ئا:ئازا پرێس
کاتژمێر پێنجی ئێوارەی دوێنێ ٥-٩-٢٠٢٤، هێزێکی کۆماندۆی یەکێتی، چوونە سەر بارەگای دەزگای چاودێر و بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ، هەروەها هێزێکیش چۆتە سەر ماڵەکەی خانەقین و ئەمشەویش هێزێک چۆتە سەر خانووباخی مێرگەپان، ئەوانە هەمووی خاوەنەکەی مەلا بەختیار (حیکمەت مەحمەد کەریمە). ئەو هێزانەی چوونەتە سەر هەریەک لەم شوێنانە پاسەوان و کارمەند و خزمەتگوزارەکانیان ناردووەتەوە ماڵەوە.
لەو بارەیەوە یەکێتی بەناوی کۆمیتەی دارایەوە لێدوانێکی داوەو دەڵێت: بارەگەی دامەزراوەی چاودێر کە موڵکی یەکێتیە و سەرجەم پێداویستیەکانی لەلایەن دامەزراوەی دارایەوە دابینکرابوو، ئێستا لێپرسراوەکەی پەیوەندی بە یەکێتیەوە نەماوە، بۆیە وەرگیراوەتەوە و بەکاردەهێنرێت بۆ راپەڕاندنی ئەرکە رێکخراوەیەکان و شوێنەکە تەرخان دەکرێت بۆ دامەزراوەیەکیتر کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی و گەشەپێدانی سلێمانی و خەڵکەکەی بکات.
لە وەڵامی ئەو دەستبەسەرداگرتنەدا بەناوی ئەم دەزگایەنەوە لێدوانێک درا و گوترا: ئێمە وەک تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادی نووسین، ئازادی بیروڕا و ئازدی ویژدان دەزانین.
وەک خودی مەلا بەختیاریش لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا کەمتر لە نیو کاتژمێر قسەی کردوە؛ لەگەڵ ئەوەی باسی مەترسیەکانی کردووە، هەمانکات ئەو قسانەی رابردووشی دووبارە دەکاتەوە، کە دەڵێت، یەکێتی بە زەبری هێز بەڕێوەناچێت، کوڕانی تاڵەبانی کودەتایان بەسەر یەکێتیدا کردوە، یەکێتی بەرەو پووکانەوە و نەمانی هەموو جیاوازییە ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەکان دەڕوات…
لەکۆتایی گرتە ڤیدیۆیەکەش مەلابەختیار هەڕەشە دەکات و دەڵێت؛ بە تەنها نیم و بەسەدان کەسین، بێگومان هەوڵ دەدەین بەرەیەکی فرەوان دروست بکەین، بۆ ئەوەی دۆخەکە لەمە مەترسیدارتر نەبێ.
لە دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، مەلابەختیار ناکۆکبوو لەسەر سیستەمی هاوسەرۆکی، دواتر ناکۆکیەکانی بەردەوام بوو لە سەر کودەتای هەشتی تەممووز، ئەو ناکۆکی و جیاوازیانەشی نەشاردۆتەوەو لە رێگەی راگەیاندنەکانی پارتیەوە باسی کردوون.
پاڤێل کە لە رابردوو زاوای مەلابەختیار بوو، بەڵام ئەو پەیوەندیەیان پچڕا، مەلابەختیار بەشداری کۆنگرەی پێنجی یەکێتیش نەکردوو، پەسندی نەبوو لە ژێر سەرۆکایەتی پاڤێل سیاسەت بکات.
لە راگەیاندنەکان ئەوە ئاشکرا بوو کە مەلا بەختیار راژەی پاسەوانەکانی خستۆتە سەر هەولێر، ئەمە یەکێتی و پاڤێلی زۆر توڕە کردوە، چونکە گومانی ئەوە دەکەن مەلا بەختیاریش وەک ئازاد جوندیانی و عارف روشدی و ئەژی ئەمین رابکاتە ناو پارتی، ئەوکات ناتوانن دەستی بۆ بەرن.
بەگوێرەی زۆرێک لەوانەی کە بەداخن بۆ داخستنی داخستنی دامودەزگاکانی مەلا بەختیار بەتایبەت پلاتفۆڕمی دابڕان، دەڵێن ئەمە بۆ دڵخۆشکردنی سەلەفیەکانە، چونکە لە رابردوو سەرۆکی یەکێتی دیداری تایبەتی هەبوو لەگەڵ عەبدولەتیف ئەحمەد سەلەفی، ئەمەش بە هۆکاری پەلامارەکانی ئەمڕۆی یەکێتی دادەنێن.
لای خۆشیەوە عەبدول لەتیف سەلەفی لە دیمانەیەکی ڤیدیۆیدا دەڵێت: من دەزگا عەلمانییەکانی مەلا بەختیارم بە داخستن دا و دەستم خۆش بێت.
هەر سەبارەت رووداوی دەستگرتن بەسەر دامودەزگاکانی مەلابەختیار، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و دەڵێت: هێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی چوونەتە سەر ئۆفیسی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر.
لە درێژەی لێدوانەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا هاتووە: چوون و بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و دەست بەسەردا گرتنی کەل و پەلی تایبەت لەو شوێنەی کە بنکەیەکی رۆشنبیریە دوور لە بەکارهێنانی رێکاری یاسایی و دادگا و مەدەنی، گونجاو نییە. ئەو مامەڵەیە بەو جۆرە پێشێلکاری بنەماکانی ئازادی ڕاو رۆشنبیریە.
لەکۆتایدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە هیوایە کە ئەم دۆخە ئاسایی بێتەوەو پەل نەهاوێ بۆ کاردانەوەی تر.
لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی پارتیدا لەماوەی رابردوو، مەلا بەختیار دەیگوت؛ ئەمەش جاری جاران نییە بەئاسانی دەسگیرم بکەن، دیاربوو پێشبینی رۆژێکی وەکو ئەمڕۆی کردبوو، چونکە دەیگووت دامودەزگای یاسایی هەیە و دەکرێ خۆم بپارێزم. لە ئێستاوە هەنگاوەکانی داهاتووی مەلا بەختیار دیار نییە کە دەیەوێ چیبکات، ئایا داوای یاسای تۆمار دەکات یان بێدەنگی لێدەکات و بە قەدەری خۆی رازی دەبێ، کە ئەمەیان زەحمەتە.