شیکاری ئازا پرێس
لەماوەی چەند رۆژی رابردوو هەریەک لە کۆنسوڵی نوێی تورکیا لە بەغدا و سەرۆکی هوداپار (کەلای کوردانی باکور بە حیزب لکۆنترا ناسراوە) لە هەولێر بوون. چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بارزانییەکان و لایەنە ئیسلامیەکان کرد.
ئەوەی لە راگەیاندنەکان گوترا کۆنسوڵی تورکیا لەلای خۆیەوە بە بارزانییەکانی گوت، تاوانبارانی کوشتنی حکیم لوقمان لە ئەستەنبۆڵ دەسگیر کراون، وەکوتر هیچ لێدوانێکی تریان بۆ راگەیاندنەکان نەدا.
دەوڵەتی تورکیا کە وەک داگیرکەر مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە لەگەڵ هاتنی لە رێگەی سوپاکەیەوە، هەمان شەو ٢٤ هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا، لەگارەو زاپەوە تاکو ئاسۆس. رۆژێک بەر لەوەش هێرشی ئەستەنبۆڵیان ئەنجامدا و حکیمیان تیرۆر کرد. ٣ی ئەیلول لە سیدەکان بەدیع مەحمەد کەمالی مەڕداریان کوشت، دوێنێش واتا ٤ی ئەیلول موزفەر حسێن و دوو کوڕەکەی مەحمەد و موبینیان تیرۆر کردن.
دیبلۆماسیەتی تورکیا لە بەرانبەر ئەو شوێنانەی داگیرکردووە، وەک سوریا، لیبیا، نەجیریا، ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان، دیبلۆماسیەتی شەڕ بەڕێوە دەبات. بۆ ئەوەی لایەنی بەرانبەر زاتی ئەوەی نەبێ هیچ داواکاریەک بکا، ئەگەر هەر داواکاریەکیش هەبێ، ئەوا بە زەبری هێز وەڵامی دەداتەوە. نمونە قوباد تاڵەبانی داوای کرد کە تورکیا ئابلۆقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگرێ، بەڵام دوێنێ بە تیرۆری سێ هاوڵاتی هەرێمەکەی وەڵامی دایەوە.
کۆنسوڵی تورکیا زەکریای سەرۆکی هوداپاری بۆچی هێنابوو؟ ئەوەشیان جێگەی سەرنجە، چونکە هوداپار هاوبەشی دەسەڵاتی ئەکەپە و مەهەپەیە، ئەوانەی حەکیمیان لە ئەستەنبۆڵ تیرۆر کرد، ئەوانە تورکی فاشیستن واتا مەهەپەین. لەبنەمادا زەکریای حیزبوڵایی، هاتبوو بۆئەوەی بە بارزانییەکان و ئیخوانیەکان بڵێ، بێدەنگبن و دەنگی ناڕەزایتان کزکەن لە بەرانبەر سوڵتان ئەردۆغان. زەکەریا و حیزبەکەی لە ساڵانی ١٩٩٠ زیاتر لە ١٧ هەزار کوردیان کوشتوەو لە چاڵاوەکاندا بە تێزاب سووتاندویانن، لەوبارەیەوە زەکریا لە کورد کوشتن بە پاڵپشتی جەندرمە و ژیتەم، خاوەن ئەزمونێکی زۆرە و راستەوخۆ لەلایەن میت و سوپاوە پشتگیری لێ دەکرێت.
پەیامی دووەمی زەکەریا بۆ بارزانی و ئیخوانییەکان، پشتگیریان بوو لە هەڵبژاردنی ٢٠-١٠-٢٠٢٤، دۆخی پارتی و بارزانییەکان لەم هەڵبژاردنەی هەرێم زۆر خراپە. تورکیا وەک دەوڵەت بەناوی کۆنسوڵەوە هات، پشتیوانی خۆی بۆ بارزانییەکان نیشاندا، بەمەرجێک نابێ لەبەرانبەر تیرۆر و کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل دەنگ دەربخات. بینیمان لەماوەی ئەو پێنج رۆژە تائێستا پێنج کەس کوژراون، بەڵام بارزانییە دەسەڵاتدارەکان تا ئێستا فزەیان لێوە نەهاتووە، بەڵام ئەگەر لوتی سەربازێکی تورکیا بەخوێندابێ، بە دەیان پەیامی سەرخۆشی و سەرکۆنەکردنی بکەرانی نیشاندەدەن!!
ئەوەی لەهەمووی جێگەی سەرنجترە، دەزگای بەناو دژە تیرۆری پارتیە. دوای ئەوەی لە تیرۆری رۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین پیس تێکەوت، ئیتر نوقەی لێبڕاوە. نە لە کەوتنی درۆنەکانی کەرکوک و نەلەکوشتنی حکیم و بەدیع و موزەفەر و کوڕەکانی هیچ زانیاری و بەیاننامەیەکیان بڵاونەکردۆتەوە. دیارە رەخنە و سەرکۆنەکانی هاوڵاتیان، بۆ دەزگای بەناو دژە تیرۆری پارتی، تۆزێکیان ئاقڵ کردوون، یان ئیتر میت و پاراستن بێ دەنگیان کردوون و زانیاریان پێنادەن؟
وەکو دیاردەبێ سوپای تورکیاو دەزگای بەدناوی میت، ئیتر لەبەرانبەر گەریلای کوردستان بێچارە ماوە، بۆیە پەلاماری هاوڵاتیانی سڤیل دەدەن. لای ئەوان کورد هەر کوردە، بەڵام کوردی خاوەن چەک و ئیرادە، لەهەموویان مەترسیدارتر دەبینن. بۆیە دەیانەوێ کورد بەگشتی بێچەک بکەن، بۆ ئەوەی بەئارەزووی خۆیان یاری بە چارەنووسی بکەن. هەر هاتنێکی دەسەڵاتدارانی تورکیا و نۆکەرانیان، دەبێ بزانرێ تەنها شەڕ و ئاشوب و ماڵوێرانی و کوشتن لەگەڵ خۆیان دێنن. چونکە تائێستا لە هەرێمی کوردستان ئیرادەیەک بەدیناکرێ پێیان بڵێ بووەستە.