ئازا پرێس:تایبەت
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئازا پرێس، سیامەند سێلکی کە وەک نووسەری میت – پاراستن کار بۆ دەزگا و راگەیاندنەکانی میت – پاراستن دەکات، هەمانکات رووی رەشی ئەو دەزگایانەش لەناو خەڵک بە نووسینی چەواشەکارانە دەیەوێ سپی بکاتەوە.
چاودێران باس لەوە دەکەن، دوای ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا هەردوو رۆژنامەوانی ژنی سەر بە کۆمپانیای چەتر (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین) ی لە سنوری سەیدسادق کردە ئامانج و گیانیان لەدەستدا و رێبین بەکری هاوەڵیشیان بەسەختی بریندار بوو. دەزگای دژە تیرۆری پارتی کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر بە دژە مرۆڤی بەناوکرد، رۆژنامەنووسە ژنەکانی بە چەکدار و بەرپرسی باڵای پەکەکە بەناوکرد!!
راگەیاندنی پاراستن – میت بۆ شاردنەوەی ئەو دۆخە شەرمهێنەی تێیکەوتوون، بۆ ئاراستە کردنی راگەیاندنەکانیان، هەستان زانیاریان لە میت وەرگرت سەبارەت بە ژیاننامەی گوڵستان تارا، کە داخۆ گوڵستان بۆچی وەک ژنێکی ئازاد دەرکەوتووە لەدژی داگیرکەری تورکیا. ئەوەیان لەبیرکرد ئەو رۆژنامەنووسانە لە دەزگایەکی میدیای فەرمی حکومەتی هەرێم خەباتی راگەیاندنی دەکەن.
ئەگەر سەیری زانیاریەکانی ئەو زانیاریانەی کە سیامەند سێلکی بڵاوی کردوونەتەوە بکەین، هەمان ئەو زانیاریانەن کە دەزگای هەواڵگری میت بڵاویان دەکاتەوە. چونکە دەزگای پاراستن و دژە تیرۆری پارتی ئەرێ بۆ دژایەتی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازنی باکوورن، کە بەدواداچوون و زانیاریان لەسەر کۆبکەنەوە، یان دەزگای باشوورن کە پێویستە پارێزگاری لە خەڵکی باشوور بکەن.
ئەو بەناو نووسەرەی میت – پاراستن هیچ قسەیەکی لەسەر رۆژنامەوان هێرۆ بەهائەدین نەکردووە، ئەوەش دیار دەبێ کە (دەزگا دژە مرۆڤیەکان) چەندە داخ لە دڵن بۆ لەناوبردنی ژنە تێکۆشەرێکی ئازادیخواز کە خاوەن رۆڵە لە پێشخستن و تێکۆشانی نەتەوەکەی.
قادر نادر رۆژنامەوان و چاودێری سیاسی لە ژمارەی تەلگرامی خۆیدا بەم پێشەکیە باسی ئەو نووسەرەی پاراستن دەکات و دەڵێت: ئەو نوسەرەی پاراستن بناسە کە نوسینەکانی دەبێتە هەواڵی میدیا سێبەرەکانیان .
سیامەند سێلکی نوسەری پاراستن و ئەندام مەکتەبی چاودێری و بەدواداچون ، هەمووکات بابەتێک دەنوسێت بەتایبەت لەسەر نەیارانی پارتی ، لەلایەن پارستنەوە تەوجیهات دەدرێتە تەواوی ئەدمینی پەیجەکانی پارتی بڵاو بکرێتەوە :نوێترین بابەتی کەوا میدیا سێبەرەکانی پاراستن گرنگی پێ دەدەن ، ئەو هەواڵەیتی لەسەر تیروری ئەو دوو ڕۆژنامەنوسە گولستان تارا کێ بوو ؟
سیامەند سێلکی گوایە وەڵامی قوباد تاڵەبانی دەداتەوە، وەک ئەوەی قوباد پەیامێکی هەڵەی بڵاو کردۆتەوە و ناسنامەی رۆژنامەنووسە ژنەکان نانسێت، ئەوەی لەبیرکردوە کە پێویستە مرۆڤێکی کورد سەرەتا بەرانبەر سەرجەم شەهیدان، پاشان لەبەردەم شەهیدانی ژن و راگەیاندنی ئازاد دەبێ سەری بچەمێنێ، نەوەک دەمدرێژی بکا و کاوێژ بە قسەی دەزگا سیخوڕیەکان بکا و بیانو بۆ کۆمەڵکوژیەکانی درۆنی تورکیا بێنێتەوە.