ئازاد رواندزی
بەشی پێنجەم و کۆتایی
لە دواین گوتاری سەرۆکی حکومەتی پارتی دەڵێت، با پەکەکە لێرە بڕۆن و دەچنە کوێ بابچن، تورکیا لەبەر پەکەکە هێرشی هەرێم دەکات. راستە پارتی و بارزانی ئیرادەی رووبەڕووبوونەوەی تورکیایان نییە و لە حەفتاکانیشەوە لە گەڵ میت دەستیان تێکەڵ کردووەو هیچ شتێک لە دژی تورکیا ناکەن. دیسان وەک هاوبەشێکی ناتۆ ناتوانن لەبەر ئەمریکا هیچ هەڵوێستێک لە دژی تورکیا وەربگرن. دواتریش وەک باوەڕی سەرەکی پارتی، لەناوبردنی پەکەکە بە هۆکاری مانەوەی خۆی دەزانێت!!
لە دوای ریفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی لە ٢٠١٧ و راکردنیان دووبارە لە شەنگال، مەخمور، کەرکوک و خانەقین و لە دەستدانی سەدا ٥١ی خاکی کوردستان. لەگەڵ ئەوەی مەسعود لەترسی دادگای کردن و لێپێچینەوەی، دەسبەرداری سەرۆکایەتی هەرێم بوو. پاشان بەهەموو شێوەیەک خۆی بۆ تورکیا و عێراق و ئێران چەماند، تەنها بۆ مانەوەی خۆی، رازیبوون هەموو نرخ و بەهایەکی نەتەوەیی بخاتە خزمەت داگیرکەران. راکردن و خاکفرۆشیەکەیان لە هەرێمی مادەی ١٤٠، کرد بە قارەمانیەتی پردێ و سەحێلا !!!
دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ بەهاتنە دەسەڵاتی مەسرور، دەزگای پاراستن وەک دەزگایەکی داپلۆسینەر و سیخوڕ، کەوتە گیانی رۆژنامەگەر و چالاکوان و سیاسەتمەداران و راپێچی کونجی زیندانی کردن. بەهاوبەشی لەگەڵ میت، دەستکرا بە هێرش و پەلاماری کادیر و ئەندام و چالاکوانی نەتەوەیی. لە رێگەی سیخوڕەکانی میت – پاراستن، بە سەدان شۆڕشگێڕ و نشتیمانپەروەر شەهیدبوون. خەڵکی شێڵادزێ ویستیان لە دژی سوپای داگیرکەر دەرکەون لە ٢٠١٩، بەڵام بارزانیەکان پێیان گوتن گێرەشێوێن، ئەو ٧٠ چالاکوانەی بادینان دەستگیریش کرابوون لە ٢٠٢٠، ئەوانەبوون کە پشتیوانی چالاکی و رابوونی خەڵکی شیلادزێیان کردبوو.
لە دوای ٢٠١٨ پارتی بەهەموو شێوەیەک بووە دەسەڵاتێک بۆ خزمەتی داگیرکەران، رێکەوتنی شەنگالی لە ٢٠٢٠واژۆ کرد لەگەڵ عێراق، لە دژی کوردانی ئێزیدی. چەندین رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە بۆ لەناوبردنی پەکەکە دواترینیش لە ١٥-٨-٢٠٢٤ بوو. رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردوە لە ٢٠٢٤ بۆ کەمپنشین و بێ چەککردنی حیزبە رۆژهەڵاتیەکان. لەگەڵ تورکیا پێکەوە بەهاوبەشی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر سلێمانی ئەنجامدەدا و لە راگەیاندنەکانی هەموو رۆژێک سلێمانی وەک بنکە و بارەگای پەکەکە نیشان دەدات، تاکو دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، هێرشەکانی بۆسەر سلێمانی زیاتر بکات و دەسەڵاتی یەکێتی لە پەلوپۆ بخات. ئەو دۆسیەیی لە واشنتیش لەدژی بنەماڵەی بارزانی کراوەتەوە، قسەکانمان چەندین جاریتر پشتڕاست دەکاتەوە.
لەو زنجیرە نوسینەدا، هەوڵماندا ئەو هەوڵانە ئاشکرا بکەین کەوا بەدەستی ئەنقەست هێڵی خیانەت و نشتیمانپەروەری تێکەڵی یەکتری دەکەن. شێواندن و تێکەڵکردنی هێڵی نەتەوەیی و نشتیمانی لە باشوور، کوردێکی زۆری بێ هیواکردووە و خەڵک خۆزگە بەسەردەمی بەعس دەخوازێ!! هەندێکیان لەم بێ هیوایە سەری خۆی هەڵگرتووە دەڕوا، هەندێکیتر بۆتە سەلەفی و ئیخوانی و بەکرێگیراوی عەرەب و تورک و فارس بەناوی ئاین. ئەوە ئاشکرایە لە تێکەڵکردنی هێڵی خیانەت و نیشتمانپەروەری، ئەوەی لێی سوودمەند دەبێ پارتیە، چونکە پارتی ماسی لە ئاوی لێڵدا دەگرێ.
ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی