ئا:ئازا پرێس
پارتیەکان ئەوەی بۆخۆیان بکەن رەوایەو ئەوەی لایەنەکانیتریش بیکەن، خیانەت و دژی کوردایەتیە. لەم ماوانەی داوی هۆشیار زێباری دوو لێداونی داوە هەردووکیان لە یەکتری خراپتر و داماوتر، کە هیچ پێوانەیەکی سیاسی و ئەخلاقی و ویژدانی تیا نەبووە.
لەگەڵ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ پارتی کوردی لەلایەن دادگای دەستە هەڵبژاردنەکانی عێراق (تەڤگەری ئازادی، پادێ و بەرەی تێکۆشان) بە بۆنەی دژایتیان بۆ داگیرکەران و پشتگیریان بۆ شۆڕشی نەتەوەی لە پارچەکانیتری کوردستان، هۆشیار زێباری وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی، گوایە خۆیان بە گەورەترین هێزی سیاسی دەزانن لە هەرێم، بەڵام زۆر نابەرپرسانەو و بێ ویژدانانە لە ٧-٨-٢٠٢٤ لە پەڕەی ئێکس دا دەڵێت، بڕیارەکەی دادگا زۆر ژیرانە بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی سێ پارتیە کوردیەکە. ئەمە نەک قسەی سیاسیەکی بە ئەزموون نییە، بەڵکو ئەندامێکی زێرەڤانی یان دەزگای پاراستن زۆرباشتر قسە دەکات.
دیسان سەبارەت بە هەڵبژاردنی رێبوار تەها وەک پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک، هۆشیار زێباری ئەمڕۆ ١٣-٨-٢٠٢٤ هاتۆتە قسە و دەڵێت، ئەو ئەندامانەی عەرەب کە چوونە دەنگیان داوەتە رێبوار تەها و بەشداری کۆبوونەوەی هۆتێل رەشیدی بەغدایان کردووە، خۆیان بۆ مشتێک دۆلار فرۆشتووە!! ئەو دوو ئەندامەی عەرەب زۆر لە ئەندامانی ئێوەی ئەنجومەن بە بەرپرسیارتر جوڵانەوەو چوون دەنگیاندا بە پارێزگارێکی کورد، ئەی ئێوە دەتانویست راکان سەعید جبوری وەک پارێزگار دابنێنەوە ئەوەیان کوردایەتی بوو، بەڵام ئەندامانی عەرەب چوونە دەنگیان داوە بە پارێزگارێکی کورد خۆفرۆشیە بۆ مشتێک دۆلار!! بەلای هۆشیار و حیزبەکەی راکان جبوری زۆرباشتر و کوردتر و گونجاوترە. لەلایەکیتر ئەو رەخنەی هۆشیار زێباری لە پەڕەی ئێکس کردوویەتی هەمان قسەی راکان جبوریە کە بۆ ئەندامانی عەرەبی بەشداربووی کۆبوونەوەی بەغدا کردبوو.