ئا:ئازاپرێس
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لەندەنەوە بەڕێوە دەچێ و زۆرترین ئامار و بەڵگەی لایە سەبارەت بە دۆخی سوریەکان، بەتایبەتیش بارودۆخی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هەمانکات دۆخی گرووپە تیرۆریستیەکانی تورکیا لە سوریا بەردەوام بەڵگە دەکات.
لەدواین لێدوانی لە پەڕەی فەرمی خۆی، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:
تائێستا ٥٥٠ چەكداری سووری لە هەرێمی كوردستانن و تورکیا بۆ شەڕی دژی پەكەكە بەکاریان دێنێت.
لە بەردەوامیدا روانگەی سوریا دەڵێت، ئەو چەكدارانە زۆربەیان توركمانی سوورین و توركیا بە پارەیەكی كەم دەیانهێنێتە هەرێمی كوردستان و لە دژی پەكەكە شەڕیان پێدەكات، زۆربەشیان لە گرووپە تیرۆریستیەکانی سوڵتان سلێمان و سوڵتان موراد و حەمزەن. سەرەتا ژمارەیان نزیکەی ١٥٠ تیرۆریست دەبوو، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە زۆر زیادی کردووە.
هەڵسەنگاندنی روانگەی سوری بۆ تیرۆریستە سوریە چەکدارەکان: توركیا دۆخی ئابووری سووریای قۆستووەتەوە و بەپارەیەكی كەم گەنجانی سووریا هەڵدەخەڵەتێنێت و دەیانكاتە چەكداری خۆی و بۆ مەرامە سیاسییەكانی بەكاریان دەهێنێت. بەگوێرەی زانیاریەکانی روانگەی سوری، تورکیا ئەو تیرۆریستانەی دەیانهێنێتە شەڕ لە کوردستان مووچەکەی بەرز کردوونەتەوە لە نێوان ٢،٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ دۆلار، ئەمەش زۆر زیاترە لە کرێی ئەو بەکرێگیراوانەی کە لە باکووری ئەفریقیا شەڕیان پێدەکات.
ڕوانگەی سووریا ئاشكرای كردووە: لە ٢٢ی مانگی ڕابردوو، ژمارەیەك لەو چەكدارانە لە پێكدادانێكدا پەكەكە گەمارۆی داون و دەستگیری كردوون. بەڵام تائێستا لەلایەن فەرماندارانی گەریلای پەکەکە ئەو یەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەمە دووەمین بەڵگە و زانیاریە سەبارەت بە بوونی گرووپە چەتەکانی سوریا کە هێنراون بۆ بادینان، بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای تورکیا شەڕی گەلی کورد دەکەن و رەز و باغی خەڵک دەسوتێنن.
پێش ئێستاش سەعدی ئەحمەد پیرە، لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠٠ تیرۆریستی چەکداری سوری لە بادینان بۆ شەڕی کورد جێگیرکراون.
بەهەمانشێوە لەماوەی رابردوو فەرماندارانی گەریلا چەندجارێک بانگەوازیان لە حکومەتی عێراق کرد کە تورکیا تیرۆریستی سوری هێناوەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام پێچەوانە لە جیاتی سنورێک بۆ پێشێلکاری و دەستدرێژیەکانی سوپای تورکیا دابنێ، پەکەکەی خستە لیستی رێکخستنی قەدەخەکراو.
روانگەی سوری زانیاری زیاتر دەدات، ئەویش بەوەی کە ژمارەی تیرۆریستان کە لە شەڕدان لەبەرانبەر شۆڕشگێڕانی کورد گەیشتۆتە ٥٥٠ چەکدار، وەک دەگوترێ ئەو چەکدارانە بە جل و بەرگی سەربازی تورکیا و جاشە کوردەکانن، بۆیە زوو ناناسرێنەوە.