ئازا پرێس تایبەت
کۆبوونەوەکەی ٣١ی ئابی مەسعود بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی، خاڵێکی سەرەکی و بنەڕەتیشی، زەمینەسازی بووە بۆ پڕووپاگەندەی هەڵبژاردنەکان. بۆیە نەباسی حکومەتی عێراق و تورکیا و ئێران، نەباسی هیچ لایەن و کەسێکیتری نەکردووە، بەڵکو رمی قسەکانی بۆ گیانی پەکەکە و یەکێتی بووە؛ بۆ ئەوەی حەقانییەتی خۆشی دەربخات، وەک هاوکێشەیەک لەگەڵ ئێرانی کردۆتە یەک. بۆیە ئەگەر سەیری
زانیاریەکانی مامۆستای بەشداربووی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی پارتی، سەبارەت بە یەکێتی و پەکەکە و ئێران بکەین، گووتویەتی:
یەکێتی بەهاوکاری ئێران و شیعەی عێراق و پەکەکە، دەیانەوێ پارتی لەناو ببەن. وەکو خیانەتی ئیبراهیم ئەحمەد کە داوای لەشای ئێران کرد گووتی، بەس ناوچەی سۆرانەتیم تسلیم بکە، ناوچەی بادینان با بۆ ئەوان بێت. ئێستاش شەڕی سۆرانی و بادینی دەکەن.
تێکەڵ کردنی ئەو لایەنانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتی و مەسعود بارزانی بەردەوام دەیانەوێ دوژمنێکی وەهمی دروست بکەن، تاکو خۆیان و بنکە حیزبیەکەیان لە دژی لایەنی بەرانبەر هانبدەن. وەک دەزارێت کۆچکردوو مامۆستا ئیبراهم ئەحمەد، ٢٤ ساڵە ژیانئاوای کردووە و ٥٠ساڵیشە لە سیاسەتدا نەماوە، بەڵام دیسان دەیەوێ تاوانی دۆڕانی جوڵانەوەی ئەیلول بخاتە ئەستۆی ئەو. ئێستاش لەبەر ئەوەی یەکێتی، بەقسەی سەرۆکی پارتی و تورکیا شەڕی پەکەکە ناکات، بۆیە تاوانباریان دەکات بە هەبوونی رێککەوتنێک بۆ لەناو بردنی پارتی. واتا مەسعود دەیەوێ ئەوە بە مامۆستایانی ئاینی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی بڵێ، ئەگەر دۆڕاین و شکستمان خوارد، ئەوا تاوانبار یەکێتی و پەکەکە و ئێرانە!!
لە رۆژی ٣١ی ئاب کۆکردنەوەی زانایانی ئاینی واتای خۆی هەیە، چونکە لەو رۆژە رێککەوتنی پارتی و سوپای عێراق جێبەجێبوو بۆ داگیرکردنەوەی هەولێر و راستکردنەوەی باری لاری پارتی. ئێستاش کە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی هەرێمە، لەگەڵ ئەوەی مەسعود بارزانی بە فشاری ئێران و تورکیا و شیعەی عێراقی، نەیهێشت هەڵبژاردن لە مانگی حوزیران بکرێت، دەیەوێ بڵێ ئەگەر جاری رابردوو بە سەددام هەولێرم وەرگرتەوە، ئەوا ئێستا دەتوانم لەگەڵ ئەردۆغان هەمان پرۆسە ئەنجامبدەم. بۆیەش بە ئەنقەست کۆبوونەوەکەی هێناوەتە رۆژی ٣١ی ئاب و پەکەکەش دەخاتە ناو هەمان هاوکێشە، ئەگەرنا مەسعود و لایەنەکانیتریش دەزانن کە نە پەکەکە بەخۆی و نە لایەنگری پەکەکە، بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ٢٠-١٠ی ئەمساڵ نابن. پێچەوانە لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و بە غدا، هەرسێ لایەنی نزیک لە بیری سەرۆکی پەکەکەیان لە ٣ ئاب قەدەخە کردووە. بەڵام مەسعود بارزانی ترسی خۆی لە هەڵبژاردن نەشاردۆتەوەو هێرشی توندی کردۆتە سەر هێزە دژەکانی و گووتویەتی:
ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە، چونکە بە ئێران و شیعەی عێراق و یەکێتی و پەکەکە، دەیانەوێ پارتی لەناوببەن. بۆیە ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین، بۆ ئەوەی ئەم خەونەیان لەگۆڕ بنێین، وەک و جارانی پێشوو.
ترسەکەی لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئاشکراتر کردوەو گووتویەتی: ئەگەرچی توانیمان ئەوە لەکۆمسیۆن جێگیر بکەین، کە دەبێت بەدەست دەنگەکان لەبنکەکان هەژمار بکرێن، ئنجا بچێتەوە بغداد. بەڵام ترسمان هەیە لەوێ دەستکاری ئەنجامەکان بکرێت، لەبەرژەوەندی یەکێتی، هەروەک و لەکەرکوک و موسڵ کرا.
مەسعود بارزانی ژانی دۆڕانی بەدەست نەخستنی پارێزگاری کەرکوکیشی بەرنەداوەو بۆیە بە هەناسە بڕکێوە لەسەر بابەتەکە رۆویشتوەو دەڵێت: ئێستاش نازانین چۆن یەکێتی خیانەتی لەکەرکوک کردو ئەو هەموو کورسیەی هێنا، ئەگەر بۆیان زیاد نەکردبێت؟
هەرکاتێک پارتی و مەسعود بارزانی ترسی دۆڕان و لەناوچوونیان هەبێ، ئەوا بەهەموو شێوەیەک هەوڵی خۆڕاستکردنەوە دەدەن، بێ ئەوەی گوێبدەنە هیچ پێوانەیەکی ئەخلاقی، نمونەی ٣١ ئاب و ١٦ی مایس و ٣ی ئابی شەنگال و ئێستاش هێنانی سوپای تورکیا و میت بۆ داگیرکردن و لێدان لە شۆڕشگێڕان و نشتیمانپەروەران، قسەکەمان پشتڕاست دەکاتەوە.
کاتێک مەسعود بارزانی ئەو کۆبوونەوەی لە پیرمام دەکرد، هەر لەو کاتژمێرانەش لایەنگرە عەرەب و بەنگلادیشی و ئەنەکەسیەکان، هاتبوونە شەقامەکانی هەولێر و لافیتەیەکیان بەرز کردبوەوە کە بۆنی خوێن و ئاژاوەگێڕانی لێدەهات ئەویش؛ تاوانبارکردنی پەکەکە و یەکێتی بە سووتاندنی بازاڕی قەیسەری و لەنگەی هەولێر، دیسان هەڵواسینی ئەو لافیتانە بە بەرزە پردەکانی هەولێر. هەمانکات کۆبوونەوەی بەرپرسی ناوچەکانی عەدالە و زانیاری لەگەڵ خاوەن پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێڵ گوایە؛ یەکێتی و پەکەکە بازاڕەکانتان دەسوتێنێ، ئەم پڕووپاگەندانە هەموویان سەرچاوەکەیان یەک شوێنە، ئەویش رێنمایەکە لە خودی مەسعود بارزانی دەرچووە. واتا ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەی لەگەڵ زانایانی ئاینی، لەگەڵ هەڵگرتنی لافیتەکان و کۆبوونەوە کردن بەخاوەن پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێل، ئەوەمان پێدەڵێت کە مەسعود بارزانی لەم هەڵبژاردنە بەرنامەی پڕووپاگەندەی حیزبەکەی خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش دوژمنایەتی کردنی یەکێتی و پەکەکەیە.