ئازاد رواندزی
بەشی چوارەم
لە ئەنجامی پێشهاتەکانی بەهاری عەرەبی، رۆژئاوای کوردستان بە هەمئاهەنگی لەگەڵ گەڵانیتر، لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٢ گەیشتە ئازادی خۆی و شۆڕشی دیموکراتیانەی ئەنجامدا. گەلی کورد گەیشتە ئەو باوەڕیەیی کە هەنگاو بەهەنگاو کوردستان بەرەو ئازادی دەچێت. ئیدی چاوەکان چووبوونە سەر، رۆژهەڵات و باکوور. پارتی لە رۆژی یەکەمی شۆڕشی رۆژئاوا لەلایەک بە رێگەی راگەیاندن و رێکخستنە پاشکۆکانی کاری کرد بۆ چۆڵکردنی رۆژئاوا، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵک ئاوارەی باشوور و تورکیا کرد. لەلایەکیتریش لەپێناو رووخاندن و لەباربردنی ئەم دەسکەوتە سەرەتا رێککەوتنی لەگەڵ بەرەی نەسرە کردو هێرشی سەرێکانیان کرد، دواتر هەموو کۆنە بەعسی و جاسوسی تورکیای کۆکردنەوەو بەرەیەکی بەناوی ئەنەکەسە دامەزراند کە ناوەندەکەی لە ئەنقەرەیە. ئەنەکەسە بەهاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، هێرشی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی کردوو، ئێستا بارەگایان بەهاوبەشی لەگەڵ چەتەکانی تورکیا بەناوی خێرخوازی بارزانی لە شوێنە داگیرکراوەکان هەیە.
راگەیاندنی پارتی لەبەر رێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا، بۆیە هەموو ئەو شوێنانەی تورکیا داگیری کردوون بە زەبری هێز، دەڵێن تورکیا کۆنتڕۆڵی کردوون. لەلایەکیتریش بۆ رەوایەتیدانی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا، بەهەمان زمانی تورکیا قسە دەکەن، تورکیا دەڵێ شەڕی تیرۆر دەکەم، راگەیاندنی پارتیش دەڵێن، شەڕی تورکیا و پەکەکە!!
بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە راگەیاندنەکانی پارتی بەدەستی دەزگای میتی تورکیا دروست بوونە، لەوبارەیەوە بەرپرسانی تورکیا لەکاتی دامەزراندنی کوردستان تیڤی، گووتیان لەپێناو ئەوەی راگەیاندنەکانی پەکەکە بێ کاریگەر بکەین، پێویست بوو سەتەلایەتی کوردستان تیڤی دابمەزرێنین. بەگوێرەی بەڵگەیەک کە ماڵپەڕی ویکلیکسیش لە ٢٠١٤ بڵاوی کردەوە، دەڵێت پێنج ئەندام لە دامەزرێنەرانی میدیای رووداو سەربە میتی تورکیان. دواتریش مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی دەزگای پاراستن، بەهاوبەشی لەگەڵ میت راگەیاندنێکی بەناوی کوردستان ٢٤ دامەزراند.
راگەیاندنەکانی پارتی بەشێوەیەکی تایبەت دوو ئەرکیان پێ سپێردراوە، یەکیان دوژمنایەتی پەکەکە و یەکێتی و ئەوانەی دژی داگیرکەرین، دووەم سپی کردنەوەی رووی داگیرکەری تورکیایە. بۆ ئەمەش سەرلەبەری داڕشتنی هەواڵ و سازکردنی دۆسیە و راپۆرتەکانیان دەیانەوێ، رۆژئاوا رەشکردن، نایاسا نیشاندان و لەبەربردنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، چۆڵکردنی کامپی مەخمور، هەبوونی سوپای تورکیا لە بادینان ئاسایی لێکردنی. لەو لاشەوە پارچەکردنی رای گشتی باکوور و پاک دەرخستنی حیزبوڵا و هوداپاری ئەمڕۆ. لای پارتیەکان و راگەیاندنەکەیان تاوانبار و خراپەکار پەکەکەیە!! ئەمە بێ هیچ گومانێک چەواشکردنی راستیەکانە و رەوایەتیدانە بە سیاسەتەکانی دوژمن.
خەڵکی شێلادزێ لە زستانی ٢٠١٩ لەدژی ئەو داگیرکەری و هێرشانەی تورکیا دەرکەوتن، بەڵام لەلایەن سەرۆکی هەرێم بە گێرەشێوێن بەناوکران، دواتریش لە ٢٠٢٠ بەکردنەوەی دۆسیەی ساختە ٧٠ کەسیان لێ راپێچی زیندان کردن و چەندێکیشیان لێ شەهید خستن، وەک دێمان و هاوڕێیانی، ئێستاش هەندێک لەو چالاکوانانە لە زیندانن.
ئەوەی کە زۆر جێگەی مەترسیە ئەویش، شەڕی ئازادی کوردستان و داگیرکەری خستنە یەک تای تەرازووە. نمونە راگەیاندن و بەرپرسانی پارتی دەڵێن، لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا گوندەکان چۆڵبوونە!! تورکیا لەبەر پەکەکە هاتۆتە هەرێم!! دەبێ بزانرێ ئەو شەڕەی لەکوردستانە شەڕی حیزبێک نییە، بەڵکو شەڕی داگیرکەرە لە پێناو گەیشتن بەئازادی گەلی کورد، دواتر ناکۆکی پەکەکە و تورکیا لەسەر دەسەڵات و داهات نییە. تێکەڵکردنی هێڵی شۆڕش و داگیرکەری، ئەمە کارێکی بەمەبەستە و خزمەت بە داگیرکەران دەکات.
بەردەوامە…