ئا:ئازا پرێس
پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ دامەزراوە، بەڵام لە دوای دامەزراندنی کۆمار و گەڕانەوەی بارزانیەکان لە یەکێتی سۆڤیەت، م.بارزانی یەکەم پاکتاوی ناوخۆی دەستپێکرد، ئەویش هەمزە عەبدوڵای بەبێ ئەنجامدانی هیچ کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک لە سکرتێری حیزبی دەرکرد و تاوانباری کرد بە شیوعی بوون.
لە ساڵی ١٩٦٤ ناکۆکی ناوخۆی پارتی گەیشتە ئاستی لوتکەی رێکخستنی، لەنێوان سکرتێر ئیبراهیم ئەحمەد و سەرۆک م.بارزانی، ئەویش بەڕاونانی ئیبراهیم ئەحمەد و باڵەکەی کە باڵی کۆمیتەی ناوەندی دەناسران بۆ ئێران تەواو بو
و، دواتر تاوانبارکران بە جاشی ٦٦.
دوای دامەزراندنی دەزگای پاراستن لە ١٩٦٨ پاکتاوکاری لەناو پارتی بووە جەستەیی، بۆیەش هەموو ئەوانەی پاکتاوکراون جا چ لەناوخۆی حیزب بووە، یان لە شۆڕشگێڕ و کەسایەتیە نیشتمانییەکانی پارچەکانی تر کە پارتی و بارزانی وەک کۆسپ لەبەردەم سیاسەتەکانی خۆی بینیوە، ئەوە بەجەستەی تیرۆری کردووە.
گەورەترین پاکتاوی ناوخۆی پارتی لە ساڵانی حەفتا ئەویش کوشتنی ١١ کەس بوو لە بنەماڵەی حەمەد ئاغای مێرگەسۆری و کوڕەکانی بوون لە ١٩٧٥. لە پاکتاوی لایەنە سیاسیەکانیش دوای ئاشبەتاڵ و لەسەردەمی هەرە لاوازی خۆی بەدەستی ئیدریس و مەسعود، کوشتن و لەناوبردنی ٧٠٠ ئەندام و سەرکردەی یەکێتی و بزووتنەوەی سۆسیالیستی بوو لە ١٩٧٨. لە ژنانیش پاکتاوی جەستەی مارگرێتە جۆن بوو کە تائێستاش دەزگای پاراستن چۆنیەتی پاکتاوکردن و هۆکاری پاکتاوکردنی شاردۆتەوە.
دەزگای پاراستنی پارتی هەموو ئەو پاکتاوکاریانەی کە دەیکات، هەوڵدەدات شوێن پەنجەی لەسەر رووداوەکان نەمێنێت، تاکو خۆیان بێتاوان دەرخەن، یان بیخەنە ئەستۆی هەندێک لایەنیتر. زۆر کاتیش دەڵێن خەتای خۆیان بوو، ئێمە نەمان دەویست بەڵام روویدا، نمونە لە کوشتنی سلێمان موعینی و هاوڕێیانی. یان لە بەکۆمەڵ کوشتنی ئەندامانی حیزبی دیموکرات لە ١٩٨١، گوتیان تاوانبار ئەوانەن کە تەرمی م.بارزانیان دەرخستووە، دواتر گوتیان لەبەر دەست تێکەڵ کردنی قاسملو بووە لەگەڵ رژێمی بەعس، وەک مەسعود بارزانی لە پەرتوکی بارزانی و بزووتنەوەی کوردایەتی باسی کردووە.
لە دوای راپەڕین لیستی ئەو کەسانەی دەزگای پاراستن پاکتاوی کردوون گەیشتۆتە هەزاران لە ژنان و پیاوان، سیاسی و مەدەنی و کەسایەتیە ئیداری و پارێزەر و کوردی پارچەکانیتر.
دەزگای پاراستن لە ئێستا بەچەند شێوەیەک لەناو پارتی و لەناو حکومەتی هەرێمیش خۆی رێکخستووە، نمونە هەموو ئەندامێکی دژە تیرۆر، ئەندامانی ئاسایش، زێرەڤانی، چەکدارانی رۆژ، لەناو خۆشیان دەڵێن رێکخستن و بارەگای بارزانی، هەموو ئەوانە ناتوانن لە یەکێک لەو کارانەدابن ئەگەر چالاکی و راپۆرت نەدەن بە دەزگای پاراستن.
ئەو چەند کەسەی کە لەم لیستەی خوارەوە دەیبینن ئەوانە قوربانی دەستی دەزگای پاراستنن، بەڵام بۆ هەریەکیان چیرۆکێک دروست کراوە کە بێجگە لەخۆیان کەسێکیتر باوەڕی پێناکات،
نمونە جەوهەر نامیق سالم، لەبەر ناکۆکی لەگەڵ خودی مەسعود و کوڕەکانی وازی لە سکرتێری پارتی هێنا، بەڵام گوترا کە زەهر خوارد کراوە. فەریدون جوانڕۆی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسیاری میحوەر باشیک و خەبات، کاتژمێر سێی شەو لە خەبات بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی درع لێیدراو نەیان هێشت زیندو بمێنێ، هۆکاری ناکۆکی ئەویش درێژکردنەوەی تەمەنی سەرۆکایەتی مەسعود بوو. دواترینیان کە موحسین رەشیدە کە وەک نەخۆشی دەرونی بەناوکرا، ئەوانەی تریش هەر یەکەیان چیرۆکێکی هەیە کە ناکۆک بووە لەگەڵ بنەماڵە، بەتایبەت مەسعود و کوڕەکانی، بۆیە بڕیاری لەناوبردنی دراوە.
دەزگای پاراستن تا ئێستا دوو بەرپرسیاری هەبوو یەکەم مەسعود بووە، دووەمینیش مەسرور بووە، ئەوانەیتر لەو دەزگایە وەک کارمەندی ئەوان کاریان کردووە، نمونە ئازاد بەرواریو کەریم سنجاری یان ئێستاش وەیسی و موکسی بارزانی.
لەئێستا دەزگای پاراستن بۆتە هاوبەشێکی سەرەکی دەزگای میتی تورکی وەک چۆن ساڵانی حەفتا ببووە هاوبەشی سەرەکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی، بۆیە زانیاریەکان باس لەوەدەکەن کە کوڕانی مستەفا بارزانی، دواتریش کوڕانی مەسعود هەموویان چوونەتە ئیسرائیل و لە دەزگای مۆساد راهێنانیان پێکراوە. لە داوی ساڵی ١٩٩٢ ئەندامانی دەزگای پاراستن بەشی زۆریان بەهاوبەشی لەگەڵ ئەندامانی میتی تورکیا راهێنانیان پێ دەکرێ و پێکەوەش چالاکیە پاکتاوکاریەکانیان ئەنجامدەدەن. نمونە لە ئێستا هەموو بنکە و بارەگاکانی پارتی و ئاسایش و دەزگاکانی بەناوی حکومەت وەک دەزگای پاراستن بۆ هەموو جموجۆڵ و چالاکیەک کراوەنە، هەموو ئەندام لەو بنکە و بارەگایانە دەزگای پاراستن کەی بیەوێ دەتوانێ راپۆرتیان لێ داوا بکات، یان بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی پاراستن – میتیان بکات.
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئازا پرێس، بارەگاکانی پارتی لە پشدەر، رانیە، سۆران و شەقڵاوە پێکەوە لەلایەن پاراستن و میتەوە بەڕێوە دەچن و هەموو ئەو ئەندام و کادیر و لایەنگرانەیان بۆ زانیار کۆکردنەوەو کار ئاسانی بۆ میت خستۆتە ناو چالاکی.
وێنەکانی سەرەوە بەشێکن لە قوربانیانی دەستی دەزگای پاراستن.