ئا:ئەیھان سەعید
تیرۆر و درۆنی تورکیا دێتە بەردەرگای ھەموومان و پێویستە ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگای مەدەنی بێدەنگ نەمێنێت.
لە روانگەی لێکۆلینەوە و کتێبێکمان (تیرۆریزم راستی دیاردەیەکی جیھانی) بە ئاماجگرتنی هەردوو رۆژنامەنووسی دامەزراوەی چەتر بۆ کاری میدیایی، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین لەلایەن دەوڵەتی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەچێتە چارچێوەی تیرۆری سەرو بۆ خوارو (تیرۆری دەوڵەت)، چونکە بە قوربانیە بە ئامانجگیراوەکان رۆژنامەنوسن و بەجلی مەدەنی و لە ئەرکی رۆژنامەوانیدابوون و لە زۆنی جەنگا نەبوون پێچەوانەی ئەوەی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان یاخۆد راستتر بڵێین دژە تیرۆری پارتی بانگەشەی بۆ دەکات کە دوو چەکدار و بەرپرسێکی باڵای پـ*ـە-کـ*ـە-کـ*ـە بوون. ئەگەر ئەمە پاڵپشتی تورکیا نەبێت ئەی چۆن لە ماوەی ٤٥ خولەکدا دەزگایەکی ئەمنی کە ٣ کاتژمێرە ڕێ لە شوێنی ڕووداوەکە دوورە توانی دیاریبکات کە یەکێک لە کەسە پێکراوەکان، سەرکردەیەکی پـ*ـە-کـ*ـە-کـ*ـە یە؟!
– پارتی لەرێگای دامەزراوە حکومیەکان تاوانەکانی تورکیا پەردە پوشدەکات:
ئۆپۆزسیۆن و رێکخرواوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خانەوادەی قوربانیان لە ھەرێمی کوردستان دەتوانن لە دادگای فیدڕالی سکاڵا دژی دژە تیرۆری پارتی تۆمار بکەن، کار بۆ ھەڵوشاندنەوەی ئەو دەزگایە بکەن و ھاوپەیمانان کە ھاوکاری دارایی پێشکەش بەو دەزگایە دەکەن ئاگادار بکرێنەوە کە دەزگاکە لە جیاتی پاراستنی سەرو ماڵی ھاوڵاتیان و پارێزگاری رۆژنامەنوسان بەشدارە لە ئەنجامدانی تیرۆری ھاوڵاتیان، چاڵاک و رۆژنامەنووسان و بەشدارە لە کارئاسانی تیرۆری رێکخراو و دەوڵەتی تورکیا دەکات و بەڵگە بۆ تێوگڵانیان لە کردەوەی تیرۆریستی و بانگەشە بۆ پەردەپوشکردنی تیرۆر و بڵاوکردنەوەی زانیاری ھەڵەو بەیاننامەی ئامادەکراو کە بەڵگەن لەسەر زانیاری پێشوەختە لە ھێرشی درۆنی، بۆردوومانی فرۆکە جەنگیەکان و تیرۆر لە لایەن دەوڵەتی تورکیا وەک نمونەی کامەران ئۆسمان بەرپرسی دیسکی مافەکانی مرۆڤی CPJی جیھانی ئاکەشکەرایکرد؛
“لە ٢٦ی ٧ی ٢٠١٩دا، دوو هاووڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی دلۆڤان شاهین پیشەی “کارکردن لە پێشانگای ئۆتۆمبێل” و عەبدوڵڵا عومەر پیشەی “پێشمەرگە” لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان باتیفا-سەرسنگ لە نزیک گوندی حەسەن پیرکا بە ئامانجگیران و شەهیدبوون. بەتەنیا ٢٥ خولەک لە دوای ڕووداوەکە، دەزگایەکی ئەمنی و دوو میدیای دیاری هەرێمی کوردستان، وایان بڵاوکردەوە کە هەردوو قوربانییەکە چەکداری پە-کە-کە بوون و تەنانەت گووتیان کە یەکێک لە قوربانییەکان سەرکردەیەکی ئەو حزبە بووە. ئەو کاتە دایکی شەهید دلۆڤان گووتی: “ناسۆری کوشتنی کوڕەکەم لەلایەک و تۆمەتبارکردنیشی بە ئەندامی پە-کە-کە لەلایەکی تر. وەک ئەوە وایە کە دوو جار کوڕەکەمیان کووشتبێت. جارێک بە جەستەیی کوشتیان و جارێکی تریش بە هەڵبەستنی تۆمەتی ئەندامبوون لە پە-کە-کە بیانوویان بۆ کوشتنەکەی هێناوەتەوە.”
لە دوسیەی قوربانیان ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی لە بادینان بە هۆی مۆشەک، تەقە، درۆن و فرۆکەجەنگیەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە بە فشاری پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لە رێگای دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستکاری راپۆرتە پزیشیکەکان (طب العدلي)ی دەکات و لە (بیان الوفاة)ی بەشێک لە قوربانیانی بۆردوومان و فرۆکە جەنگیەکان نوسراوە “بەهۆی رووداوی هاتوچو، جەڵدەی دڵ، مردنی ئاسایی” گیانیان لەدەستداوە ئەمەش دەبێتە کێشەی ئیداری و یاسایی بۆ قەرەبووکردنی قوربانیان و حکومەتی ناوەندیش ناتوانێت وەک قوربانی تۆماربکەن، هەروەها تاوانەکانی تورکیا تۆمارناکرێن.
– ئەگەر حکومەتی ئێراق سکاڵا بکات حکومەتی تورکیا سزادەدرێت.
ئەگەر بێت و قوربانی گیانی و ماددی بۆردوومان و تیرۆر و هێرشەکانی تورکیا بە بەڵگەنامەیی تۆماربکرێت ئەوە دەچێتە چارچێوەی تاوانی جەنگی و حکومەتی ئێراق دەتوانێت تورکیا رووبەرووی دادگا نێودەولەتییەکان بکات و ناچار دەبێت قەرەبوو زیانلێکەوتیان بدات، تەنانەت لەلایەن ناتۆوە توشی پێپرسینەوە دەبێت و ناچار دەکرێت ئەو چەکانەی لە هێزەکانی ناتۆ وەردەگرێت دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکارنەهێنێت.
سەرباری هەبوونی تاوانی (تیرۆری رۆژنامەنوسان، کۆمەلکۆژی، چەکی کیمیاوی، فڕێدانی مەدەنی لە هەلیکۆپتەر، بۆردوومانی خانوی هاوڵاتیان و دەیان تاوانی دیکە) لە لایەن سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ رێگرتن لە قوربانی بەردەوام و حکومەتی ئێراقیش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەوتی سکاڵا دژی بۆردوومان ولەشکەرکێشی تورکیا تۆمارنەکردووە، کەچی لیژنەی هەماهەنگی ئەمنی و هەوالگیری هەردوو وڵاتان و بە ھاوکاری پارتی و وەزیری دەرەوەی ئێراق کە لە پشکی پارتیە لە بەردەوام کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و تورکیاش زیاتر خاکی ھەرێمی کوردستان داگیر دەکات.
تیرۆركردنی گوڵستان و ھێرۆ لەلایەن دەوڵەتی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، یەكەم كردەی تیرۆریستی ئەو دەوڵەتە نییە، بەتەنیا لەم ساڵدا، پێنج ڕۆژنامەوانی کۆمپانیای چەتری تۆمار لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا بە ئامانجگیراون و سیانیان گیانیان سپاردووە و دوو ڕۆژنامەوانی تریش برینداربوون، لە ٨ی تەمووزی ئەم ساڵ لە رێگای بۆردوومانكردنەوە تیمی رۆژنامەوانی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم لە شنگال پێكران، بەهۆیەوە موراد میرزا ئیبراهیم بە سەختی برینداربوو، دوای مانەوەی چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە، ١١ی تەمووز گیانی لە دەستدا؛ هاوكات هەریەك لە رۆژنامەنووسان خەڵەف خدر و میدیا حەسەن بە سەختی بریندرابوون، بەم زنجیرە تاوانانەی تورکیا لە ماوەی ٣٣ ساڵدا ٧٣٠ ھاوڵاتی مەدەنی لە ھەرێمی کوردستان شەھید کردووە و لە ٢٠٠٧ەوە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆنەم زەوی دارستانەکانی بادینان سوتێنراوە ئەمەش ئیکۆسایدێکی ئاشکەرایە.