ئا:ئازا پرێس
تادێت ناکۆکی و ئالۆزیەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان توندتر دەبێ، لەلایەک خواستی سودانی بۆ بوونەوە بە سەرۆک وەزیران لە هەڵبژاردنی داهاتوو، لەلایەکیتریش ئەو سەرەڕۆیانەی لە دەسەڵاتی سودانی ئەنجامدراون بەتایبەت دۆسیەکانی وەک رێککەوتن لە گەڵ تورکیا بەناوی یاداشتنامە کە لەبەرژەوەندی مانەوەی سوپای تورکیادایە. دزی سەدە کە بکەرەکەی نور زوهێرە، بەدەستی تورکیا فڕێنراوەو گەێنراوەتە قوبرس. دیسان سیخوڕی کردن بەسەر سەرکردە شیعە و وەزیرەکان، ئەمان ئەو دۆسیانەنن کە گومانی زۆریان هەیە رێگری بکەن لە بەدیهێنانەوەی خەونی بوونەوە بە سەرۆک وەزیرانی سودانی.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی العهدی شیعەکان: چوارچێوەی هەماهەنگی، لەبارەی (یاداشتەکەی) نێوان بەغداو ئەنكەرەو، لێكەوتە چاوەڕوانكراوەكانی لەسەر عێراق، كۆبووەتەوە.
كەناڵی (العهد)، لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ئامادەبونی محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كۆبووەتەوە.
لە كۆبونەوەكدا، جەخت لە پێویستی پارێزگاریكردن لە سەروەری عێراق و رێگەنەدان بە هیچ دەستوەردانێك كراوەتەوە، كە زیان بە ئاسایشی نیشتمانی بگەنێت.
سەرکردەکانی شیعە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، پێداگریان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، (یاداشتەكە) لەسەر بنەمای رێزگرتنی مافەكانی عێراق و خاكەكەی بێت و، خشتەیەكی زەمنیش بۆ كشانەوەی تەواوی سوپای توركیا لە عێراق، دیاریبكرێت.
سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دامەزراندنی ناوەندی ئەمنیی لەناو سنوری عێراق و، بوونی ناوچەی ژێر دەستی هێزەكانی توركیایان رەتكردووەتەوە.
ئەو سەرکردە شیعانە لە كۆبونەوەكەدا، ئاماژەیان بە مەترسییەكانی ئەو یاداشتە كردووە لەسەر ئاسایشی عێراق و، داوای گەرەنتی كراوە بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیەكانی.
چوارچێوەی هەماهەنگی، داوای لە حكومەت كردووە هەنگاوی جدی بنێت بۆ زامنكردنی بەرژەوەندیەكانی عێراق، لە رێككەوتنەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و، بەپێویستیشان زانیوە لە یاداشتە ئەمنیەكەدا، سەربازانی توركیا ملكەچی بڕیارە دادوەریەكانی عێراق بن.
سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، جەخیتان لەوەشكردووە، رێگەنادەن بە قۆستنەوەی (یاداشتەكە)، پێویستە دەق و دەستەواژەكانی روون بن و، رێگەشنادەن یاداشتەكە ببێت بە چەترێك بۆ بوونی سەربازی ناشەرعی سوپای توركیا لە عێراق.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن؛ تورکیا لە ژێر ناوی یاداشتنامەی لە یەکترگەیشتن، هەبوونی سوپای خۆی لە عێراق هەمیشەیی دەکات و لەگەڵ تێپێڕبوونی کاتدا ئاسایی بکات. لەگەڵ ئەوەی لەکاتی واژۆ کردنی رێککەوتن نامەکە سەرجەم لایەنە بەشدارببووەکانی عێراق ئامادەبوونە، بۆیە پێویستە بزانرێت کە سودانی بەتەنها تۆمەتبار نییە، بەڵکو وەزیری دەرەوەو وزیری بەرگری و سەرۆکی دەستەی حشدی شەعبیش بەشی سەرەکیان هەیە، بۆیە پێویستە لێپێچینەوە بەتەنها لە سودانی نەکرێ، بەڵکو ئەوانەی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکە ئامادەبوونە لە هەموویان بکرێت. لەبەر ئەوەی ناوی یاداشتنامەیە نەک رێککەوتن بۆیە بەپێویستیشیان نەزانیوە رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەسەر وەربگرن.
دیسان بەگوێرەی راپۆرتێک کە لە رادیۆی دەنگی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە کە پشت دەبەستێت بەچەند سەرچاوەو زانیاریەک، ئاشکرای دەکات کە؛ لایەنە شیعەکانی عێراق، حکومەتەکەی سودانی تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی “تۆڕێکی سیخوری”و گوێگرتن لە پەیوەندی تەلەفۆنی سەرکردە شیعەکان و پیاوانی ئاینی، گوایە ئەندامانی تۆڕەکە سەر بە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقن و تۆڕەکە لەلایەن محەمەد جوحی، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانەوە سەرپەرشتی کراوە.
مستەفا سنێد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد جوحی بە “دەستە ڕاست”ی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناودەبات، لە کاتێکدا محەمەد شیاع سودانی و دەزگای هەواڵگیری عێراق تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە.
نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەز عەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق، ناکۆکییەکانیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق تەواو قوڵبووەتەوە و پێیانوایە سیخورییان بەسەرەوە کراوە. هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدریش “نیگەرانە” لەو ڕێککەوتنانەی نێوان حکومەتەکەی سودانی و تورکیا کە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە بەغدا واژۆ کران.
لەبەردەوامیدا دەڵێت “سودانی پلانی بەدەستهێنانەوەی پۆستەکەی و دروستکردنی لیستی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق هەبوو، ئەم دۆسیانە خەونەکانی ناوبراویان کوشت و لەبار برد.
بەڕای چاودێران، لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی هەرچەندە لە نێو خۆیاندا ڕکابەری یەکتری دەکەن، بەڵام بەهەمووشیانەوە ڕکابەری هەر کەس و لایەنێک دەکەن کە مەترسی لەسەر پێگەیان دروست بکات.
لەپاڵ تۆمەتی دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی، تۆمەتی پێدانی پرۆژەی نوێ و چاوپۆشیکردن لە نور زوهێر کە تۆمەتباری سەرەکی “دزی سەدە”یە دەدرێتە پاڵ حکومەتەکەی سودانی، گوایە دادگای عێراقی ڕێوشوێنی پێویستی بەرامبەر زوهێر نەگرتووەتە بەرو پرۆژەی دروستکردنی سکەی شەمەندەفەریشی لەگەڵ دوو کۆمپانیای تردا پێداوە.
نور زوهێر تۆمەتباری سەرەکی “دزی سەدە” کە تۆمەتبارە بە دزینی (٧.٣) تریلیۆن دیناری عێراقی، لە عێراق هەڵاتووەو دەوترێت لە وڵاتی قوبرسە، بەشێک لە بەرپرسانی عێراق پێیانوایە ناوبراو کارەکتەرێکەو تەنها کارەکەی پێ ئەنجامدراوە، ئەگینا گروپ و میلیشیای بەهێز لە پشت دزییەکەوەن.
زانیاریەکان ئەوە دەخەنە روو، هێزە شیعەکان دەیانەوێت سودانی کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگەی دروستکردنی لیستی پێ نەدەن، تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ئەنجام دەدرێت و لەسەر جێگرەوەی ڕێکدەکەون.