ئازاد رواندزی
بەشی یەکەم
لەکوردستان لەبەر ئەوەی دەمێک ساڵە هێڵی خیانەت و نیشتیمان پەروەری شانبەشانی یەکترەوە هاتوون، بۆیە بەزەحمەت لەیەکتری جیا دەکرێنەوە، زۆرکات کابرای جاشیش دەڵێ ئێمەش کوردایەتیمان کردووە، یان پیاوی رژێمی دەسەڵاتداربووە یان چۆتە سەربازی بۆ داگیرکەر، بەڵام زۆر بەئاسایی وەری گرتووە و خۆی جیانابینێ لەو کەسانەی کە لە تێکۆشانی نیشتمانی دابوونە.
لەباشووری کوردستان لەبەر ناڕوونی لە هێڵی ئایدیۆلۆژیا و هزری بزووتنەوە چەکداریەکان، بۆیە تێکەڵەیەک دروست بووە، لە خەتی شۆڕشگێڕی و وڵاتپارێزی. ئەگەر لە مێژوو چەند نمونەیەک وەربگرین زیاتر بابەتەکەمان بۆ روون دەبێتەوە؛ ئەنجامی ململانێ لەسەر داواکردن بۆ ئاگربەست و رێککەوتن لەگەڵ رژێمەکەی عەبدولسلام عارف لە رێگەی شێخ ئەحمەدی بارزانی کە هیچ پلە و پۆستێکی لە بزووتنەوەی چەکداری ئەیلول نەبووە، ناکۆکی دروست دەبێ، ئەنجامی ئەو ناکۆکیە دەچێ هاتا جیابوونەوە. ئەو جیابوونەوە دەگاتە ئەوەی کە گرووپی ئیبراهیم ئەحمەد و ج.تاڵەبانی خۆیان باوێژنە باوەشی هەمان ئەو رژێمەی کە داوای ئاگربەست و دانوسانی کردبوو، بەڵام لەلایەن سەرۆکایەتی پارتی ئەوکات بە جاشی ٦٦ بەناوکران. (جاش وشەیەکی بازاڕیە بۆ ئەوانەی وەک تاک دەبنە بەکرێگیراوی دەسەڵاتی داگیرکەر لەسەر کوردستان، بە زمانی فەرمی بەواتای خیانەت دێت) واتا کۆمەڵەی جیابووەوە خیانەتیان لە بزووتنەوەی ئەیلول کرد. بەڵام ئایا راستیەکەی وایە، بێگومان وەک ج.تاڵەبانی لە بیرەوەریەکانی لە دیداری تەمەن باسی دەکات و دەڵێت، ئەگەر دەرفەتی گفتوگۆ و کاری هاوبەش هەبووایە و مستەفا بارزانی بە هێزی چەک راوی نەنابووینایە، هەڵبەت چ کاتێک بیرمان لەوە نەکردبووەوە بچینە باوەشی رژێم. دواتریش ئەوەمان بینی ئەو دەستەیی بە جاش و خائین بەناوکران، لە دوای ساڵی ١٩٧٥ ئەوان هاتنە گۆڕەپانی سیاسی و چەکداری و دەستیان بە بزاڤی نوێی کوردستان کردەوە.
لە دوای ساڵی ١٩٧٧ لەژێر ناوی پیلانگێڕی لەپارتی دەکرێ، پارتیەکان بەناوی قیادە موقەتە هێرشی هەموو ئەوانەیان کرد کە دەیانویست دەستبە چالاکی چەکداری بکەن، دوای تێکشکان و دەستبەردانی پارتی لە شۆڕش و ئاوارەبوونیان بۆ ئێران. بۆیە ئەگەر سەیر بکەین سەرجەم ئەو حیزب و گرووپ و لایەنەکانیتر لە چوار پارچەی کوردستان کەوتنە بەر نەفرەتی چەکداری پارتی و هەریەک و ناوێکیان لێنان، بە یەکێتیان گووت دەچن چەک دێنن لە سوریا بۆ لێدانی ئێمە، بەڵام ئەوان دەستی خۆیان وەشاند و ٧٠٠ کەسی بێ چەکیان لێکوشتن، لەلایەکیتر سوریا نزیکترین دۆستی پارتی بوو. بە دیموکراتی ئێرانیان گووت، گۆڕی بارزانیان دەرخستووەو سووکاتیمان پێدەکەن، بەلام ئەوان هێرشی سەر کوردانی رۆژهەڵاتیان کردوو نزیەکەی هەزار هاوڵئتی و پێشمەرگەی رۆژهەڵاتیان لە پاوەو جوانڕۆ تا ورمێ کوشت، دیسان ئەو پەلاماردان و کوشتارەشیان شانبەشانی رژێمی خومینی کرد. بە پەدەکە – تورکیایان گوت بەبێ مۆڵەتی ئێمە شەڕ دەستپێدەکەن، بە پیلانگەڕی هەردوو سەعیدیان کوشتن و نەیانهێشت شەڕ لە دژی تورکیای داگیرکەر دەستپێبکات و ئەوەشیان بە ئاگاداری میت ئەنجامداوە. بە شۆڕشگێڕانی کوردستان کە دواتر ناویان بووە (ئاپۆچیان) گووت، نابێ بێنە کوردستان، چونکە دتانەوێ ئێمە لەناوبەرن. بەڵام دواتر زانرا ئەوانە هەمووی سیناریۆ و قسە و لێدوان و وتاری پارتی بوون بۆ ناشیرین کردن و رەوایەتیدان بە لێدان و سڕینەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسی و چەکداری، بە واتایەکیتر بەر لە دایکبوونیان لەناوبردنیان، یان وەک وتە بەناوبانگەکە دەڵێت، بە مردووی لەدایکبوون.
بەڵگەکان و کردار و جموجۆڵی سیاسی و چەکداریان ئاشکرابوو کە پارتی لەگەڵ دەوڵەتەکانی داگیرکەر پەیوەندی ژێر بەژێری بەستوە لە ١٩٦١ تاکو ١٩٨٨، تاکو نەهێڵێ ئەو هێزە سیاسیانە بکەونە ناو تێکۆشانی چەکداری، بە هزری پارتیەکان گۆڕەپانەکە لەدەستی ئەوان نەستێنن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، ئەوان باوکی کوردایەتین!!!
لەدوای ساڵی ١٩٩٢ پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری سەر کوردستان و خودی رژێمی بەعسیش، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکران، هەرچەندە پەیوەندیەکان حیزبی بوون، بەڵام کراسی حکومەتیان بەبەر دەکرا. ئەوکات کێ لە دژی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم بێ ئەو خیانەت لە کوردایەتی دەکات، لەڕاستیدا خودی حیزبی دەسەڵات کە خۆی لە پارتی (پەدەکە) دەبینیەوە، بەهەمان تۆن و نەزمی سەردەمی شاخ، خودی خۆی لەگەڵ دەزگا ئیستیخباراتی و هەواڵگری و موخابەراتی داگیرکەرانی کوردستان بەناوی درواسێیەتی و دۆستایەتی لەناو پەیوەندی و لێدان و نەهێشتنی بزووتنەوە نیشتیمانیەکانی پارچەکانیترە، بەڵام هەر جموجۆڵ و تێکۆشانی پارچەکانیتری کوردستان بە تیرۆر و خیانەت و دژایەتی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بەناو دەکات. بۆیە سەرجەم رێکخستنەکانی رۆژهەڵات لە ئۆردوگا زۆرەملێکان تەنگکران، ئێستاش داوای چەکردن و بڵاوپێکردنیان دەکرێ، ئەوەش بەناوی نیشتیمانی بوون و بەرژەوەندی کوردستان. ئەوکات ئەمە لەگەڵ هەڵوێستی سلێمان موعینی ناکۆکە کە دەیگوت ئێوە لە بەشی خۆتان پەرە بە شۆڕشی خۆتان بدەن ئێمەش لە بەشی خۆمان پەرە بە شۆڕشی خۆمان دەدەین، لەسەر ئەو هەڵوێستەی مستەفا بارزانی دوای کوشتنی تەرمەکەشی رادەستی ساواکی ئێرانی کرد، ئەوکات دەبێ بڵێین ، هەڵوێستەکەی م.بارزانی وڵاتپارێزانە بووەو هەڵوێستی سلێمان موعینی گێڕەشێوانە بووە!! کە لەڕاستیدا سلێمان موعینی و خەلیل شەوباش و مەلا ئاوارەو هاوڕێیانیان هەڵوێستێکی نیشتیمانپەروەرانەیان هەبووە، ئەوەی مستەفا بارزانی کردی تەنها خزمەتبوو بە رژێمی داگیرکەری ئێران….
ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی