ڕێبەر عەلی کەرکوکی/ پردێ-کەرکوک
١٦ی ئاب وەک ساڵڕۆژی دامەزراندنی “پارتی دیموکراتی کورد” دادەنرێت، کە دواتر ناوەکەی دەگۆڕێت بە “پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق”. پەدەکە-عێراق سەرەتا وەک پارتێکی کۆمەڵە ڕۆشنبیرێک لەسەر میراتی حزبی هیوا و چەند گرووپێکی دیکەی سیاسی دادەمەزرێت. بەڵام لەڕێدەرچوونی ئەو پارتە ئەوکاتە دەستپێدەکات کەوا مەلامستەفای بارزانی دەکەن بە سەرۆکی ئەو پارتە. لەوکاتە بەدواوە، پەدەکە-عێراق دەبێتە دەسکەلای دەستی بنەماڵەکەی مەلای بارزانی دژ بەهەموو ئەو خێڵ و هۆزانەی کێشە و ناکۆکییان لەگەڵ ئەو بنەماڵەیەدا هەبوو، دواتریش دەبێتە مەقاشی دەستی ئەو بنەماڵەیە دژ بەهەموو کورد و هەموو ئازادیخواز و شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەرانی کورد. لەهەمووی مەرگەساتتر ئەوە بوو کاتێک خودی پارتەکە و بنەماڵەکەش دەبنە مقاشی دەستی داگیرکەران و دەوڵەتانی دیکە. بەڵام ئەمە چۆن روویدا؟
بە زاڵبوونی بنەماڵەکەی مەلای بارزانی-کە لەڕاستیدا مەلا نەبووە، فڕی بە ئایینیشەوە نەبووە- بەسەر پەدەکە-عێراق، ئەوا پەدەکە-عێراق وەک ئامڕازێکی مۆدێرنی سیاسی، بە ئەقڵییەتی عەشایەریی و ژەنگگرتووی مەلای بارزانی لەقاڵپ درا. لەوکاتە بەدواوە؛ مێژووی پەدەکە-عێراق دەبێتە مێژووی بەمقاشبوونی مەلای بارزانی. ئیتر پەدەکە-عێراق لەپارتێکی سیاسیی مۆدێڕنەوە ئامڕازی گەمە و ململانێیە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەمەش دەبێتە مەکۆی بەکرێگیراویی و خیانەتکاریی و دژەشۆڕش.
باشە، ئەم مەلای بارزانییە، دواتریش کوڕەکانی و نەوەکانی و نەوەی نەوەکانی، چ کارەکتەرێکیان هەبووە و هەیە، تا پەدەکە-عێراقیان بەو ریسواییە برد، کە ئێستا لەلوتکەی ریسوایی دایە؟.
بەرلەهەموو شتێک، پێویستە بزانین کە مێژووی بارزانییەکان، ئەوانەی نیشتەجێی گوندی بارزان و دەوروبەریین، تارادەیەکی زۆر جیاوازە لەو مێژووەی لە مەلا مستەفاوە دەستپێدەکات. هەروەها لەمێژووی بنەماڵەی بارزانیشدا، چەند کەسێتییەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر دەرکەوتوون، وەک هەردووو شێخ عەبدولسەلام بارزانی و چەندین کەسی دیکەی نیشتمانپەروەر و نووسەری وەک کاک ئەیوب بارزانی و عەبدولمسەوەر بارزانی دەرکەوتوون، کە مێژووی ئەوانیش تەواو جیاوازە لەو مێژووەی کەوا بە خودی مەلا مستەفای بارزانی بەدواوە دەستپێدەکات.
مەلا مستەفا بارزانی وەک کەسێکی ئاغا و داخ لەدڵ و جنێودەر و هیچ لەبارا نەبووی فووتێکراو، لە سەردەمێکدا کە دەبووایە ڕۆشنبیرە دامەزرێنەرەکانی پارتی دیموکراتی کورد، خۆیان جلەوی سەرکردایەتی و ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو پارتەیان لەدەست و ئەستۆ گرتبا، بەڵام بە لۆژیکی نالۆژیکیانەی خۆیان گوایە ” بۆئەوەی پارتەکە ببێتە پارتێکی جەماوەریی فراوان، کەسانی دەرەبەگ و عەشایری وەک مەلا مستەفا بارزانی و کاکەزیادی کۆیە و شێخ لەتیف و چەندینی دیکە، بهێننە ریزی پارتەکەیان و جلەوی سەرکردایەتیان بدەنەدەست..” بەم لۆژیکە سەقەت و نائەقڵانی و کۆنەپەرستانەیە، پارتەکە رادەستی ئەو جۆرە کەسانە دەکەن. دیارە بارزانی لە کەسانی دیکەی هاوشێوەی دەسەڵاتخوازتر و تەماحکارترە، بۆیە لەماوەیەکی کەمدا وەک زەعیمێکی کوردی دەبینرێت، هەر خودی ئەو رۆشنبیرە دامەزرێنەرانەی وەک ئیبراهیم ئەحمەد و هەمزە عەبدوڵڵا و عەلی عەبدوڵلا و ئەوانی تر، بۆ ماوەی دە ساڵ فوو لە کەسێتی بارزانی دەکەن، کە هێشتا هەر لە رووسیای سۆڤییەتییە و نەک هەر هیچ رەنج و خەباتێکی لەو پارتەدا نەکردووە، تەنانەت هیچ ئاگای لە دۆخی کوردستانیش نەبووە و لەساڵانی نێوان (١٩٤٧-١٩٥٩) بە پارەی سۆڤییەت ژیاوە و بۆخۆی ژنێکی رووسی هێناوە و بەخەونیش بیر لەوە نەکردۆتەوە ببێتە سەرۆکی ئەو پارتەی کەوا کۆمەڵێک رۆشنبیر دایانمەزراندووە، چونکە بەلۆژیکی عەشایریانەی خۆیەوە پێی وابووە “پارتایەتی کارێکی عەیبەیە” و تەنانەت خۆی پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی پارتی گووتوویەتی: ” پێمبڵێن سەگ بەس پێم مەڵێن سەرۆکی پارتی” کەچی ئەو رۆشنبیرانە هەر لەسەر لۆژیکە نالۆژیکیەکەی خۆیان پێداگربوونە، تەنانەت دوای شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ هەر ئەو رۆشنبیرانە تکا و رجا لە عەبدولکەریم قاسم دەکەن رەزامەندی ئەوە بدات کە مەلا مستەفا بگەڕێتەوە کوردستان. ئیدی بەم شێوەیە مەلا مستەفا لە پڕێکدا دەبێتە زەعیم و سەرۆکی پەدەکە-عێراق. دوای ئەوەی مەلا مستەفا دەبینێت، سەرۆکایەتیکردنی پارتی قازانجێکی زۆری لێدەکات و رێزی زیاتری لێدەگیردرێت و وەک زەعیمێک چاوی لێدەکەن، ئینجا دەست بە بێکاریگەرکردن و دەرکردن و ناوزڕاندن و تەنانەت کوشتنی ئەوانە دەکات کە دامەزرێنەری ئەو پارتە بوون و هەر ئەوانیش ئەویان کردووە بە زەعیم و لە سۆڤییەتەوە هێناویانەتەوە عێراق و کوردستان. بەمشێوەیە مەلا مستەفا و کوڕەکانی “ئیدریس و مەسعود” دەبنە خانەیەکی شێرپەنجەیی نێو ئەو پارتە و بەتەواوی کۆنتڕۆڵی پارتەکە دەکەن. سەرەتا هەموو ئەوانە دەردەپەڕێنن کە دژ بەو باڵادەستی و کۆنتڕۆڵکردنەی پارتەکەن لەلایەن مەلا مستەفا و هەردوو کوڕەکەی. تەنانەت کوڕەکانی تریشی دەردەپەڕێنن، ماڵانی خاڵانی خۆیشی کە بنەماڵەی حەمەدئاغای مێرگەسۆریین، دەردەپەڕێنن، هەروەها شێخ خورشید و لایەنگرانیشی دەردەپەڕێنن. بۆ ئەم مەبەستە دەزگای پاراستن درووست دەکەن، چەندان زیندانی شاراوە و مەترسیداری وەک رایات و خەلان و ماوەت و کانی ماسی و هیتری درووستکرد. سەدان و هەزاران ئەندام و لایەنگری حزبی شیوعی کوشتووە، هەر بۆیەکەم جار ئەو، کولتووری قێزەونی شەڕی براکوژی و ئینشیقاقی لەناو بزووتنەوەی چەکداریی کوردی هێنایە کایەوە. چەندان سەرکردەی دڵسۆزی رۆژهەڵات و باکووریان زیندانی و غافڵکوژ کرد.
لەڕاستیدا ئاوا خۆزاڵکردنی مەلا مستەفا لەناو ئەو پارتە و درووستکردنی دەزگای بەدناوی وەک “پاراستن” و درووستکردنی ئەو هەموو زیندانانە هی ئەقڵی عەشایریی خودی مەلا مستەفا نەبووە، بەڵکو ئەمە ئەقڵی ئەو دەوڵەتانە بووە کەوا لە ساڵی ١٩٦١وە پەیوەندی لەگەڵدا درووست کردوون، لەو ساڵەدا پەیوەندی راستەوخۆ و هەواڵگریانەی لەگەڵ ساواک درووست کردووە و لەڕێی ساواکیشەوە لەگەڵ هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و بریتانیا و ئەمریکا و تورکیا پەیوەندی درووست کردووە. بەمەش ئەو دەوڵەتانە هەم لەڕێی مەلا مستەفا بارزانییەوە خودی پارتی و بزووتنەوەی چەکداری کوردیان کۆنتڕۆڵ کرد و خستیانە ژێر رێکی خۆیانەوە و وەک کارتێک بەرامبەر بە رژێمەکانی ئێراق بەکارهێنا، هەمیش مەلا مستەفا بەهۆی ئەو پشتیوانی و ئەقڵپێدانەی ئەو دەوڵەتانە کۆنترۆڵی ئەو پارتەی کرد و هەموو نەیارانی خۆی تەسفیەکرد. ئیتر لەو کاتە بەدواوە، ئەو پارتە دەبێتە پارتێکی بنەماڵەیی وابەستە بەو دەوڵەتانە و چۆنیان ویستووە بەوشێوەیە بەکاریان هێناوە.
دوای ئاشبەتاڵە گەورەکەی ساڵی ١٩٧٥ و دزینی زیاتر لە سەد ملیۆن دۆلاری بودجەی بزووتنەوەی ئەیلول و راکردنیان بۆ ئێران، دیسان بۆ ئەوەی گۆڕەپانی سیاسی و چەکداری هەر لەدەست خۆیان بێت و بازرگانی و سیاسەت بە دۆزی کورد لە باشووری کوردستان بکەن، هەر ئەو دەوڵەتانە بەهاوکاری هەردوو کوڕەکەی مەلا مستەفا، “ئیدریس و مەسعود” قیادە موەقەتەیەکیان بۆ ئەو پارتە درووستکرد و بوونەوە مقاشی دەستی ئەو دەوڵەتانە، کاتێک کە رژێمی شاهەنشا دەڕووخێت، دەبنە جاشی خومێنی و چەندین کۆمەڵکوژیی بەسەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەهێنن، هەر بەوەش ناوەستن یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکان بەسەر “یەنەکە” دێنن و نزیک بە حەوسەد پێشمەرگەیان لەهەکاریی کۆمەڵکوژ دەکەن. لەساڵانی هەشتاکانیش لەسەر هەمان سیاسەتی بەکرێگیراوێتی بەردەوام بوون و ئاگری شەڕی براکوژییان خۆشکرد و سەدان و هەزاران پێشمەرگەیان بەکوشت دا.
لەدوای راپەڕینیشەوە، بەدەست تێکەڵکردن لەگەڵ هەر چوار رژێمەکانی داگیرکەری کوردستان “تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا” و ئەو دەوڵەتانەی لەساڵانی سەرەتای شەستەکانەوە پەیوەندی هەواڵگرییان لەگەڵدا هەیە، چەندین جەولەی شەڕی خیانەت و براکوژییان لەگەڵ “پەکەکە، یەنەکە” بەرپاکرد. هەر ئەوەندەی دەستیان بە سامانی ژێرخاک و سەرخاکی نیشتمان گەیشت، هەر لە کەلوپەلەکانی بەنداوی بێخمەوە تا دەگاتە بچووکترین شتی ئەم نیشتمانەیان دزی و تاڵان کرد.
ئێستا مەسعودی مەلا مستەفا و نەوەکانی نزیکەی دووسەد ملیار دۆلاریان لە بانکەکانی ئەمریکا، ئەوروپا و تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو هەیە. ئەمەش بەرهەمی هەموو ئەو خیانەت و بەکرێگیراوییەیانە کە لە ساڵی ١٩٦١وە تا ئێستا کردوویانە، ئەگەر ئەو دووسەد ملیار دۆلارە قازانجی خیانەتەکانیان بێت، ئەوا لەلایەکی دیکەوە، بەرهەمی خوێنی هەزاران گەنجی خێرلەخۆ نەدیوە، بەرهەمی دەیان کۆمەڵکوژی وەک مێرگەسۆرییەکان-١٩٧٥، هەکاری-١٩٧٧، هەولێر-١٩٩٧،ە. هەروەها بەرهەمی خوێنی لیستی هەزاران ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری هەر چوار پارچەی کوردستانە، کە بە غافڵکوژی و تیرۆر، بە تاک و کۆ، بەدەستی کوڕانی مەلا مستەفا و کوڕەکانی و نەوەکانییەوە لەناوبردراون.
ئەوەی باسم کرد، مشتێکی بچکۆڵەیە لە جۆخینێک، نەک خەروارێک، لە تاوان و خیانەت و بەکرێگیراوێتی و نەهامەتی و کاولکاریی و کۆمەڵکوژی و تیرۆر و سەدان نەهامەتی تر، ئیتر لەم ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی پەدەکە-عێراق، کە ئەمە بەرهەمەکەی بۆ بنەماڵەی مەلا مستەفا و کوڕەکانی و نەوەکانی بێت، ئەمەش بەرهەمەکەی بۆ گەلی کورد بێت، دەبێت رۆژی ١٦ی ئابی هەر ساڵێک چۆن یاد بکرێتەوە؟ راستتری یادێک و باشترین ناوێک لەو رۆژە بنرێت، دەبێت، بە “رەشترین رۆژ” لەمێژووی کوردستان دەستنیشان بکرێت. لەو کاتەوەی ئەو پارتە کەوتۆتە دەست بنەماڵەکەی مەلا مستەفا بارزانی هیچ کوردێک لەهیچ بەشێکی کوردستاندا خێری لەخۆی نەبینیوە. تەنیا ئەو بنەماڵەیە و ئەوانەی بوونەتە چلکاوخۆری ئەو بنەماڵەیە، ملیۆنان و ملیاران دۆلاریان دەستکەوتووە، لەگەڵ مێژوویەکی پڕ شەرمەزاریی و خیانەت و رووڕەشی.
بەکورتی: پەدەکە-عێراق و بنەماڵە خائینەکەی مەلا مەستەفا، لە ساڵانی نێوان ١٩٦١-٢٠٢٤ بوونەتە مەکۆی خیانەت و بەکرێگیراوێتی دژ بە گەلی کوردستان، ناوەندی پیلانگێڕیی دژ هەموو بزووتنەوە ئازادیخوازەکان و کەسایەتییە نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕەکان لەهەر چوار پارچەی کوردستان، سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانی و شکستەکانی کورد، رێبازی خۆچەماندن و سواری سەریخۆی بوون، قوتابخانەی پێگەیاندنی سیخوڕێتی و بەدئەخلاقی و فاحیشەیی، شێرپەنجەی نێو جەستەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووری کورد. بۆیە ١٦ی ئاب وەک رەشترین رۆژ، تاریکترین یاد لە مێژووی کوردستان و یادەوەری گەلی کورددا دەمێنێتەوە. ئێستا لە جیهاندا هەر شتێک رۆژێکی بۆ دانراوە، وەک رۆژی ڤالانتاین، رۆژی هاوڕێیەتی، رۆژی ٨ی مارس، رۆژی ١ی ئایار، بەڵام تەنیا “رۆژی خیانەت” دەستنیشان نەکراوە، بۆیە لەبەرئەوەی خیانەتەکانی ئەو بنەماڵە و ئەو پارتە، نموونەیان لە هەموو دونیادا نەبووە و نییە، بۆیە دەبێت ١٦ی ئاب وەک “رۆژی خیانەت-رەشترین رۆژ” لەمێژووی کورد و دونیادا ناوزەد بکرێت.
ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی