ئا:ئازا پرێس
بەگوێر زانیاریەکانی میدیا فەرمی دەوڵەتی ئێران (ئیرنا) کە لە سەر زاری مەحمەد کازم ئەلسادق، بالیۆزی ئێران لەبەغدا بڵاوی کردۆتەوە، بڕیار وایە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران، رۆژی چوارشەممە یەکەم سەردانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، بۆ عێراق بێ.
ئەلسادق دەڵێت، سەردانەکەی پزیشکیان لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق مەحمەد شیاع سودانییە.
بەگوێرەی قسەکانی ئەلسادق، بڕیار وایە لە سەردانەکەی پزیشکیان بۆ بەغدا، کۆمەڵێک یاداشتی لێکتێگەیشتن لەبارەی هاوکاری ئاسایشی واژۆ بکەن، کە بڕیاربوو سەرۆکی کۆچکردو ئیبراهیم رئیسی واژۆیان بکات.
زووتر ئەوەش ئاشکرا کرابوو کە پزیشکیان لە سەردانەکەی بۆ بەغدا، ناوبراو سەردانی هەولێریش دەکات.
چاوپێکەوتنەکەی ئەلسادق کاردانەوەی هەولێری بەدوای خۆیدا هێنا!!
لە چاوپێکەوتنی بالیۆزی ئێران لە بەغدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلڕەشید، مژی خستە سەر سەردانەکەی پزیشکیان کاتێک گووتی، بەڵگەمان خستۆتە روو کە مۆساد لە هەرێم هەیە و (دیارە مەبەستی هەولێرە) ئەوانیش دەڵێن مۆساد نییە. کازم ئەلسادق زیاتر سووربوونی خۆی نیشان دەدات و دەڵێت، زانیاری و بەڵگەکانمان ئەوە دەردەخەن سیخوڕی مۆساد لە هەرێم هەیە و لەوبارەشەوە هۆشداریمان پێداون.
مەحمەد کازم ئەلسادق لە درێژەی قسەکانیدا لە تیڤی ئەلڕەشیدا دەڵێت: کۆمەڵێک لە کوردە بەرهەڵستکارەکانی ئێران، ئیسرائیل ئەرکداری کردوون و لە کینیا مەشق و راهێنانیان پێدەکات و گەڕاونەتەوە، تاکو لە ناو ئێران چالاکی ئەنجامبدەن.
سەبارەت بە کەمپی لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە هەرێمی کوردستان ئەلسادق دەڵێت: لە هەولێر و سلێمانی کەمپی پەنابەران بۆ گرووپە جوداخوازەکان هەیە، کە دەتوانن لەوێ بژین بەبێ ئەوەی چالاکی لە دژی ئێران ئەنجامبدەن.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەڵام دەداتەوە
لەسەر ئەو قسانە مەحمەد کازم ئەلسادق، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردساتن لە روونکردنەوەیکدا وەڵامی دایەوەو گوتی: لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا بالیۆزی ئێران لە عێراق تۆمەتەکی بێ بنەما ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکات و جارێکی دیکە بۆردوومانکردنی خەڵکی مەدەنی لە هەولێر دەبەستێتەوە بە بەرگریکردن لە خۆیان بەرامبەر ئیسرائیل.
وەزارەتی ناوخۆی هەولێر زیاتر پێداگری دەکات و دەڵێت: هەموو ئەو تۆمەتە بێ بنەما و درۆ و بوختانانە بە توندی رەت دەکەینەوە کە پێشتریش ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون. لە بەردەوامیدا وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت؛ لێژنەی باڵا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە کە بۆردوومان کراون و تۆمەتەکان بێ بنەما دەرچوون و رەتکرانەوە.
دووبارە بوونەوەی ئەو تۆمەتانەی بەرپرسانی ئێران بۆ هەولێر نوێ نییە، چونکە لە رابردووش لەسەر هەمان گومان، ئێران مووشکبارانی ماڵی هەردوو سەرمایەداری هەولێر شێخ باز و پێشڕەو دزیی کردووەو قوربانی گیانی لێکەوتۆتەوە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئازاپرێس هەر ئەوکاتان ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی دەوروبەری پیرمامیش کردووە و گومان کراوە کە ئاراستەی سەری رەش و ماڵی خانەوادەی دەسەڵاتدارانی بارزانییەکانیش بکرێ.
دوای ئەو هێرشانە زنجیرەیەک چوون و هاتنی دیبلۆماسی ئەنجامدران، بەتایبەتیش زیاتر لە سێ جار سەرۆکی هەرێم سەردانی تارانی کرد، دوین سەردانیش لەکاتی مەراسیمی بوون بە سەرۆککۆماری مەسعود پزیشکیان و کوشتنی ئیسماعیل هەنییە بوو.
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) سەرجەم داواکاریەکانی ئێرانیان لە بێ چەکردن و خستنە کامپی تەڵبەندکراوی حیزبەکانی رۆژهەڵات (دیموکراتەکان و کۆمەڵەکانیان) جێبەجێ کردووە، بەڵام هێشتا ئێران گومانەکانی نەڕەواونەتەوە سەبارەت بە هەبوونی مۆساد لە هەولێر و بەکارهێنانی هەولێر وەک بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکانیان لە قوڵای ئێران.
لەگەڵ هاتنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران بۆ بەغدا و هەولێر، گفتوگۆیەکی بەمڕەنگە چەند دەتوانێ ئەم سەردانە سوودمەندبکا، دەبێ بەهێڵینەوە بۆ رۆژانی داهاتوو.