رێبەر عەلی کەرکوکی/ پردێ-کەرکوک
بەشی دووەم
٢- تێکدانی شۆڕش لەدەرەوەی شۆڕش، ئەو رەوت و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییانەی لەدەرەوەی ئیرادە و جلەوی بنەماڵەی بازرانی و پەدەکە-عێراق بەرپا بوونە، ئەوان یەکسەر لەدژی ئەو شۆڕشانە رادەوەستن و دژایەتی دەکەن و تا لەناوی نەبەن ڕاناوەستن. دەکرێ لەم ڕووەوە چەند نموونەیەک بهێنینەوە؛
یەکەمیان؛ دوای ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥ و تێقوچانی ئەو بنەماڵەیە و پارتەکەی بۆ کەرەج و تاران و ئەمریکا، چەند مانگێک دواتر؛ کۆمەڵێک سەرکردە و لاوی دڵسۆزی گەل، بەناوی “شۆڕشی نوێ”وە تێهەڵدچنەوە و روو لە شاخەکانی کوردستان دەکەنەوە. کەچی ئەو بنەماڵەیە و پارتەکەی لەسەر بنەمای “کە شۆڕشمان پێنەکرێت، ئەوا دەتوانین شۆڕشەکان تێکبدەین” قیادەیەکی موەقەتە درووستدەکەنەوە و دەیان سەرکردە و هەزاران پێشمەرگەی ئەو لایەنانەی دەستیان بە “شۆڕش” کردووەتەوە دەکوژن. کۆمەڵکوژییەکەی هەکاری، تیرۆرکردنی “ئارام-شاسوار جەلال” لەڕێی سەرۆک جاشێکی کۆنە پەدەکە-عێراق، و دەیان نموونەی تر لە کارە قێزەونەکانی ئەو قیادە موەقەتەیە بوو.
دووەمیان؛ کاتێک لەساڵانی نێوان ١٩٧٩-١٩٨٣ شۆڕشی گەلانی ئێران بەرپا دەبێت و کوردیش لەم شۆڕشەدا چەندین شار و شارۆچکەی رۆژهەڵات رزگار دەکەن. کەچی هەر ئەو قیادە موەقەتەیە و دواتریش کە سەرلەنوێ پەدەکە-عێراق درووست دەکەنەوە، لەسەر هەمان بنەمای “کە شۆڕشمان پێنەکرێت، ئەوا دەتوانین شۆڕشەکان تێکبدەین” دەبنە جاش و کەواسووری بەرلەشکری ئاخوندەکانی ئێران و چەندین کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
سێیەمیان؛ کاتێک کە لە ساڵی ٢٠١١-٢٠١٢ شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان بەرپا دەبێت، بە ئامانجی تێکدانی ئەو شۆڕشە، ئەو بنەماڵەیە و پەدەکە-عێراق، “ئەنەکەسە”یەک درووست دەکەن و دژ بەو شۆڕشەی ڕۆژئاوای کوردستان، دەست لەگەڵ تورکیا و داعش تێکەڵ دەکەن و هەرچی پێیان کراوە کردوویانە و تائێستاش هەر دژ بەو شۆڕشە، خەریکی پیلانگێڕیی و گێرەشێوێنین. ئەمە جگە لە خەندەق کۆڵان لەسنووری نێوان رۆژئاوا-باشوور، دانانی گەمارۆی ئابووری و سیاسی لەسەر خەڵکی رۆژئاوا، درووستکردنی فەوجی جاشایەتی بەناوی “چەکدارانی رۆژ”.
چوارەمیان؛ لە باکووری کوردستانیشدا بۆ تێکدانی شۆڕش لە باکوور، سەرەڕای بەشداریکردن و هاوکاری ئەو بنەماڵەیە و پەدەکە-عێراق لەهەموو ئەو لەشکرکێشی و کێوماڵانەی تورکیا کە دژ بە گەریلاکانی پەکەکە بەڕێوەبراوە و تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە، ئەوا لەناو باکووریشدا، چەندین تاقم و گرووپی بەکرێگیراوی درووست کردووە و دژ بە پارتە کوردییە نیشتمانپەروەر و دیموکراتەکانی باکوور، هەروەها خودی سەرانی ئەو بنەماڵەیە و پارتەکەیان چەندین جار لەهەڵبژاردنەکاندا شانبەشانی ئەردۆگان و داودئۆغڵو و برایم تاتڵیسازە خوێڕییەکە، پشتگیرییان لە فاشیزمی ئاکەپە کردووە و مسعودی کوڕی مەلا مستەفا خۆی دیعایەی بۆ ئەردۆگان کردووە. هەروەها ئێستا تەنسیقێکی فراوانیان لەگەڵ تاقمەکەی “حزبوڵڵا- هوداپار” هەیە بۆ دژایەتیکردنی دەمپارتی و خەڵکی باکووری کوردستان.
پێنجەمیان؛ کاتێک بە پیلانی ئەردۆگان و هەندێک لە دەوڵەتانی کەنداو و ئیسرائیل، فوویان لەخۆیان کرد و هەموو بەهارێک دیعایەی “دەوڵەتی کوردی درووست دەکەم” لەساڵی ٢٠١٧دا بەناوی “ریفراندۆم”ەوە، پیلانێکی ئەو دەوڵەتانەیان جێبەجێکرد. کاتێک هەموو دونیا و زۆرینەی هەرەزۆری کورد گووتیان: “سواری سەری خۆت مەبە و واز لەو گەمەیەی داگیرکەران بێنە” کەچی مەسعود و کوڕەکانی و پەدەکە-عێراق و چەند حزبێکی هاو ئاوازیان، وازیان نەهێنا، ئەوەندە فوویان لەخۆیان و دەوڵەتەکەی بارزانی کرد تا لە ١٦ ی ئۆکتۆبەردا وەک میزەڵانێکی پڕ لە پیسایی و قڕێژیی بەسەر خۆیان و خەڵکەکە تەقینەوە و دیسانەوە تێیانقوچاند و لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە هەڵاتن و دوو پێیان هەبوو، هەزاری دیکەشیان قەرز کرد و دیسانەوە خەڵکی کەرکوکو ناوچەکانی ٪٥١ی خاکی باشووریان خستەوە ژێر پۆستاڵەکانی سوپای عێراق و حەشدەوە.
دەکرێ دەیان نموونەی دیکە بۆ ئەو خەسڵەت و بنەمایەی بنەماڵەی مەلا مستەفا و پەدەکە-عێراق بێنینەوە کە دەڵێن؛ “کە شۆڕشمان پێنەکرێت، ئەوا دەتوانین شۆڕشەکان تێکبدەین”. ئەو نموونانە بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین ئەو بنەماڵەیە و پەدەکە-عێراق چۆن هەوڵیانداوە شۆڕشەکان تێکبدەن و چۆنیش تێیانقوچاندووە و هەڵاتوون و خۆیان چەماندۆتەوە بۆ داگیرکەرانی کوردستان. هەروەها دەکرێ سەدان نموونەی تر بۆ خەسڵەتەکانی تریان بێنینەوە. بەڵام ئەمڕۆ راستییەک بەتەواوی روون بۆتەوە کە ئەو رێبازەی بازرانی کە باسی لێوەدەکەن واتای چیدەگەینێت. ئەوە یەکلابۆتەوە کە ئەو بنەماڵەیە و پەدەکە-عێراق چیتر ناتوانن خەڵک بگەمژێنن و وەک مێگەل چۆنیان بوێت ئاوا بەکاریان بێنن. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کەوا خەڵک ئەو بنەماڵەیە و پەدەکە-عێراق ڕابماڵن و کۆتایی بەو شێرپەنجەیەی نێو گەلی کوردستان بێنن کە زیاتر لە شەست ساڵە جەستە و رۆحی ئەم گەلەیان هەنجن بە هەنجن کردووە.