ئا:ئازا پرێس
ئەمڕۆ ٥-٩-٢٠٢٤ سەرۆک وەزیرانی عێراق مەحمەد شیاع سودانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە بەشداری لە دانانی بەردی بناغەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆچۆ کرد لە شەنگال.
لە وتارە ڤیدیۆکەیدا سودانی کە پێشکەشی ئەو کەسانەی دەکرد کە لە دانانی بەردی بناغەکەدا بەشداربوون گوتی: خزمەتگوازاریەکان لەم کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونە بە تەواوی بەردەست دەبن، وەک خزمەتگوزاری نیشتەجێبووان، شارەوانی، تەندروستی، کارەبا و قیرتاوی رێگاکانی و کێشەکانی تریش.
هەروەها سودانی گوتی: ئەوەی دەیکەین خێرنییە، بەڵکو ئەرکی خۆمانە لەبەرانبەر رۆڵەکانی گەلەکەمان، ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەو خەڵکەمان ئەوانەن کە تەمەنێکی درێژە لە گەڵ ئێش و ئازارەکەنیش، بەڵام پێکەوە ژیانیان هەڵبژاردووە.
سودانی دەستخۆش لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد کە بەشداربوونە لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغە کۆمەڵگەی کۆچۆ و گوتی: دەستخۆشیتان لێدەکەم، بەتایبەت رێکخراوی نێودەوڵەتی ئەمریکا بۆ گەشەپێدان، رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران، هەروەها پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەپشتیوانی خودا کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی کۆچۆ لە شەنگال بونیاد دەنێین.
لەگەڵ دانانی بەردی بناغە، نوێنەری سودانیش لەگەڵ بەشداربووان، باسی لە یەکە نیشتەجێبووەکان کرد و گوتی: جەنابی سەرۆک وەزیران پرۆژەکە پێکدێت لە ١٣٤ یەکەی نیشتەجێبوون، لەگەڵ بنکەی تەندروستی و قوتابخانە و ژێرخانی تەواو کە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان تێچووی پرۆژەکەیان خستۆتە سەرشانیان. بەهاوبەشی و پشتیوانی خەڵکی شەنگال و دامودەزگاکانی، لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا، بە پەسەند کردن و پشتیوانیەکانی ئێوەش پرۆژەکە سەردەخەین
نوێنەرەکەی سودانی ئەوەشی بۆ قسەکانی زیاد کرد: ئەو پرۆژەیە هەمانکات پەیامێکە بۆ رای گشتی جیهانی و رای گشتی ناوخۆشمان بەتایبەت شەنگال و گوندی کۆچۆ کە بەپشتیوانی و واژۆی جەنابتان ئەو پرۆژەیە بەڕێوە دەچێ.
لەکۆتایدا سودانی گوتی: سەرکەوتن بۆ ئێوە، سڵاو رێزی ئێمە بگەێنن بە هەموو خەڵکی شەنگال، بەپشتیوانی خوا حکومەت دەیەوێ هەموو پرۆژەکانی جێبەجێ بکات.
جێگەی ئاماژەیە، پرۆژەی کۆمەڵگەی کۆچۆ نیشتەجێبوون لە ساڵی ٢٠٢١وە پەکخرابوو. خزمتگوزاری و بونیادنانەوە لە سنوری قەزای شەنگال و پارێزگای نەینەوا زۆر بە هێواشی بەڕێوە دەچن. نوێنەرانی ئێزیدیەکانیش لە پەرلەمانی عێراق تا ئێستا هیچ پرۆژەو سوودێکیان بۆ شەنگالیەکان نەبووە.
لەلایەک سودانی سەرۆک وەزیران بەڵێنی ئاوەدانی و سەرخستنی پرۆژەکانی حکومەتەکەی دەدات، لەلایەکیتریش خودی حکومەتی سودانی، بڕیاری قەدەخەی لە دژی خۆرێکخستنی ئێزیدیان دەرخستووە، چونکە پارتی دیموکراتی و ئازادی ئێزیدیان (پادێ)، یەکانە حیزبە کە لەناو خودی شەنگال و کۆمەڵگەی ئێزیدی لە دوای ٢٠١٤وە دروستت ببێ و یەکەمین حیزبیشە لەلایەن سودانیەوە قەدەغە بکرێ.