ئا:ئازا پرێس
بەگوێرەی چاوپێکەوتنێک کە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی بەرەی تورکمانی رابردووی سەر بە میتی تورکیا، بەئاشکرا باسی رێککەوتنی بەرەی تورکمانی پارتی دەکات و زیاتریش پێدادەچێ و دەڵێ ئێمە هەڵوێستمان یەکە. ئەمەی خوارەوە پووختەی چاوپێکەوتنەکەیە کە لە تیڤی جێگری سەرۆکی پارتی ئەنجامدراوە
ئەرشەد ساڵحی: ئێمە و پارتی چوار کورسین، لێرەوە رایدەگەیێنم، من ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی و بە نوێنەرایەتی بەڕێز حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، لێرەوە من رایدەگەیێنم ئێمەی هەر چوارمان هەڵوێستمان یەکە، هەڵوێستی یەکخراوی عەرەبمان دەوێت. ئەم قسەیە با ئەمڕۆ برایانی عەرەب وەکو هەڵوێستی فەرمی ئێمە دایبنێن. ئێمە دەمانەوێت بزانین برایانی عەرەب هەڵوێستیان جێگیرە یان نا. دەبێت ناکۆکییەکانیان فڕێ نەدەنە سەر کەسانی دیکە.
تیڤی پارتی: ئەمە هەواڵێکی نوێیە، کەواتە بەرەی تورکمانی عێراقی و پارتی، ئێوە رێککەوتنتان هەیە و ئێوە وەکو چوار کورسی پێکەوە دەچنە نێو ئەم دانوستاندنەوە؟
ئەرشەد ساڵحی: ئەم قسەیە راستە و روونە، ئەمە تێڕوانینی هاوبەشمانە، بەڵام چاوەڕێی هەڵوێستی هاوبەشی عەرەبی دەکەین، هەڵوێستی عەرەبی تاوەکو ئێستا نادیارە و ناکۆکی نێوخۆیی هەیە لەنێوانیان، بەڵام دەیانەوێت ئەم ناکۆکییانەیان هەڵدەنە سەر پارتی یان بەرەی تورکمانی، ئەم قسەیە فەرمییە و چاوەڕێی هەڵوێستیان لێ دەکەین، با راشکاوبن، ئایا پێنج کورسییەکەیان هەیە تاوەکو بێن لەگەڵمان و حکومەتی خۆجێی کەرکووک پێکبێنین، یان ئەمە تەنیا بانگەشەیە بۆ ئەوەی کاتی زیاتر وەربگرن. ئەمە راگەیێندراوێکی فەرمییە، چاوەڕێی هەڵوێستێکی عەرەبی هاوبەش دەکەین، ئێمە چوار کورسیمان هەیە، من و بەڕێز حەسەن تۆران لەگەڵ پارتی لەسەر ئەمە رێککەوتووین.
تیڤی پارتی: رێککەوتنتان وەکو بەرەی تورکمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، خاڵەکانی چین کە لەسەری رێککەوتوون لەبارەی پۆستەکان، پۆستی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن، قایمقام، دەکرێت باسی ئەو خاڵانەمان بۆ بکەی کە لەسەری رێککەوتوون لەنێوان بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان؟.
ئەرشەد ساڵحی: رێککەوتنەکەمان روونە، هەڵوێستی بەرەی تورکمانی و هەڵوێستی پارتی روونە، رێککەوتووین لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستەکان بە سێکوچکەیی، بە شێوەیەک پۆستەکە بۆ ساڵی یەکەم بۆ کورد بێت و بۆ ساڵی دووەم بۆ تورکمان بێت و ساڵی کۆتاییش بۆ برایانی عەرەب بێت. ئەم رێککەوتنە هەیە و پێنج پۆستی سەرەکی ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکە، پێکهاتەی کورد و پێکهاتەی تورکمان و پێکهاتەی عەرەب. ئەمە وادەکات کە رێککەوتنی زیاتر هەبن بۆ پاراستنی ئاییندەی کارگێڕی و سیاسی و ئەمنی کەرکووک.
پارتی وەک حیزب تائێستا رێککەوتنی خۆی لەگەڵ بەرەی تورکمانی سەر بە میت دەشارێتەوە، لەلایەکیتریش راگەیاندنەکانی پارتی دەڵێن مەسعود بارزانی گوتویەتی ئێمە کورد حەوت کورسین نەک دوان، بەگوێرەی قسەکانی ئەرشەد ساڵحی دەردەکەوێ کە ئەوان و پارتی چوار کورسین و هەڵوێستیشیان یەکە، لێرە ئەوەی پێویستە بگوترێ، یان راگەیاندنەکانی پارتی لەسەر ناوی سەرۆکەکەیان درۆ دروست دەکەن، یان ئەوەتا سەرۆکەکەیان دەیەوێ خۆڵ بکاتە چاوی خەڵک.
لە رابردوو ئازاپرێس بە دوو راپۆرتە هەواڵ، ئاماژەی بەوە کردبوو کە مەسعود بارزانی، لەگەڵ عەرەبی سوونە و تورکمان خەریکە کورد لە کەرکوک دەفرۆشێت، دیسان ئەوەشی روونکردەوە کە پارتی، تورکمان و سوونە دەنە دەدات لە کەرکوک تاکو لە دژی پارێزگاری هەڵبژێردراو خۆپیشاندان بکەن و ئاژاوەو ئاشوب دروست بکەن. راستیەکان بە بەڵگە روونتر دیاردەبن.