تالیب رەسول
کێشەی ئێمە کێشەی خاک و ناسنامە و بە نەتەوە بوونە. داگیرکەرانی کوردستان هەر یەکەیان ڕێگایەکی تایبەت و جیاوازیان گرتۆتە بەر بۆ داپڵۆسینی کورد و زیندوونەبوونەوەی وەکو نەتەوە.
دەوڵەتی کۆماری پەت و سێدارە هەتا بۆی بکرێ نکۆڵی لە زمانی کوردی دەکات و ئەو مەسەلەیەی لە ڕەگەوە گرتووە کە قەدەغەکردنی زمانی دایکە لە کوردەکان لە ئێران و تەنانەت ناوە کوردیەکانیش دەگۆڕێ لە کاتی لەدایکبوونی مناڵانی کورد دا.
من ژیاننامەی پزیشکیان نازانم بەڵام گرتە ڤیدیۆیەکم بینی دەلێ من تورکم. ئێستاش لە هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی تایبەتی ڕژێمەکەی چەند ڕستەیەک بە کوردی قسەی کرد بۆ مایک بە دەستە بێ سەوادەکان.
پزیشکیان مادام برغوویەکی گەورەی ئەو سیستمە کوردکوژ و دڕندەیەی ئێرانە، مادام ڕۆژانە ئەو دەوڵەتە لاوانی کورد لە سێدارە دەدات، مادام مافی ڕەوای خوێندنی کوردنی بۆ مناڵانی کورد لەو وڵاتە قەدەغە کردووە، حەوت پشتی کورد بێت بە ڕای من هیچ سوودێکی بۆ کورد و کوردستان نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە تاڵاوی کوردی بێ نامووس و بەرژەوەندی پەرست دێنێتەوە یادمان.
زمان بۆ ئێمە کۆڵەکەیەکی گرنگی ناسنامە و شوناسمانە، بەڵام ئەگەر ئەو زمانە وەکو ئامرازێک بەکار هات لە دژی دۆزەکەمان کە مەسەلەی خاک و نیشتیمانە ئەو کاتە قسەکردن بە کوردیی هیچ ئەرزشێکی نامێنێ و بگرە دەکەوێتە خانەی ناپاکی و خیانەتەوە.
من فارسێک یان عەرەبێک یان تورکێکم زیاتر قبووڵە کە من وەکو کورد دەبینێت و دۆزەکەم ئینکاری ناکات و دان بەو حەقیقەتەدا دەنێ کە کوردستان داگیرکراو و دابەشکراوە، وەکو لە کوردێک من وەکو ئێرانیەک یان عێراقیەک یان تورکیەک دەبینێ و نکۆڵ لەو فاکتە مێژوویەی بوونم دەکات کە کوردم و خاوەن خاک و زمان و ناسنامەی جودای خۆمم.
قسە کردن بە کوردی کاتێک گرنگە کە خیانەت لەو خاکە نەکەیت کە ئەو زمانەی تێدا پژاوە، نەک ببیتە داردەستی دەوڵەتێکی خوێنڕێژ و فیتنەباز و دین باز و ناشیرین لە ناوچەکەدا.
هەر بۆیە قسەکردنی پزیشکیان و زۆر کوردی تریش بۆ من قیمەتی پووشێکی نیە و هیچ دڵخۆشم ناکات، بە پێچەوانەوە گەمژەیی و کاسەلێسی و ناپاکی ئەو کەسانەم بیر دێنێتەوە کە لە مێژوودا ناویان چۆتە پەڕتووکی خیانەت و ناپاکیەوە.
ئەمە ڕای منە، بە ڕاستگۆیی و بێ پێچ و پەنا. تۆش ئارەزووی خۆتە.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی