ئا:ئازاپرێس
تاوانەکانی پەدەکە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە تیرۆرکردن، ڕفاندن، ئەشکجەندان، سەپاندنی سزا و چاوسوورکردنەوە بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا ماوەی ٣٠٠ ڕۆژە ڕۆژنامەنووس ئاژانسی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەدی ڕفاندووە و بە نادادپەروەریی سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە.
سلێمان ئەحمەد کێیە؟ چیرۆکی ڕفاندنەکەی چۆنە؟
سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوزە، لە بنەڕەتدا خەڵکی عەفرینی داگیرکراوە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بە هۆی داگیرکاریی و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، خێزانەکەی ناچاربوون ئاوارەی حەلەب بن.
بە هۆی سەختی ژیان و بارودۆخی ئابوورییەوە سلێمان ئەحمەد بە مەبەستی کارکردن پێش پێنج ساڵ ناچار دەبێت ڕوو لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان بکات و لە ئاژانسی ڕۆژنیوز دەستبەکاربوو، لەو ماوەیەدا بەپێی پرەنسیپە ڕۆژنامەوانییەکان ڕۆژانە کاری خۆی ڕادەپەڕاند.
لە ڕووی یاسییشەوە سلێمان ئەحمەد خاوەنی مافی مانەوە (ئیقامە)ـی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بوو، هەروەها ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق و کوردستان و هەڵگری ناسنامەی ئەو دوو سەندیکایە بوو.
دوای ئەوەی کە هەواڵی ژیانئاوایی باوکی پێ دەگات بە مەبەستی بەشدارییکردن لە پرسەی باوکی لە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە یاسایی و بە پاسپۆرت لە دەروازەی فیشخابوورەوە دەچێتە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر کارەکەی بۆ باشووری کوردستان، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە دەڕفێندرێت.
هەر دوای ڕفاندنەکە بە هۆی فشاری ئاژانسی ڕۆژنیوز و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی ڕادەربڕین لەسەر پەدەکە لە ٣٠ـی تشرینی یەکەم، ئاسایشی دهۆک ڕاگەیاندراوێکی پڕ لە چەواشە و سیناریۆی داتاشراوی بۆ سلێمان ئەحمەد داتاشیی و بە تۆمەتی “کاری نهێنی و سیخوڕیی بۆ پەکەکە”، لە کاتێکدا سلێمان ئەحمەد لە هەموو ئەو ساڵانەی لە باشووری کوردستاندا کاری دەکرد تەنانەت بۆ یەکجاریش هەولێر و دهۆکی نەبینیوە، ڕەوایەتی بە ڕفاندنەکە دا.
ئاژانسی ڕۆژنیوز ئەو دەزگا ڕاگەیاندنییەی کە سلێمان ئەحمەد کاری تێدا دەکرد، تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، “ئەو تۆمەتانە بێبنەمان و پەدەکە دەیەوێت سیناریۆی بۆ دابڕێژێت و سزای بدات، لە ئێستاشدا ڕۆژنیوز داوا دەکات ئاسایشی پەدەکە بە زوویی سلێمان ئەحمەد ئازادبکات و چیتر نەبێتە ڕێگر لە بەردەم کایەی ڕۆژنامەنووسیی و ئاستەنگیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست نەکات.”
تا دەهات فشارەکان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییدا بەرفراوانتر دەبوو، لەلایەکی دیکەش سوڵتانە ئەحمەد، دایکی سلێمان ئەحمەد داوای ئاشکرا کردنی چارەنووسی کوڕەکەی دەکرد.
لە کاتی ڕفاندنەکەیەوە زیاتر لە ٢٠ جار تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد سەردانی ئاسایشی دهۆکیان کرد، وێرای هەبوونی مۆڵەتی دادوەر بەڵام ئاسایشی دهۆک ڕێگریی دەکرد لە ئەنجامدانی دیدار و بوون بە پارێزەری، لەو بارەیەوە نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند، “بە پێی مادەی ١٤٤، لە یاسای ئسولی محاکەمات لە عێراق، هەموو تۆمەتبارێک دەتوانێت پارێزەری هەبێت، دەشتوانێت هیچ وتەیەک نەدات بەبێ بوونی پارێزەر، تەنانەت گەر پارێزەریشی نەبێت، حکومەت دەبێت پارێزەری بۆ دابین بکات.”
یەکەم دیدار و سەپاندنی سزای نادادپەروەریی
دوای ٢١١ ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی سلێمان ئەحمەد و نەبوونی هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە، پارێزەرانی توانیان چاویان پێی بکەوێت و ئیمزا لەسەر بوون بە پارێزەری بکەن، هەروەها ڕێگە بە سلێمان ئەحمەد درا بۆ ماوەی دوو خولەک پەیوەندیی بە خانەوادەکەیەوە بکات.
دوای ئەو چاوپێکەوتنە ئاشکرا بوو کە سلێمان ئەحمەد بەپێی ماددە (١) لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ـی پەرلەمانی کوردستان تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی، ئەمەش هەمان ئەو ماددەیەیە، کە هەرکاتێک پەدەکە ڕۆژنامەنووسێک یان ئازادییخوازێک دەڕفێنێت دەیداتە پاڵی و بە ماوەی جیا جیا سزای زیندانیان بەسەر دا دەسەپێنێت.
بڕیار بوو، لە ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، یەکەمین دانیشتنی دادگایی سلێمان ئەحمەد بەڕێوەبچووایە، بەڵام بە هۆی نەهێنانی کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانی سلێمان ئەحمەد کە لە کاتی ڕفاندنەکەیدا پێی بوو، دادوەر دانیشتنی دادگاییکردنەکەی دواخست بۆ ٢٩ـی تەمووز.
لە ٢٩ـی تەمووز، جارێکی دیکە دانیشتنی دادگایی کردنی سلێمان ئەحمەد بە ئامادەبوونی دوو شایەتحاڵ بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا هیچ تۆمەتێک بەسەر سلێمان ئەحمەددا ساغ نەبوویەوە و تەنانەت ئەو ڕۆژنامەنووس لە بەردەم دادوەردا ئاماژەی بەوەدابوو، “هەموو ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکیان نییە و ڕەتیدەکاتەوە، ئەو نووسراوەش کە وەک ئیفادەی من نووسراوە، نەخوێندراوەتەوە بۆم و وتەی من نییە.”
سەرباری هەموو ئەمانە، دادگای دهۆکی پەدەکە، لە دادگاییەکی شانۆ ئاسا و پێشتر پیلان بۆ داڕێژراودا، بە نادادپەروەریی بە تۆمەتی “ئەندام بوون لە پارتی یەکێتیی دیموکرات-پەیەدە” سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەریدا سەپاند، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو تۆمەتەی کە ئاسایشی دهۆک بۆ دایڕشتبوو هەروەها ئەم تۆمەتەی دادگای پەدەکە بە تەواوی دوورن لە یەکدییەوە، ئەمەش ئاشکرای دەکات، کە پەدەکە بە ویستی خۆی و بەبێ گوێدانە ناوەندە یاسایی و دادوەرییەکان سیناریۆ دادەڕێژێت و دادوەرانیش دەبێت بەپێی ئەو سیناریۆیانە بڕیار بدەن.
ئەم بڕیارە لەلایەن پارێزەرانی سلێمان ئەحمەدیشەوە بە نادادپەروەریی لە قەڵەمدرا، نەریمان ئەحمەد لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، “نە دەبوایە دادگا ئەو بڕیارەی بدایە و بە تەواوی نادادپەروەرە، مافی تەمیزکردنەوەمان هەیە و بڕیارەکە تەمیز دەکەینەوە.”
لە ئێستادا ٣٠٠ ڕۆژ بەسەر ڕفاندنەکەیدا تێدەپەڕێت و بڕیارە پارێزەرانی بڕیاری دادگای پەدەکەی دهۆک تەمیز بکەنەوە و بە تەواوی ئەو سزایە هەڵبوەشێننەوە.
ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد درێژکراوەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان
پەدەکە خاوەنی مێژوویەکی ڕەشە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، سەدان کردەوەی ڕفاندن و دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدانی ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک لە “سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، وەدات حسێن، شوکری زەینەدین”ـی تیرۆرکردووە، تەنانەت تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو کردەوە تیرۆرییانە دەستگیرنەکراوە یان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجام نەدراوە، بەڵکو بە تەواوەتی کەیسەکانیان داخراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ئێستادا حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی پۆلیسییە بە گیانی خەڵکەکەی و کارتۆنیی بۆ حکومڕانیی و هیچ سێکتەرێکی بەدەستی خۆیەوە نەماوە.
ئەنجام
شایەنی باسە هیچ یاسایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش نییە، کە “پارتی یەکێتیی دیموکرات-پەیەدە” وەک پارتێکی قەدەغە یان ڕێگەپێنەدراو لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا پێناسە بکات، بەڵام دادگای پەدەکەی دهۆک خۆی یاسا دادەڕێژێت و حوکمی پێدەدات.
لەلایەکی دیکەشەوە لە تەواوی جیهاندا، هیچ پێناسەیەک نییە کە پەیەدە گرێبداتەوە بە پەکەکە، تەنها لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک نەبێت، لە ئێستاشدا دادگاکانی پەدەکە بە هەمان ئەو پێناسەیە سەنگەریان بەرامبەر بە ئازادییخوازان گرتووە و ئاغاکانیان چییان پێبڵین وەکو تووتیی دەیڵێنەوە، بەشێوەیەکی دیکە دەکرێت بلێین لە ئەنقەرەوە بڕیار دەدرێت و لە هەولێر و دهۆک جێبەجێ دەکرێت.
بۆیە نابێ سلێمان ئەحمەد لەسەر ئەندامبوون لە پەیەدە دادگای بکرێ،هەموو ئەوکاتەی سلێمان ئەحمەد لە باشوور بووە، چوونەوەشی بۆ رۆژئاوا لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێم، جا ئەگەر حکومەتی دهۆک و هەولێر یاساکانی سلێمانی و بەغدا پەسند ناکەن ئەمەشیان کێشەی هاوڵاتی و سلێمان ئەحمەد نییە.