ئازا پرێس
ئێوارەی ڕۆژی ٦ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٤ ئۆلاف شۆلز سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا (پارتی سۆسیال دیموکرات) کریستیان لیندنەر وەزیری دارایی (پارتی لیبراڵی دیموکرات)ی لەکارەکەی دوورخستەوە و بەو ڕەنگەش فراکسیۆنی پارتی لیبراڵی دیموکراتی لە حکومەتی تەوافوقی ئەڵمانیا چوونەدەرەوە . ئەوەش واتە پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی سەوزی ئەڵمانیا یان هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو حکومەتی کەمینە بەڕێوە دەبەن، یاخود ئەڵمانیا دوچاری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەنەوە کە بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن پێویستە ۳ مانگ دوای ڕۆژەڤی “ڕاپرسی متمانە” لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندس-تاگ) بەڕێوەبچێت کە لە سەرەتای مانگی یەکی ۲۰۲٥ دانیشتنی پەرلەمانی بۆ دەکرێت.
جگە لەوەی هەردوو سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی یەکتری بە ئاستەنگکردنی پلانسازی یەک و دوو تۆمەتبار دەکەن، بەڵام سیاسەتمەدارانی هەردوو پارتەکە لەسەر ئەو خاڵە کۆکن کە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و سیاسەتی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە ئەوروپا و ئەڵمانیا هۆکاری ئەو گۆڕانکاریە و هەموو پێشهاتەکانی تری ناوخۆی ئەوروپا دەبن.
بەگوێرەی چاودێریکردنی ڕەوشی سیاسی ئەڵمانیا جیاوازی ئایدۆلۆژی لەنێوان ئەو سێ پارتەی حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا زۆرە و سۆسیال دیموکرات و پارتی سەوز لەلایەک لەسەر پرسی کۆمەڵایەتی و ئابوری نزیکی یەکن، بەڵام پارتی لیبراڵی دیموکراتی ئەڵمانیا سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەدارەکان وخاوەنپشکەکانی کەرتی پیشەسازی ئەڵمانیا پەیڕەو دەکات. هەرچەندە لە ماوەی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا ئەو سێ پارتە جیاوازە و زۆرینەی ڕەهای حکومەت و پارتەکانی تەواوی ئەوروپا بەرامبەر بە ڕوسیا یەک هەڵوێست بوون و پێکەوە بڕیاری پڕچەکردنی سوپای ئۆکرانیان دا. بەڵام ئەو یەکدەنگیەی ئەوروپا بەرامبەر بەڕوسیا تەنیا لەسەر بنەمای بەڕێوەبردن و هاوکاری دارایی ئەو جەنگەوە بوو لەلایەن ئیدارەی ئێستای حکومەتی ئەمریکا کە جۆ-بایدن و کامالا هاریس سەرۆکایەتی دەکەن. بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و سیاسەتی ئاشکرای سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ کە واپێدەچێ بریتی بێت لە سازشی گەورە بەرامبەر بە ڤلادیمێر پوتین و فیدراسیۆنی ڕوسیا، ناکۆکی و درزی گەورەی خستۆتە ناو تەواوی حکومەت و پارت و هاوپەیمانیەکانی ناوخۆی ئەوروپا.
بۆیە هەمان ئێوارە و سێ کاتژمێر دوای ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا وەزیری دارایی لەکارەکەی دوورخستەوە. سەرباری ئەوەی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەکان تەنیا یەکترینا بە تۆمەتی گشتی و پرۆتۆکۆڵی تۆمەتبارکرد، بەڵام بەگوێرەی چاودێریکردنی ستراتیژی ئەو دووپارتە، دەتوانرێت جیاوازی ئایدۆلۆژی پلانی دارایی ئەوان بۆ دابینکردنی تێچووی هاوکاریە سەربازیەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا بۆ سوپای ئۆکرانیا هۆکاری سەرەکی هەڵوەشانەوەی ئەو حکومەتە بێت، بێگومان واپێدەچێت وەزیری دارایی ( پارتی لیبراڵ دیموکرات) پیلانی هەبێت کە تێچووی بەرهەمە سەربازیەکانی هاوکاری سوپای ئۆکرانیا لە داهاتوو بەردەوامیان هەبێت و لە خەزێنەی دەوڵەتی ئەڵمانیا هاوکاری دارایی کەرتی پیشەسازی سەربازی بکرێت کە سەرچاوەی سەرەکی باجی خەڵکی ئەڵمانیایە و وەک هەمیشە ئەو پارتە هەوڵیدابێت لەبەرژەوەندی خاوەنکارخانە زەبەلاحەکان بڕیار بدات و بەرامبەر بەوەش سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا هەوڵی گۆڕانکاری ڕادیکاڵ بدات لە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەتایبەتی بەرامبەر بە ڕوسیا و هەوڵبدات هاوتەریبی سیاسەتی داهاتووی دەوڵەتی ئەمریکای بکات لە ساڵانی داهاتووی حوکمی دۆناڵد ترامپ.