رێبەر عەلی کەرکوکی/ پردێ-کەرکوک
بەشی یەکەم
بارزانیچێتی ڕێبازی مەلا مستەفا و کوڕەکانی و نەوەکانی و پەدەکە-عێراقە. بەڵام مسۆگەر ئەو رێبازەی باسی لێوەدەکرێت نە کوردایەتی، نە نیشتمانپەروەرێتی و نەتەوەپەروەرێتییە، نە شۆڕشگێڕیی و نە مرۆڤدۆستییە. چونکە بەدرێژایی ئەو بنەماڵەیە و مێژووی پەدەکە-عێراق لە ١٩٦١وە، هێچ شتێک لەمانەیان لەهەگبەدا نەبووە و هەوڵیان بۆی نەداوە. ئەی کەواتە ئەو ڕێبازی بارزانیچێتییە چییە کە مەلا مستەفا بارزانی دایهێنا و کوڕ و نەوەکانی و پەدەکە-عێراقیش جێبەجێی دەکات و کۆمەڵێک گرووپ و دەستە و تاقمی وابەستە بەو بنەماڵە و پەدەکە-عێراقەوە پەیڕەوی هەمان ڕێباز دەکەن؟ وەک ئەنەکەسە و چەکدارانی رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان، هوداپار و کۆنتراگەریلا و چەندین تاقمی دیکە لە باکوور، دیارە لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش، چەندین تاقم و گروپی دیکەش، بەناوی حزب و رێکخراوی سیاسی، لەسەر هەمان رێبازی بارزانیچێتی، بەهەمان ئەو ئەرکە هەڵدەستن کە بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق پێی هەڵدەستن.
بارزانیچێتی؛ بریتییە لە رێبازی تێکدانی شۆڕشەکان، تیرۆر و کۆمەڵکوژکردنی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەران، رێبازی خیانەتکاریی و بەکرێگیراوێتیی و سیخوڕییە، جێبەجێکردنی پیلان و ستراتیژ و تاکتیکەکانی داگیرکەرانی کوردستان و چەندین دەوڵەتی زلهێزی دونیایە. هەروەها بریتییە لە بازرگانیکردن بە دۆزی رەوای گەلی کورد، بەقوربانیکردنی هەموو کورد بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەی مەلا مستەفا، تاڵانکردنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان، تێکدانی ژینگەی کوردستان، کۆیلەکردن و هەتکردن و کوشتنی ژنان، پیلانگێڕیی و تەڵەکەبازی و گێرەشێوێنی سیاسی و دیبلۆماسی دژ بەنەیارانی.
ئەم خەسڵەتانە کە بۆتە قوتابخانەیەکی شێرپەنجەیی، نێو بزووتنەوەی سیاسی کوردستان و لەبواری کۆمەڵایەتیی و کولتووری و ئابووری و هەموو کایەیەکی دیکەی کۆمەڵگەی کوردستان. پووختەی ئەو رێبازەیە کە پێیدەگووترێت رێبازی بارزانی، یان وردتر بڵێین؛ ڕێبازی بارزانیچێتی. بێگومان ناکرێ لەم وتارەدا بەوردی باسی هەموو خەسڵەتانەکان بە نموونە و فاکت و داتا بکرێت. بەڵام لەم وتارەدا، تەنیا یەک لەو خەسڵەتانە تاوتوێ دەکەم کە ئەویش خەسڵەتی “تێکدانی شۆڕشەکان”ە.
لەبەرئەوەی بنەماڵەی مەلا مستەفا و پەدەکە-عێراق، هەر لە بنچینەوە بۆ شۆڕش نەخوڵقاون و هیچ تایبەتمەندێتییەکی شۆڕشگێڕیی و نیشتمانپەروەریشیان تێدا نەبووە و نییە، کەواتە کاتێک لە دەرەوەی جڵەو و ئیرادەی ئەوانەوە لە بەشێکی کوردستان، یان لە هەموو کوردستاندا شۆڕشێک هەڵدەگیرسێت، یان کە کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕیی دەردەکەوێت، ئەوا مەلا مستەفا و پەدەکە-عێراق ئەرکی بنچینەییانە کەوا ئەو شۆڕشە تێکبدەن. چۆن تێکیبدەن؟ بۆچی تێکیدەدەن؟ ئەو کەسایەتییە لەناوببەن. ئەمە لەهەر قۆناخ و لەهەر بەشێکی کوردستاندا بەشێوە و ئامڕازی جیاواز جیاواز بووە.
تێکدانی شۆڕشەکان بە چ واتایەک دێت؟ دەکرێ لە چەند خاڵێکدا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە:
١-تێکدانی شۆڕش لەناو شۆڕشدا، واتا کاتێک خۆیان، بەهەر هۆکار و دۆخێکەوە بێت، جلەوی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەیان دەکەوێتە دەست، ئەوا شۆڕشەکە دەخەنە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە. شۆڕش دەکەنە مانگایەک و تا دوا تنۆکی شیر و خێر و بەرەکەتی شۆڕشەکە، دایدەدۆشن و کاتێک کە دەبینن، شۆڕشەکە ئیتر خێری بەبەرەوە نەماوە و بەردەوامبوونی زیان بە بەرژەوەندییەکانیان دەگەیەنێت، ئەوا بێ یەک و دوو، ئاشبەتاڵ بە شۆڕشەکە دەکەن و تێیدەتەقێنن و دەڕۆن. با سێ نموونەی ئەمە بهێنینەوە؛
یەکەمیان؛ هەڵاتنی مەلا مستەفای بارزانییە لە ساڵی ١٩٤٧ لە مەهاباد، کاتێک کەوا کۆماری کوردستان، پشتیوانی سۆڤییەت لەدەست دەدات و کۆمارەکە بەقوربانی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی دەکات، بەمەش کۆماری ساوا دەکەوێتە بەر هێرش و شاڵاوی داگیرکەری شای ئێرانەوە، مەلا مستەفا، کە ئەوکاتە بەحیساب ژەنراڵ و سوپاسالاری کۆمارە، بەخۆی و بە پیاوەکانییەوە، قازی محەمەد و خەڵکەکە و ئاڵاکەی کۆمار، بەجێدێڵێت و لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەڵدێت و تا سۆڤییەت ڕاناوەستێت.
دووەمیان؛ کاتێک کە رێککەوتنی جەزائیری نێوان رژێمی بەعس و رژێمی شاهی ئێران واژۆ دەکرێت، شاهیش بە مەلا مستەفا دەڵێت؛ “کاری تۆ تەواو بووە”، شاه هێشتا قسەکانی تەواو نەکردووە، مەلا مستەفا دەڵێت؛ “بەڵێ کاری من تەواو” و دەگەڕێتەوە باشوور و ئاشبەتاڵ رادەگەیەنێت. بەمەش نزیکەی ١٢٥ ملیۆن دۆلاری ئەوەی ناوی لێنراوە “شۆڕشی ئەیلول” لەگەڵ خۆی دەبات و تا کەرەج ڕاناوەستێت. هەر ئەو کاتە پەنجەکانی لە سەرکردایەتی و فەرماندەکانی بزووتنەوەی ئەیلول ڕادەوەشێنێت و دەڵێت؛ “هەر کەسێک بەردەوامی بە شۆڕش بدات و دەست بە چەکداریی بکات، لێی قەبوڵ ناکەین و لە دژی دەوەستینەوە”. بۆخۆی و کوڕەکانیشی بەهەڵەداوان بۆ کەرەج و دواتریش بۆ ئەمریکا ڕادەکەن.
سێیەمیان؛ کاتێک لە ساڵی ١٩٩١دا کە خەڵکی باشووری کوردستان ڕاپەڕینێکی چەکداریی جەماوەری دژ بە رژێمی بەعس بەرپا دەکەن و زۆربەی شار و شارۆچکەکان رزگار دەکەن، ئەو بنەماڵەیە و پارتەکەی دێنە سەر حازری. دوای نزیکەی بیست ڕۆژێک لەو راپەڕینە و شاڵاو و هێرشبردنی وەحشیانەی رژێمی بەعس بۆ سەر باشوور، خەڵکەکە، کە دەبینێت، بەرگری کەمە و شاڵاو و هێرشەکەش گەورەیە، بە کۆڕەوێکی چەند ملیۆنی شار و شارۆچکە رزگارکراوەکان بەجێدێڵن و بەرەو سنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان دەڕۆن. بەڵام لەو کاتەدا ئەو کەمە چەکدارانەی بنەماڵەی بازرانی و پەدەکە-عێراق، کە گەڕابوونەوە ناوچە رزگارکراوەکان و دەستیان بەسەر کۆمەڵێک بینا و خانووی حکومی گرتبوو و پێش هەموویان دەستیان بە تاڵانی و ڕاووت کردبوو، بەڵام لە کۆڕەوەکەدا پێش هەموو خەڵک و هەموو حزب و لایەنەکان ڕایان کرد و تا سنوور ڕاناوەستان.
چوارەمیان؛ لەدوای ڕووخانی رژێمی بەعس، بنەماڵەی بازرانی و پەدەکە-عێراق خۆیان کردە حاکمی رەهای ناوچە رزگارکراوەکانی دیکەی باشوور، بەتایبەتی، شەنگال و دەوروبەرەکەی. بەشێوەیەک حوکمی شەنگال و ئەو ناوچانەیان دەکرد، تەنانەت هەناسەیان لەبەرخەڵک بڕیبوو، هەمووشتێکی قۆرخ و پاوان کردبوو، رێگەی بە هیچ کەس و لایەنێکیش نەدەدا بچنە شەنگال و ناوچەکانی دیکە، یان کار و چالاکیەک بکەن. بەڵام کاتێک داعش، هێرشی بردە سەر شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، دیارە بە رێككەوتنی پێشوەختەیان لەگەڵ بنەماڵەی بازرانی و پەدەکە-عێراق بوو، بنەماڵەی بازرانی و پەدەکە-عێراق کە زیاتر لە ١٥هەزار چەکدار دەبوون، لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک شەنگال و دەوروبەریان بەجێهێشت و رایانکرد.