شیکاری ئازا پرێس:
لە پێرێوە دەسەڵاتی پارتی خەریکی ئەوەن لێبوردنێکی تایبەت دەرخەن، تاکو مەلا ئیسماعیل سوسەیی کە بەشەش ساڵ حوکمدرابوو، ئازادی بکەن. دوێنێ ٣-٩-٢٠٢٤ مەلا ئیسماعیل بە وێنەیەکی پرۆتۆکۆڵیەوە، لەگەڵ بارزان قەسابی بەرپرسی ئاسایشی هەولێر ئازاد کرا.
دەبێ سەرەتا باسی ئەوە بکەین لەگەڵ دەستپێکردنی کابینەی حکومەتی مەسرور لە ٢٠١٨، مەلا ئیسماعیل بەتاوانێکی داتاشراو لەلایەن پارتیەوە، ئەویش تێکدانی ئاسایشی هەرێم و تەقینەوەی پارێزگای هەولێر دەستگیر کرا. لەبەر ئەوەی ئیسماعیل پێشنوێژ و وتار خوێنی مزگەوت بوو، خەڵکێکی زۆریش وەک پێشەنگی ئاینی سەیریان دەکرد، بۆیە تاوانی دووەمیشی پەیوەندی بووە لەگەڵ داعش. وەک چۆن بۆ خەڵک نەتەوەیی و نیشتیمانی و چالاکوان و رۆژنامەنووسان تاوانی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەخەنە پاڵیان.
هەموو خەڵکی هەولێر دەزانێ کە مەلا ئیسماعیل پەیوەندی بە هیچ رێکخراوێکی چەکدارەوە نەبووە، بەڵام لەلایەنی بیرو بۆچوونی ئاینی رادیکاڵ بوو، لەلایەکیتریش دەیویست لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی خاوەن رۆڵبێ. وەک مامۆستایەکی ئاینی، دەستی خستە سەر گەندەڵی و بەئاشکرا گووتی مەسعود بارزانی دەتوانێ رێگری بکا لەهەموو ئەو دزی و تاڵانییەیی کە دەکرێ لە کوردستان. لەبنەمادا هۆکاری سەرەکی گرتنی ئەو وتارەی بوو، چوونە سەر پارێزگا بۆ دەسەڵاتی بارزانی شتێکی شایەنی باس نییە. هەموو ئەوانەی تائێستا زیندانی کراون، ئەوانەن کە ماڵی بارزانی بە مەترسیان دەزانن بۆسەر دەسەڵاتی خۆیان.
بۆچی مەلا ئیسماعیلیان ئازاد کرد؟
حکومەتەکەی مەسرور ناوبراویان وەک داعش گرت و سزای شەش ساڵ زیندانیان پێدا، بەڵام بە لێبوردنی نێچیروان ئازاد کرا.
وەکو ئەوەی هیچ نەبووبێ، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر وێنەی پرۆتۆکۆڵی لەژێر وێنەی سەرۆکی پارتی لەگەڵ گرت و دواتر ئازادیان کرد، ئەوەش وەکو ئەوەی دەسەڵاتی پارتی پێیان گووت ئێمە پێکهاتین، هیچ کێشەیەک نەبووە. بە مەکرەمی مەسعود بارزانیش ئازاد بووی.
پارتی لە ئێستا ترسێکی زۆری لێنیشتووە کە لەم هەڵبژاردنە هەولێری لەدەستبچێ، چونکە لایەنەکانی بەرانبەری بەتایبەت یەکێتی لە بەهێزترین کاتیدایە لەماوەی ١٥ ساڵی رابردووی.
پارتی بە ئازاد کردنی مەلا ئیسماعیل، پەیامێکی نوێی دایەوە ئیسلامیە سەلەفیەکان، بۆ ئەوەی وەک هەڵبژاردنەکانی رابردوو پشتگیری بکەنەوە، ئەگەرنا دۆخی ئەوانیش لەگەڵ پارتی خراپتر دەبێ.
پارتی لەم هەڵبژاردنە بەهەموو شێوەیەک دوژمنایەتی یەکێتی و پەکەکە و هێزە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان دەکات، لەلایەکیتریش رێگا خۆش دەکا تاکو هێزە سەلەفی و ئیخوانیەکان بەهێز بکاتەوە، دەرکەوتنەوەی سەرۆکی هوداپاری و کۆنسولی تورکیا لە بەغدا لە یەک رۆژداو دانیشتنیان لەگەڵ بارزانیەکان و سەرۆکی یەکگرتووی ئیسلامی سەلاحەدین بەهادین ئەمەش رێککەوت نییە.
کۆتا پەیامیش وەک ئەوەی بنەماڵەی بارزانی لایەنی مرۆڤایەتی و سۆزداریان زۆر بەهێزەو بەردەوام کاری خێر دەکەن، ئەوەش تاکتیکێکی تری سیاسەتە بەرژەوەندخوازیەکەیتیان وەک کورد دەڵێت، هەم لە ناڵ دەدەن و هەم لە بزمار.