ئا:ئازا پرێس
بەر لە هەشت ساڵ رۆژنامەنووسی لاو ویدات حسێن عەلی کە بە ویدات دهۆکی دەناسرا، لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کرا.
ویدات لە خانەوادەیەکی هەژاری باکووری کوردستان بوو، کۆچی باشووریان کردووە، بۆیە ویدات و براکانی بە دابونەریتی باشوور و دهۆک گەورە بوونە. لە بنەڕتدا باوک و براکانی ویدات، پێشمەرگە و کارمەندی دامودەزگاکانی پارتیبوونە، بەڵام ویدات پێچەوانەی خێزانەکەی، زیاتر دەیەوێت لە نەریتی بنەماڵەگەری و خێڵگەرای و کۆنەپەرستی پارتی رزگاریبێ، هەروەها سۆزیشی بۆ وڵاتی باپیرانی لێدەدا، بۆیە هۆگری بزووتنەوەی ئاپۆچی دەبێ، ئەمەش وای لێدەکات کە وەک دۆستێکی نزیکی لایەنە نەتەوەیەکانی باشوور ببێ، کە خۆی لە پارتی چارەسەری دەبینێتەوە.
کاتێک دەزگای هەواڵنێری رۆژنیوز بانگەوازی دەکات بۆ پێویستیان بە پەیامنێرێک لە دەڤەری بادینان، ویدات بێ سڵکردنەوە لەهیچ شتێک، دەچێ و سیڤی خۆی پێشکەش دەکات. دوای راهێنانێکی کورت لە رۆژنیوز، ویدات دەگەڕێتەوە بۆ دهۆک، دەست بە خەباتی راگەیاندنی دەکات وەک پەیامنێری رۆژنیوز لە دهۆک. دەزگای رۆژ نیوا وای گووت.
بەگوێرەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەڵوەشاوەی هەرێمی کوردستان، ویدات سێ جار لەلایەن ئاسایشی دهۆک بانگ دەکرێ و داوای لێ دەکرێ کە دەستبەرداری بیروباوەڕە نەتەوەیی و دیموکراتیەکانی و خەباتی راگەیاندنی بێ. بەڵام ویدات بێ گوێدانە هەڕەش و داواکانی ئاسایشی پارتی لە دهۆک کە هەمانکات ئاسایشەکان سەربە دەزگای پاراستنی پارتین، خەباتی خۆی بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەکات.
هەر بەپێی زانیاریەکانی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ، مانگێک بەر لە تیرۆر کردنی ویدات بۆ داوینجار بانگی ئاسایش دەکرێتەوە، ئەمجارە جیاوازتر لەجاران داوای سیخوڕی لە ویدات دەکرێ، واتا ویدات وەک سیخورێکی دەزگای پاراستن، لەناو ئاژانسی هەواڵنێری رۆژنیوز، کاری سیخوڕیان بۆ بکات. بەڵام ویدات زۆر بەتوندی داوای دەزگای پاراستن رتدەکاتەوە، سیخوڕەکانی پاراستنیش پێی دەڵێن، (ئیتر کاری تۆ لای ئێمە تەواو بوو).
بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنیوز کە پشبەستوون بە شاهێدحاڵانی ماڵەوە؛ بەیانی رۆژی ١٣-٨-٢٠١٦ ویدات برایەکی بە ماشێنی ماڵەوەیان، دەگەێنێتە نزیکی شوێنی کارەکەی، لە گەڕەکی ماڵتای دهۆک، جێگەی ئاماژەیە (گەڕەکی ماڵتا دەکەوێتە رۆژئاوای دهۆک بەلای قەزا سێمێل و رێگەی نێودەوڵەتی زاخۆ).
لەوکاتەی براکەی ویدات کە ناوی عەبدولرحمانە لێی جیا دەبێتەوە، لەلایەن سیخوڕانی دەزگای پاراستن پەلامار دەدرێ و دەیفڕێنن بۆ سەر رێگای نێودەوڵەتی زاخۆ و نزیک کۆمەڵگەی شاریە، کە چەند کیلۆ مەترێکی کەم لەشوێنی فڕاندنەکەیەوە دوورە.
ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر ئاسایش و پاراستنی پارتی هەرخۆیان، ویدات لەکاتی گیانەڵادا دەگەێنە نەخۆشخانەی دهۆک، بەڵام ئیدی ویدات چاوەڕی مەرگی دوای دەکات، بۆیە توانای نییە یەک وشە بدرکێنێ.
لە ساڵی ١٩٩١ تاکو ٢٠١٦ زۆرترین رۆژنامەنووس و راگەیاندنکار و چالاکوانی سیاسی تیرۆر کراون، زۆربەیان لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدابووە، بەڵام دڕندانەترین تیرۆر و کوشتن، تیرۆری رۆژنامەنووس ویدات حسێن بوو. لەماوەیەکی کەم بەشیش چاویان کوێر کردوە، پەنجەکانی بە ئەشکەنجە شکێنراون، هیچ شوێنێکی بە ساغی نەهێشتراوە، ئەشکەنجە و دوژمنایەتیەکی بەو شێوەیە هیتلەر بەرامبەر یەهودیەکانی نەکردوە، تورکە کەمالیستەکانیش بەرانبەر کوردیان نەکردووە.
بەگوێرەی یاسایەک کە دەڵێت، هەر تاوانێک کە ئەنجامدەدرێت تا بکەرەکانی دەدۆزرێنەوە، تاوانبار دەسەڵاتی هەرێمەکەیە، ئەمە وەک شێوە گشتیەکەی، بەڵام لە تیرۆری ویدات حسێن، بەبێ هیچ گومانێک دەزگای پاراستنی پارتی تاوانەکەی ئەنجامداوە، ئەویش بەو بەڵگانەی خوارەوە:
- هەموو کامیرەی چاودێری گەڕەکی ماڵتا بەوانەی ماڵانیشەوە، لەلایەن دەزگای پاراستن کۆکراونەتەوەو دیمەنە ڤیدیۆیەکان سڕاونەتەوە.
- هیچ تاوانێکی کوشتن تا ئێستا ئەگەر پاراستنی پارتی خۆی ئەنجامی نەدابێ، ئەوا کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ئاشکرا بووە.
- هیچ هێزێک لە دەرەوەی پاراستن یان دەبێ پاراستن هاوبەشی بێ، وەک ئەو تیرۆرانەی پاراستن و میت پێکەوەیان ئەنجامداوە، ئەگەرنا هیچ دەزگاو هێزێکیتر نییە بتوانێ لە ناوەندی دهۆک کاتژمێر ١٠ی بەیانی رۆژنامەنووسێک بفڕێنێ و هەرخۆشی تەرمەکەی بێنێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
- ماوەی ٨ ساڵە گوایە لێکۆڵینەوە دەکرێ لە تیرۆری ویدات، بەڵام لە دەرەوەی گرتنی ئەو کەسانەی کە ویدات چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی لەگەڵ کردوون، کەسێکیتر بانگ نەکراوە بۆ لێکۆڵینەوە.
- بالیۆزخانەو نوێنەرانی وڵاتان لە هەولێر لە تیرۆری ویدات هاتنە دەنگ، بەڵام دوای ماوەیەک بێدەنگ کران، دەگوترێ، راوێژکاری دەزگای پاراستن ئەوانی بەپارە بێدەنگ کرد و هەندێکیشی گۆڕیون گوایە ئەرکی خۆیان لە هەرێم بەباشی جێبەجێ ناکەن.
- راگەیاندنەکانی پاراستن و میت لە هەرێم ویستیان ئاراستەی دۆزەکە بەرەو شوێنێکی هەڵە ئاراستە بکەن، ئەویش گوایە ویدات بەدەستی پەکەکە کوژراوە، گوایە کەوتۆتە ناو ناکۆکیەکانی پەکەکەوە، ئەمە هەمان ئەو سیناریۆیە قێزەوەنەیە کە دەزگای پاراستن بۆ سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنووسی دانبوو، دەیگووت سەردەشت ئەندامبووە لە گرووپە ئیسلامیە رادیکاڵەکان، ئەوان لەناو خۆیان کوشتویانە، ئەو جۆرە قسەو باس و هەواڵانەی کە راگەیاندنەکانی پاراستن و میت دروستی دەکەن، بۆ ئەوەیە سەدی سەد ئاراستەی دۆزەکە بەرەو شوێنێک بەرەن کە هیچ کەس زاتی نەبێ بەدواداچوونی زۆر بۆ کەیسەکەیان بکات.
راگەیاندنی کوردی هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە، دەبێ ئێستا دەزگا سەرکوتکەرەکەی پاراستنی پارتی وابزانێ بە تیرۆری ویدات حسێن سەرکەوتوە، بەڵام ئەوەش دەزانرێ گەندەڵی و هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتێک لەوێوە دەستپێدەکات کاتێک راگەیاندنکار بکوژرێ و مرۆڤ لەسەر هزری سیاسی دادگای بکرێن. رێچکەی ویدات بەردەوامە، ئێمەش وەک راگەیاندنێکی نوێی کوردی، دەمانەوێ لە رێگەی ویدات و سەردەشت و کاوەو سۆران دا بەردەوامی بە گوتار و هەواڵ و راپۆرتەکانی ئەوان بدەین کە هێشتا تەواو نەبووەو زۆری ماوە.