ئازا پرێس
دوای ئەوەی دوێنی دووشەممە، پەیامنێرێکی دەزگای میدیایی بوار لەلایەن دوو کەسەوە بریندارکرا، دەزگای بوار لە روونکردنەوەیەکدا رایدەگەێنن، ئەو دوو کەسە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون. لای خۆشیەوە رێکخەری سەنتەری میترۆ سەرکۆنەی هێرشی سەر رۆژنامەنووسەکەی کرد و داوای کرد هێرشکردنە سەر رۆژنامەنووسان بوەستێندرێت. دەزگاکە رایدەگەێنن کە لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران ئاگادار کراونەوتەوە کە هەردوو هێرشبەرە چەقو وەشێنەکە دەسگیرکراون و بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر دەزگای میدیای بوار لە بەیاننامەیەک باسی لەوەکردبوو، وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دەزگاکە هەواڵێکی لەسەر ڕێگری ئەفسەرێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاوکردەوە کە بووەتە هۆی ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرەش هێرشیانکردەسەر رۆژنامەنووسەکە و بە سەختی برینداریان کرد.