ئا:ئازاپرێس
سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) تویتێکی بڵاوکردوەتەوە و بەم شێوەیەیە “ئەو ئیدیعایەی کە لە بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس لەوە دەکات کە “ڕێککەوتنی ئەمنی کە لە نێوان عێراق و تورکیادا واژۆ کراوە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی عێراقدا” ڕاست نییە”.
ئاماژەیشی بەوە کردووە:” هیچ بڕگەیەکی بانگێشە کراوە نییە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سەربازی، هەماهەنگی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی (تیرۆر) کە لە نێوان کۆماری تورکیا و کۆماری عێراق واژۆ کراوە “.
لە درێژەی بڵاوکراوەکەدا دەڵێ، لەگەڵ ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەی کە باسی لێوە دەکرێت، هەردوو وڵات ناوەندی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە بەغدا و ناوەندی هاوبەشی مەشق و هاوکاری لە بەعشیقە دادەمەزرێنن. ئەم ناوەندانە دەبێتە هۆی نەهێشتنی ئەو مەترسیانەی کە ڕێکخراوە (تیرۆریستییەکان) بۆ سەر سەروەری و ئاسایش و ئاسایشی ناوچەیی دوو وڵات دروستی دەکەن.
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا هاتووە، شەڕی تورکیا دژی (تیرۆریزم) بە ئیرادە لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوور بەردەوامە، متمانە بەو ئیدیعایانە مەکەن کە لە دەرەوەی سەرچاوە فەرمییەکان دەکرێن.