەستە ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و داعش کردووە. چونکە پارتی دەیەوێ پەردە پۆشی ئەو هەڵاتنەی بکات و وەک ئەوەی هیچ نەبووە بگەڕێتەوە شەنگال!!!
لەناوبردنی ئەوانەی پێشەنگایەتیان بۆ بەرخودانی شەنگال کرد
پارتی دیموکراتی کوردستانی ساڵی ٢٠١٧ بە هێزێکی گەورەی بەناوی ‘پێشمەرگەی ڕۆژ’ جووڵەی بۆ شەنگال کرد و ویستی شەنگال بخاتە ژێر دەستی خۆی. وەک ئەوەی ئەوان بەرپرسیاری سەرەکی نەبن لە کۆمەڵکوژیی سەر ئێزدییەکان، ویستیان بەو هێزە جارێکیتر حوکمڕانی شەنگال بکەن. بەڵام خەڵک ناڕەزایی و کاردانەوەیەکی گەورەیان بەرانبەر بەم دۆخە نیشان دا، بە هیچ شێوەیەک ئەو هێزەیان قبووڵیان نەکرد. لەو کاتەدا هەپەگە و یەبەشە دژی ئەو داگیرکەرییە نوێیە وەستانەوە، لە هەندێک شوێن پێکدادان ڕوویدا و چەند سێ گەریلایی پەکەکە شەهیدبوون. هێرشەکانی سەر شەنگال بەردەوام بوون، ئەمجارە پارتی و تورکیا پێکەوە هێرشەکانیان چڕ کردەوە، لە ١٥ ئابی ٢٠١٨ پێشەنگی کۆمەڵگەی ئێزیدی، زەکی شەنگالی، لە بەپیلانێکی هاوبەشی نێوان پارتی و تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج و شەهید بوو. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩، میت و پاراستین شەو و ڕۆژ لەکارە چەپڵەکانیان بەردەوام بوون بۆ ئەوەی لە رێگەی سیخوڕەکانیان کارە تیرۆریەکانیان بەردەوام بکەن، دەستیان گەیشتە فەرمانداری یەبەشە زەردەشت شەنگالی تیرۆریان کرد. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و پارتی بۆ سەر شەنگال هەر بەردەوام بوو لە ساڵی ٢٠٢١لە مانگی ئابدا سەعید حەسەن و عیسای برازای لە کاتێکدا بۆ بینینی مستەفا کازمی دەچوون، لەلایەنی فڕۆکەکانی تورکیاوە کرانە ئامانج و شەهیدبوون، ڕۆژێک دوای ئەو تیرۆرە، فڕۆکەکانی تورکیا هێرشی نەخۆشخانەی سیکێنیان کرد و لە ئەنجامدا ٧ هاووڵاتیی شەهیدبوون. هێرشەکانی سەر شەنگال تایبەتی دوای ڕێکەوتنی ٩ تشرینی یەکەم هەر دەچێ زیاتر و فراوانتر بوون. دیسان هاوسەرۆکی دەستەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەی شەنگال، مەروان بەدەل کە بە دژوار فەقیر ناسراو بوو، لە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە شارەدێی خانە سۆر لە ئەنجامی هێرشێک شەهید بوو. لەبەردەوامی هێرشەکانی تورکیا لە ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٣ بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبێلی فەرماندەی یەبەشە پیر چەکۆی کرایە ئامانج و لەگەڵ هاوڕێکی بەناوی ئاگر جەفری شەهید بوون. لە دوای فەرمانی ٣ی ئابەوە فەرمانی سەر کۆمەڵگای ئێزدی بە شێوازێکی تر هەر بەردەوام بوو و تاکوو ڕۆژی ئەمڕۆ بە دەیان هاووڵاتیی، فەرماندار و پێشەنگی کۆمەڵگەی ئێزیدی لەلایەنی پارتی و تورکیاوە شەهیدکراون. جێگەی ئاماژەیە ئاسمانی شەنگال بۆ فڕۆکە شەڕکەر و بێفڕۆکەوانەکانیش کراوەیە، بۆیە بە ئارەزووی خۆیان جلیتبازی تیا دەکەن.
گەڕانەوەی ئاوارەکان
دوای فەرمانی ٣ ئاب ٢٠١٣ کۆمەڵگەیی ئێزیدی پەرشوبڵاوبوون، کۆچبەری ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بوون. کەسانێکی زۆر ڕوویان لە دەرەوەی ئەوروپا کردبوو و بەشێکی زۆری خەڵکیش لە کەمپەکانی دهۆک و هەولێر و زاخۆ، لەلایەنی پارتییەوە گلدرابوونەوە، وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. دوای ئازادکردنی شەنگال و گەڕانەوەی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمەکە و دروستبوونی ئەنجوومەنی خۆ بەڕێوەبەری شەنگال زۆربەی ئەو کەسانەی کەوا کۆچبەری کەمپەکانی سنووری پارتی بوون ویستیان بگەڕێنەوە بۆ زێدی باوک و باپیرانین. بەلام چەند ساڵە لەلایەنی پارتییەوە ڕێگریان لێ دەکرا کەوا بگەڕێنەوە. ڕۆژانە لەو کەمپانەدا بەهۆکاری جیاجیا هاووڵاتییانی ئێزیدی ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن. پارتی ئەو هاووڵاتییانە بۆ مەرامی حیزبی و بۆ هەڵبژاردنەکان بەکاریان دەهێنێت، وەک دەزانرێ بەبێ مۆڵەتی پارتی ناتوانن دەنگ بە کەسی تر بدەن و بە ناچاری دەخرێنە خزمەتی سیاسەتی بنەماڵەی بارزانییەوە. سەرەڕای ڕێگرییەکانی پارتی، ڕۆژانە بە دەیان خێزان دەگەڕێنەوە بۆ شەنگال و دەوروبەری. بەگوێرەی زانیاریەکانمان خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەنەی شەنگال، بە پێی توانا یارمەتی پێشکەش ئەو هاوڵاتیانە دەکات کە دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
ئەنجام
سەرەرای هەموو هێرش و ئاڵانگاریەکان، دیسان ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەی شەنگال لە خزمەتکردنی خەڵکی شەنگال و دەوروبەری بەردەوامە. یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدیخان وەکوو هێزی سەرەکی پاراستنی ئێزیدیخان و شنگال دەبینرێن. لەرووی ئیداریەو کەسانی نزیکی ئەنجوومەنی دیموکراتی شەنگال بوونەتە قائیمقام و بەرێوبەری شەنگال و ناحیەی سنوونێ. سەرەڕای رێگریەکانی پارتیش، بەڵام رۆژانە ئاوارەکان دەگەرێنەوە بۆ سەر زێدی باوو باپیرانیان. پاش دۆڕانی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، سیاسەتی پارتی لە شەنگال شکستی هێناو، تەنانەت لە سنووری شەنگال نەیتوانی یەکەیەکی ئیداریش بەدەستبهێنێ. چیتر خەڵکی شەنگال لەلایەن بەناو پەرلەمانتارانی ئێزیدی ڤیان دەخیل، مەحما خەلیل و ماجد شەنگالی فریو نادرێ. سەرەڕای هەموو پیلانگێڕی و هێرش و پەلامارێکی پارتی و تورکیا، بەڵام شەنگال لەسەر پێی خۆی وەستاوە.