راپۆرتی تایبەت: ئازا پرێس
بەناو ئەمیری بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق، عیرفان عەبدولعەزیز، دوای ئەوەی سەنگەری لە باوەشی ئیتلاعاتی ئێرانەوە، گواستەوە بۆ باوەشی میتی تورکیا، بنکەو بارەگاکەی هێنا هەولێر.
لە هاتنە هەولێری بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی لە کۆنگرەی سێیەم، بووە دووپارچە و کامیلی حاجی عەلی توانی دەنگی زیاتر لە کۆنگرە بەدەست بخات، بەڵام عیرفان ئەنجامی کۆبوونەوەی قەبوڵ نەبوو، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی بووە دووپارچە.
مەرجی هاتنە هەولێر لای پارتی ئاشکرایە، دەبێ وەک دامودەزگاکانی پارتی سیخوڕی بۆ میت بکات و دوژمنایەتی کوردانی باکور بکات.
لەگەڵ هاتنی هاکان فیدان لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بۆ لای بارزانییەکان، سەرێکیشی لە لایەنە ئیخوانی و سەلەفیەکان دا، تاکو لەدژی گەلی کورد و پەکەکە بوەستنەوەو دوژمنایەتی خۆیان رابەگەێنن.
لە داوین لێداوانی عیرفان عەبدولعەزیز، بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا؛ بەئاشکرا بەزمانی دەزگای پاراستن و میت قسە دەکات و هێرشی پەکەکە و یەکێتی دەکات و تاوانباریان دەکات بە ئاوەداننەکردنەوەو شەڕ لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان و تێکچوونی دۆخی کەرکوک.
لەبەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی رێبوار تەها وەک پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک، بەهەمان تۆنی میت – پاراستن قسەدەکات و دەڵێت: ئەو دۆخەی کەرکوک ڕەنگە ببێتە ئاڵۆزی چونکە برادەرانی تورکمان ناڕازین لە دۆخەکە، هەروەها پارتی و بەشێک لە عەرەبەکانیش ناڕازین، بۆیە ڕەنگە نارەزایەتی زیاتری لێ بکەوێتەوە و ئاڵۆزی ڕووبدات.
عیرفان عەبدولعەزیز و بزووتنەوە، لەگەڵ ئەوەی لەدەرەوەی پەیڕەوی ئاینی ئیسلامن، چونکە لەگەڵ زاڵم شوێن دەگرن، هەمانکات درۆش دەکەن، چونکە ئەوە دەوڵەتی تورکیایە کە دووەمین سوپای ناتۆیەو هێرشی کوردی مەزلوم دەکات و بەهەموو جۆرە چەکێک پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدات و رێگە نادات ئاوەدانی لە ناوچە سنوریەکان دروستبێت.
دیسان ئەوا پارتی و تورکمان و عەرەبی شۆڤێنین ناهێڵن دۆخی کەرکوک ئارامبێ و کەرکوک لەلایەن کوردێکەوە بەڕێوە بچێ.
بزووتنەوەی ئیسلامی کە لەساڵی ١٩٨٧دامەزراوە، جاران تۆزێک حورمەتی بزووتنەوەی ئیسلامی هەبوو، چونکە ئاستی خۆی ئەوەندە دانەبزاندبوو کە بەزمانی میت – پاراستن قسە بکات و دوژمنایەتی راستەوخۆی نەتەوەکەی بۆ خاتری داگیرکەر بکات.
بۆیە پێویست ناکات عیرفان ئامۆژگاری هیچ هێز و لایەنێک بکات، بەڵکو خۆی ئەوەندە نەخزێنێتە باوەشی میتی تورکیا کە ئەو شەڕ و داگیرکاریەیی رەوا بکات!!!
پێویستە بزووتنەوەی ئیسلامیش خەمێک لە حیزبەکەیان بخۆن، چونکە لەسەر دەستی عیرفان و بە رێنمای میت – پاراستن، بزووتنەوە بووە بە دووپارچە، لە ئێستا گومان دەکرێ چەند پارچەی تریشی لێجیابێتەوە.
وێنەکە کاتی سەردانی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی ئێستا و رواێژکاری دەزگای میتی تورکیایە پێشتر، بۆ لای عیرفان عەبدولعەزیز لە هەولێر.