پەروێز هوما
مامۆستا جاسم پیاوێکی ڕۆشنبیرە و وتەکەی زۆر بەڕوونی ئاراستەی گوێگر کردووە، نەک خودا. پوختەی وتەکانی مامۆستا جاسم ئەوەیە؛ خەڵکینە ترستان نەبێت، خودا و مەلائیکەتەکانیش لەزمانی کوردی تێ دەگەن، شەرم لە زمانەکەتان مەکەن و نەوەکانتان لەسەر فێربوونی ئەو زمانە ڕابهێنن و فێریان بکەن ئەو زمانەیان خۆش بوێت، من وەکوو زانایەکی ئاینی گرنتیتان پێ دەدەم کارێکتان نەکردووە دژ بە ئاینەکەتان.
من ئاوا لەم پیاوە تێگەیشتم، بەڵام هەندێک کەس کە پێیان وایە زانان و تەنانەت لەسەر ئاستی میدیای گەورە، وتەکەی ئەویان بەجۆرێکی تر گێڕایەوە، هۆکارەکانیش دوو شت بوون؛ یەکەمیان هەندێک کەس بە لنگەوقووچ لە قسەکانی تێگەیشتبوون، کە ئەمەیان کارەساتی گەورەیە( بەڕای من تێنەگەیشتن زۆر باشترە لە هەڵەتێگەیشتن)، دووەمیش ئەوەبوو هەندێک تێگەیشتبوون، بەڵام هەوڵیاندا شتەکە بشێوێنن تا خەڵک تێ نەگات. میدیا بابەتەکەی بەهەڵە ورووژاند تاوەکوو مامۆستا جاسم بەر حەملەی هێرشی جنێو و سووکایەتی بکەوێت، بەڵام خۆشبەختانە کەسانی تێگەییشتوو لەمەڕ ئەم باسە هاتنە دەنگ.
تەنانەت ویستیان بابەتەکە ببەنەوە بابی قووتی خەڵک، کە ئەو دووانە زۆر لەیەک دوورن، بەڵام هەمیشە چەمکی(خەڵک) چەکێکە بەدەست فێڵباز و تەڵەکەبازەکانەوە، دایم وەک چەکێک بەکاریان دەهێنێت بۆ دژایەتی کردنی ئەو فکرەی کە ئەدا لەفیکری بێگانەپەرستییەکەی خۆی. یان هەندێک جار کە کەسایەتییەکی وەک مامۆستا جاسم وتەیەکی هەبێت،کۆمەڵێک دێن لە دژی وتە دەدەن، گوایە کە لەهەمان ئاستدان، دەیانەوێت بەخەڵک بڵێن لێدوانمان هەیە بەرامبەر یەک و بڕوانن منیش شت دەزانم.
مرۆڤ هەندێک جار، وەهمی زانین بە سەریدا زاڵ دەبێت، زەمینەیش نیە بۆ سەلماندنی زانینەکەی، ڕەنگە ئەم زانینە وەهمیش نەبێت و لە ڕاستیدا زانین لە زیهنی ئەم مرۆڤەدا هەبێت. بۆیە پێویستی بە زەمینەیەکە بۆ دەربڕین، یاخود نیشاندانی ئەم زانینە. دژ بوونی مرۆڤ بە هەندێک بابەت و ڕووداو، مانای ئەوە نیە کە مرۆڤ حەز ناکات ئەم ڕووداوە ڕوویداوە، بەڵکوو مرۆڤ زۆرجار حەز دەکات بابەتەکە ڕوو بدات، تاوەکو ئەم دژی بێت و بۆچوونی خۆی بڵێت!
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی