ئا:ئازا پرێس
ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر بەبڕیارێکی مەسرور بارزانی دەیەوێ ١٣٨ پاڵاوگەی نەوتی نایاسایی لە سنوری هەولێر دابخات. لە لێدوانێک لەبەردەم مایکی راگەیاندنەکان ٤-٨-٢٠٢٤پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دا کە پاڵاوگە نایاسایەکانی سنوری هەولێر دادەخات.
چاودێرانی سیاسی و هەروەها چالاکوانان بە تەنزەوە دەڵێن، پارێزگار و سەرۆکی حکومەت نزیکی هەڵبژاردن بوونەتەوە، بۆیە زۆر گەرم بوونە، لەلایەک بەڵێنی گەورە گەورە دەدەن، لەلایەکیتریش قسەی لەخۆیان گەورەتر دەکەن، بۆیە دەڵێن، ئومێد دانیشە پاڵاوگەی نەوت داخستن کاری تۆ نییە، چونکە ئەو پاڵاوگایانە موڵکی خەڵکی هەژار و رەش و رووتی هەولێر نییە تا پێیان بوێری و لێیان دابخەیت!!
لەلایەکیتر خەڵکی گەڕەکە هەژار نشینەکانی هەولێر (باداوان، سەیداوە، بەهاری نوێ و سێتاقان) هاواریان لێ هەڵساوەو دەڵێن خنکاین ئاومان نییە، خەڵکی خۆپیشاندەر دەڵێن؛ ئێمە دڵۆپە ئاوێکمان نییە و تانکەرێک ئاو چۆتە ٢٠٠ هەزار دینار، کاک ئومێدیش باسی پاڵاوگەی نەوت دەکات، خەڵک چی دەوێ ئەوە بکە، نەک بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن باسی شتێک دەکەی کە هەموو کەس دەزانێ پێت ناکرێ.
چالاکوان و رۆژنامەنووس قادر نادر لە کورتە راپۆرتێکدا دەڵێت، کاتێک مەسعود بارزانیش سەرۆکی هەرێم بوو داوای لە سکرتێری پارتی فازل میرانی کردبوو کە باغ و باخچەکانی سەر رێگەی هەولێر – پیرمام دابخەن، لە وەڵامدا فازل میرانی پێی گووتوە کەی کوڕ و نەوەو برازاکانی تۆ باغ و باخچەکانی خۆیان داخست، ئەوکات ئێمە دەتوانین باغی خەڵکیتریش بەئاسانی دابخەین.
لە راپۆرتێکی نوسراو عەلی حمە ساڵح پەرلەمانتاری رابردووی گۆڕان کە لە پەڕەی فەرمی خۆی بە داتا بڵاوی کردۆتەوە، بەڵام بێ ناوهێنان باسی نەوەی سێیەمی منداڵانی دەسەڵاتداری هەرێم دەکات و دەڵێت:
منداڵێکیان کەناڵە ئاسمانیەکەی دەباتە قۆناغێکی دیکەو تێچووی (١٦ ملیۆن دۆلارە) و خەرجی مانگانەشی ملیۆنێک دۆلارە.
دیسان بەردەوام دەبێ و دەڵێ مناڵێکیتریان: باوکی (١٣ملیۆن) مەتر زەوی پێداوە بەهاکەی (٦ ملیار دۆلارە) چواردە دەریاچەی دەستکردی تێدایە و هەر ڤێلایەکیان نرخی ١٠ ملیۆن دۆلارە، حەلبوسی سەرۆکی دەرکراو لە پەرلەمانی عێراق دوو دانەی لێ کڕیوە. لە بەردەوامی دا دەڵێ، ئامۆزایەکیان پاڵاوگەی نەوتی هەیە بایی ملیارێک دۆلارە. دانەیەکیتریان لە مەدینە نەخلەی دوبەی ڤێلایەکی کڕیوە بە ٤٥ ملیۆن دۆلار، تەنها بۆ ئەوەی ساڵی جارێک بچێ بۆ پشوودان. هەروەها دەڵێ، زەویەک بە نایاسایی لەسەر منداڵێکیان تاپۆ کراوە بەرامبەر هۆتێل رۆتانا لە هەولێر ٥٠٠ هەزار مەترە.
جا ئومێد خۆشناو ئەگەر بۆت دەکرێ و کە نایکەیت و پێشت ناکرێ خەڵکی هەولێر لە هاوین تێر ئاو بکە و لە زستانیش لە لافاو بیپارێزە، ئەوەی تر کاری تۆ نییە. لە ٢٠٠٥وە لە سەردەمی پارێزگاری نەوزاد هادی وە هەموو پارێزگارەکانی پارتی باسی راکێشانی بۆری نوێ دەکەن لە ئاوی ئیفراز، بەڵام تا ئێستا هیچ بۆریەک نەگەیشتووە.
دیسان لە ساڵی ٢٠١٥ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیاریداوە کە پاڵاوگە نایاسایەکان دابخرێن، بەڵام نەک دانەخراون بەڵکو زیادیان کردووە. چونکە پارتی لە رێگەی ئەو پاڵاوگانە نەوت بە قاچاخ رەوانەی دەرەوە دەکات.