ئازاد رواندزی
لە ٢٣ئابەوە سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیەوە، بەربۆتە گیانی هاوڵاتیان باشووری کوردستان. بەشەهید کردنی رۆژنامەنووسانەوە دەستیپێکرد، تاکو دوێنێ ١٠ هاوڵاتی شەهید بوونە. لەگەڵ ئەو هێرشانە کۆنسوڵی نوێی تورکیا لە بەغدا (ئانل بۆرا ئینان) سەردانی هەولێری کرد، بێگومان ئەو جۆرە سەردانانە رێککەوت نییە، بەڵکو پلان بۆ داڕێژراوە. شانبەشانی کۆنسوڵی تورکیا سەرۆکی پارتی هودا پار ئەویش هاتۆتە هەولێر. هودا پار درێژکراوەی حیزبوڵڵای تیرۆریستە کە لە ساڵانی ١٩٩٠ زیاتر لە ١٧ هەزار هاوڵاتی کوردی مەدەنی و کارساز و رۆشنبیری وەک موسا عەنتەریان کوشتووە. سەرۆکەکەشیان زەکەریا یاپیجی ئۆغلو یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبوڵڵا بوو، ئێستا بۆتە سەرۆکی هوداپار.
زەکەریا و ئانل لە رۆژێک دوای تیرۆری حەکیم لوقمانەوە لە ئەستەنبۆڵ، هاتوونەتە هەولێر و هێشتا نەڕۆویشتوونەتەوە، خەریکی دیدار و ئێوارە خوانن لەلایەن بارزانییەکان و ئیخوانیەکان.
من لاریم لە زەکەریا و ئانل نییە، چونکە ئەوان بەئاشکرا دوژمنایەتی خۆیان لە دژی گەلی کورد راگەیاندوە، ئینجا بە هێز و یەکێتی نێوان کوردان لوتیان بشکێ. دیسان ناتوانین گلەیی لا پارتیش بکەین، چونکە ئەویش لەگەڵ تورکیا ماوەی پەنجا ساڵە پەیوەندی هەیە، لە ساڵی ١٩٩٢ پێکەوە بەهاوبەشی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر شۆڕشگێڕانی کوردستان ئەنجام دەدەن، لە ١٥ی ئابی ئەمساڵیشەوە پێکەوە رێککەوتنەکەیان تازە کردەوە، بۆیە پارتی هەڵوێستەکانی چیە و چی دەکات، ئەوە پێویستە سەیری رێککەوتن و جموجۆڵە سیاسیەکانی بکرێت، ئەوکات دیاردەبێ کە دەکرێ رەخنەو گلەیی لێبکریت یان نا؟
ئەوەی دەماوێت لەم نووسینە ئاماژەی پێبدەم ئەویش، ئەو مونافیقی و دووڕوویەتی و درۆ و فاسق بوونی، حیزبی ئیسلامی سیاسی ئیخوانین کە بۆچی تا ئەو ئاستە کەسایەتی خۆیان لەدەستداوەو ٣٣٦٠ پلە لە دژی راستی ئیسلام و فەرموودەکانی پێغەمبەرن. ئەی ئیسلام نەی گووتوە لە دژی زاڵم دەبێ پشتی مەزلوم بگری، ئەی ئیسلام نەیگووتوە ئەوەی لەسەر خاک و ئاوی خۆی بکوژرێ شەهیدە. بەسەدان فەرموودە و ئایەت هەیە کە دەبێ لە دژی داگیرکەر و چەوسانەوە بیت، ئەی هەڵوێست و نزیکایەتی ئیخوانیەکان چیە؟
لەوەتەی ئەکەپە و ئەردۆغان لە تورکیا هاتوونەتە دەسەڵات، ئیخوانییەکانی باشور وەک ئەوەی پاروویان کەوتۆتە ڕۆنەوە، بۆیە شێلگێڕانە پشتیوانی دەکەن، هەتا سەردەمانێک وای لێهاتبوو، یەکگرتووی ئیسلامی دەیانگووت، ئێمە ئەکەپەی باشوورین!! لەم ١٠ رۆژەی دوای کە دەوڵەتەکەی ئەردۆغان ١٠ رۆژنامەنووس و هاوڵاتی کوردی شەهید خستووە، هیچ حیزبە ئیسلامیەکان (یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزووتنەوە) لێدوانی شەرمەزاریان نەبووە، هەتا سەرخۆشیان لە بنەماڵەی قوربانییەکانیش نەکردووە.
بەهەموو پێوەرە مرۆڤایەتی و ئاینیەکان دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ئەوەی داگیرکەرە، هەمانکات زاڵمە و بکوژی هاوڵاتی کوردە، ئەو لایەنە ئیسلامیانەش گوایە خۆیان بە کوردستانی دادەنێن. بەڵام ئەمە چۆن منافیقیەکە کاتێک هاوڵاتیت بەدەستی داگیرکەرێک شەهید دەبێ، بەڵام فەرشی سوور بۆ نوێنەرەکەی رادەخەی، لەولاشەوە دەڵێن باسمان لە شەڕی غەززە کردوە! ئەمەش فاسق بوونە، چونکە خەڵکەکەت بەدەستی زاڵمێک دەکوژرێ، لەگەڵ ئەوەی ناتوانی هیچی پێبڵێی، لەولاشەوە لەسەر خوێنی شەهیدەکان دانیشتوویت و باسی تاوانەکانی ئیسرائیل دەکەی لە غەززە. چ درۆیەکی گەورەیە، کە دەزانن هێستا کۆمپانیاکانی ئەردۆغان لە ئیسرائیل خزمەت سوپاکەیان دەکەن. ئەرێ ئەو کۆمەڵکوژیەیی لە شارەزوور و خەلەکان و شارباژێڕ ئەنجامدرا، چی لە غەززە کەمتر بوو؟؟ بۆچی دەبێ خوێنی هاوڵاتی خۆت هەرزان فرۆش بکەی و بەناوی ئاینەوە فریو بخۆی؟؟