ئازا پرێس
دوای شەڕە راگەیاندنە گەرمەکەی ٣١ ئاب، یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤کۆبوونەوەی سەرکردایەتی لە هەولێر ئەنجامدا. وادیارە وەک چاودێرانیش دەڵێن یەکێتی لەم هەڵبژاردنە چەقی کارەکانی دەخاتە هەولێر، ئەمەش وادەکات قۆناخی پڕووپاگەندەی هەڵبژاردن بەگەرمی تێپەڕێت.
لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوە سەرکردایەتی یەکێتی کە لە ماڵپەڕی فەرمیانەوە بڵاوکراوەتەوە، راوەستەی لەسەر چەند خاڵێک کردووە:
رەوشی سیاسیی کوردستان و عێراق و سیاسەتی یەکێتی لەبارەیانەوە، بەتایبەتیش ئەنجامی پەیوەندییە دیپلۆماسییە روو لە گەشەکردووەکانیان لە ئاستی عێراق و هەرێم و نێودەوڵەتیی کە بۆتە مایەی دەسکەوتی گرنگ.
لەبەردەوامی کۆبوونەوەکەی هەولێری یەکێتی دەگوترێ:
بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری پێکەوەژیان و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی کەرکوک و بەشداری و شەراکەتمان لە ئیدارەی موسڵ، سەرکەوتنێکی گەورەیە کە دەبێ کارێک بکەین ئەم رۆحی سەرکەوتنە سەرتاسەری کوردستان و عیراق بگرێتەوە.
سەبارەت بە سیاسەتی یەکێتی لە کوردستان ئاماژی پێداوە کەوا؛
سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەو، هاوسەنگی هێز و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست بکەینە واقیعی بەرجەستە.
سەبارەت بە کێشەی مووچەش وەک یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بوو، دەنووسێت:
کۆبوونەوە پەرۆشی خۆی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەربڕی و جەختی لە هاتنەسەرخەتی تیمی دانوستاندنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی کردەوە، بۆ پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەربارەی ئەولەویەتی مووچە و تێکەڵنەکردنی لەگەڵ ململانێی سیاسییدا.
لەبەردەوامیدا کۆبوونەوەکە هەولێر دەڵێت:
بەجۆش و خرۆشی حزبەکەی سەرۆک مام جەلال ئەم نەبەردییە دیموکراتییە بەرپا دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە قۆرخکاری دەسەڵات و نوێکردنەوەی حوکمڕانی کە لەبەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت بەبێ جیاوازی.
لەکۆتای ئەنجامنامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەنووسێت:
یەکێتی چاوی لە ململانێیەکی دیموکراسییە و لەم پێناوەشدا ئامادەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە و هەرگیزیش رێگا بە دەستبردن بۆ پیرۆزییەکانی یەکێتی نادات و بە هێڵی سووری دەزانێ.
دوا پەیامی کۆبوونەوەکەی هەولێری یەکێتی دەڵێت:
متمانەی گەلەکەمان بەدەستبێنینەوە.