ئا:ئازا پرێس
هێشتا ٢٥ رۆژی ماوە بۆ وادەی دەستپێکردنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، بەڵام لیستە رکابەرەکان لە ئێستاوە پەیامی بە مشتومڕ و خۆش کردنی ئاگری پڕووپاگەندەی هەڵبژاردن بڵاو دەکەنەوە.
کۆسرەت رەسول وەک کەسایەتیەکی سەربازی و سیاسی و دووەم سەرۆک وەزیری حکومەتی هەرێم، لە ساڵی ١٩٩٦ وە دوای هێنانی سوپای عێراق، لەلایەن پارتیەوە هەموو دەسەڵاتێکیان لەدەستچووە. لە خولی سێیەمی هەلبژاردنی هەرێم دەرباز کۆسرەت رەسوڵ چووە پەرلەمان و دواتریش وەک وەزیر دەستبەکاربوو، هەرچەندە خودی کۆسرەت رەسولیش لە هەڵمەتی پڕوپاگەندە بەشداربوو،.
لە ئێستا کە کۆسرەت خۆی ناتوانێ بەشداری هیچ چالاکی یەکبێ، بەڵام شاڵاو سەرۆکی لیستی یەکێتیە لە هەولێر، بانگێشەی ئەوە دەکات کە هەولێر بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ١٩٩٦.
ئەوە دووجار شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە هەولێر، قسە بۆ راگەیاندنی حیزبەکەی دەکات، بەبێ ناوهێنانی پارتی، بەڵام پەلاریان تێ دەگرێ و دەڵێت: دۆخی ئێستای شارەکەمان دۆخێکی نادروست و ناهەموارە، بەهۆی مامەڵەی هەندێک بەرپرس بەسەر ئەو خەڵکەدا سەپێنراوە، بۆیە خەڵکی هەولێر هەست بەنامۆی دەکەن.
لە بەردەوامیدا سەرۆکی لیستی یەکێتی لە هەولێر دەڵێت؛ بۆیە گەڕانەوەی هەولێر بۆ شوناسە راستەقینەکەی خۆی و خەڵکە ماندونەناسەکەی، بە ئەرکی لەپێشینەی خۆمان دەزانین و بەهیچ نرخێک سازشی لەسەر ناکەین.
دیسان شاڵاو پێداگری دەکات و دەڵێت؛ ئێمە هاتووین لەگەڵ خەڵکەکەمان هەولێر بگەڕێنینەوە، ماڵی کاک کۆسرەت دەکەینە ماڵی هەمووان. وەرن هەولێر بگەڕێنینەوە بۆ بێ ئومێدەکان، هەولێر دەگەڕێنینەوە بۆ خاوەنە ئەسڵەکەی.
لە وەڵامی لێدوانەکانی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ
پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وەزیری ئەوقاف لە بۆنەیەکی حیزبەکەیدا گووتی؛ ئەگەر لەسەر مەریخ هەولێر بگەڕێنەوە، ئەگەرنا جارێکیتر چاویان بە هەولێر ناکەوێتەوە.
دوابەداوی لێدوانەکەی شاڵاو کۆسرەت رەسول، ئومێد خۆشناویش وەک پارێزگاری هەولێر لە ٢٣-٨-٢٠٢٤ لە پەڕەی فەیسبووکی خۆیدا وەڵامی شاڵاوی دایەوەو وتی: ئەو دەمانە هەولێر لەژێر هەڕەشە بوو، کە خەڵک و خاکەکەی نائارام بوون و هیچی خۆیان نەبوون. لەبەردەوامیدا ئومێد دەڵێت؛ هەولێر نەک لەژێر هەڕەشە نییە و نابێ، هەولێر دەمێکە دەستی هەڕەشە چیەکانی بڕیوە، ئێستا و داهاتووش هەر هەڕەشە چییەک دەستی لۆ بێنی، دەیبڕێ.
لە کۆتایشدا پارێزگاری هەولێر دەڵێت: خەڵکی بە هەڵوێستی هەولێر، هەموومانی تاقی کردۆتەوە و لە رۆژی هەڵبژاردنیش پاداشتی چاکە خوازان و سزای خراپەکاران دەدات، پەلەتان نەبێت.
پارتی هێشتا بە دەستی دووەم وەڵامی یەکێتی دەداتەوە، چونکە وەک دەگوترێ بەرپرسیاری پڕوپاگەندی پارتی لە هەولێر نێچیروان بارزانییە، بەڵام بارزانییەکان تائێستا قسەیان نەکردووە.
لەو هەڵمەتە راگەیاندنیەدا چاودێران بەسەر دووبەرە دابەش بوونە، هەندێکیان دەڵێن، یەکێتی شەڕی هەڵبژاردن لە هەولێر دەکا و ئەوێی کردۆتە ناوەندی ململانێکان. بەشێکیتریان دەڵێن، بۆچی ماڵی کۆسرەت ئاوەدان دەکەنەوە، ئایا یەکێتی کەسیتری نییە، هەردەبێ منداڵانی کۆسرەت بێن و ئەوان سەرۆکی لیستی یەکێتیبن، یەکێتی بەهەزاران کادیری دڵسۆز و جوامێری هەیە کەدەتوانێ هەولێر بۆ پێش ١٩٩٦ بگەڕێنێتەوە. دیسان ئەو پرسیارەش دەکرێ، ئایا پرۆژەو بەرنامەکانی یەکێتی و ماڵی کۆسرەت بۆ هەولێر چیە؟؟