ئا: ئازا پرێس
بەشی دووەم:
بەگوێرەی بەڵگە و زانیاریەکانی رووداوی کۆمەڵکوژی کەلەکین کە بەدەستی ئازا پرێس کەوتوون؛ رۆژی ١٠ – ٦-١٩٩٦ حسێن ئاغا چۆتە سلێمانی بۆ دیداری مام جەلال. رۆژی ١٢ی ٦ لە سلێمانی دەگەڕێتەوە، پارتیەکان لە بازگەی سپیلک بە هێزێکی زۆر رێ لە حسێن ئاغا دەبڕن و ماوەیەک رای دەگرن. کاتێک زێدی برازای، هەمانکات کە دەکا زاوای حسێن ئاغا، بەو بابەتە دەزانێ، ئەویش بە هێزێکەوە دەچێتە سەر بازگەی سپیلک و حسێن ئاغا لە دەستی چەکدارانی رێگری پارتی رزگار دەکات.
دوای ئەو رووداوە بە یەک دوو رۆژ، شاندێکی پارتی کە پێکهاتوون لە فەرنسۆ حەریری، کەریم جومعە، عەلی حسێن سەردانی حسێن ئاغایان کردووە، تاکو رازیبێ و لەگەڵیان بچێت بۆ لای مەسعود بارزانی. بەڵام حسێن ئاغا ئامادە نابێ بچێ و خۆی رادەستی مەسعود بکات. چونکە ئەو چوونی بۆ لای مەسعود، لەگەڵ ئەوەی وەک سووکایەتی بۆ خۆی دەبینێ، هەمانکات وەک پیلانێکیشی سەیر دەکات. بۆیە حسێن ئاغا بۆ شاندی ناوبراو پێشنیار دەکات ئەگەر مەسعود کارێکی پێ هەیە، باوەک هەموو جارەکانیتر، بێتە سەردانی و ئەویش لە پێشوازیدا دەبێ. شاندی ناوبراو بە حسێن ئاغا رادەگەێنن، کە مەسعود بارزانی رۆژی ١٦ی حوزیران، دێتە گوندی کەلەکین بۆ سەردانی. حسێن ئاغا بە دڵێکی پاک، هەموو ئامادەکاریەک دەکات بۆ پێشوازی کردنی میوانەکانی، بەڵام شاندی میوان هەموو بەرنامەیەکیان ئامادە کردووە، بۆ جێبەجێکردنی پیلانی لەناوبردنی حسێن ئاغا و تاڵانکردنی کەلەکین.
هێزێکی دوو هەزار چەکداری بە فەرمانداریەتی وەجیه بارزانی، فەریدون جوانڕۆی، فەرنسۆ حەریری ، عەلی حسێن و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، کەلەکین دەخەنە چەمبەر و دەست بە تۆپبارانی دەکەن. خەڵکی گوندی کەلەکین و حسێن ئاغا لە ساویلکەی و باوەڕیان بە نەریتی کوردەواری بۆ میوانداری، بۆیە بەبێ ئامادەکاری گیرابوون لە شەڕێکدا کە زۆر بە دڵڕەقانە پەلاماریان دەدرا. سەرەڕای ئەوەی حسێن ئاغا هیچ ئامادەکاریەکی نەبوو بۆ شەڕ، بەڵام ئەو جوامێریەیی کە لەکەسایەتی میر و بەگی سورچیان هەبوو ئەوەی نیشاندا، ئەویش هەتا دوا فیشەک بەرگری کردوو و خۆ رادەستکردن و تەسلیمیەتی رەتکردەوە.
بەگوێرەی ئەوانەی هاوسەنگەری بوونە، دواین وتەکانی حسێن ئاغا بۆ هاوەڵەکانی بەمشێوەیە بووە: خەڵکی کوردستان و خزمانی سورچی، وەک دەبینن من لە گوندی خۆمم و هێرش و پەلاماری هیچ کەسێکم نەداوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەکیش سووکایەتی و بێڕێزی بەخۆم و بە خزمانم قەبوڵ ناکەم. بنەماڵەی بارزانی هێرشێکی نامەردانەیان کردۆتە سەر گوندەکەمان، منیش بڕیارم داوە تا دوا هەناسە بەرگری بکەم، هەتا مێژووی کوردستان و خێڵی سورچیان بزانن، کەوا من سەرم بۆ زوڵم و زۆرداری خوار نەکردووەو لەسەر خاک و گوندی خۆم بەرگریم کردوە تا شەهیدبوونم، لەلایەکیتریش با هەموو کەس بزانێ، بنەماڵەی بارزانی چەندە بێ نمەک و پیلانگێڕ و زاڵمن.
فەتحوڵا حەمەد حافز و حمەدەمین یوسف حسێن، ئامۆزایانی حسێن ئاغا بە برینداری دەکەونە دەست هێزکانی بارزانی و دەیانکوژن، تەواوی گوندی کەلەکین تاڵان کراو خەڵکەکەشی بردران بۆ زیندانی ئاکرێ.
لە کۆمەڵکوژی کەلەکین ژنانیش کەوتنە بەر هێرشی نامەردانەی چەکدارانی بارزانی و ژنێکی دووگیان بەناوی سۆرک عەزیز سەید دەروێش و منداڵەکەی سکی کوژران. مقدم جەمیل خدر سورچی برای حسێن ئاغا، رۆژی ٣١ ئاب لە هەولێر بەدیلی دەکەوێتە دەست چەکدارانی پارتی و بەدوای ئۆتۆمبێلێکی سەربازی رایدەکێشن، تاکو گیانی دەردەچێت.
لەکاتی ئەنفالی بارزانیان لە ١٩٨٣ حسێن ئاغا و خزمانی سورچی، نزیکەی ١٠٠ کەسی بارزانی لای خۆیان بە شاراوەی داڵدەدەن و دەیانپارێزن لە ئەنفالی رژێمی بەعس. بەڵام مەسعود بارزانی حسێن ئاغای ٦٨ ساڵی بە نامەردترین شێوە دەکوژێ و ماڵ و گوندەکەشی تاڵان دەکات.
سورچیەکان دوای کۆمەڵکوژی کەلەکین، بەگشتی روودەکەنە هەرێمی سلێمانی و دەوروبەری، بەڵام وەک جاران تۆکمە و بەهێز نامێنن، چونکە لەگەڵ کۆمەڵکوژ کردنیان، ئەمجارە مەسعود بەشێک بەپارە و بەشێکیش بەترس بەلای خۆیان رادەکێشێ و خێڵی سورچی پارچە پارچە دەکات.
دۆسیەی کەلەکین کە هاوپێچی دۆسیەی ٣١ی ئابە، بەگوێرەی هەموو بەڵگەو زانیاریە بەدەستخراوەکان، تاوانباری سەرەکی لە کوشتنی حسێن ئاغای سورچی و کۆمەڵکوژی گوندی کەلەکین، مەسعود بارزانییە. بەڵام تائێستا دادگا بێ دەنگە و لێپێچینەوەیان لە مەسعود نەکردوەو راپێچی بەردەم دادگا نەکراوە.
مەسعود وادەزانێ بە بەخشینەوەی پارەو کڕینی هەندێک کەسی نەفس نزم، ئەو دۆسیەیە لەبیر خەڵکی دەباتەوە، ئەمە خەیاڵێکی پووچە، دۆسیەیی کۆمەڵکوژی کەلەکین و کوشتنی حسێن ئاغای سورچی، بە زیندوی لە ویژدانی خەڵکی نشتیمانپەروەر و خاوەن ئەخلاق و نەتەوەیدا دەمێنێتەوە.
کۆتایی