ئازاد رواندزی
هەولێر وەک یەکێک لە دێرینترین شارەکانی کوردستان، لە سەردەمی نوێش وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان، رووبەڕووی تاوانێکی گەورە کرایەوە. لەسەردەمی داگیرکەری ئەو کوشتار و زوڵمەی پێیدەکرا، زۆر جێگەی سەرسوڕمان نەبوو. چونکە رژێمی داگیرکەری بەعس، لە دەرەوەی تاوان و کوشتن و لەناوبردن شتێکیتری لێ چاوەڕێ نەدەکرا. ئەوەی داخێکی زۆری خستە دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستان و تائێستاش برینەکەی هەر دەکولێتەوە، ئەویش بەناوی کورد و کوردستان و حکومەتی کوردی، بەنوێژی نیوەڕۆ، بۆ ئافەریمێکی داگیرکەر، ٨٣ رۆڵی دڵسۆز و نشتیمانپەروەر و شۆڕشگێڕ کۆمەڵکوژ بکەیت و لە گۆڕی بەکۆمەڵ بیاننێژی، دوای ٢٨ ساڵ بەڵام هێشتا رووفاتەکانی رادەستی خانەوادەکانیان نەکەیتەوە.
پارتی هەولێری لەئەنجامی رێککەوتنێک، بە پشتیوانی رژێمی سەددام و تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل، بە تانک و تۆپی بەعس رادەستیان کرد، واتا بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێز لەنێوان عێراق و تورکیا و ئێران دروستببێ، پارتیان دووبارە کردەوە هێزێکی سەرەکی گۆڕەپانەکە. یەکێتی نەیتوانی رێککەوتنێکی فرەوانی کوردستانی و هەرێمی پێکبێنێ، بۆیەش لە ماوەیەکی کەم دۆستەکانی یەکێتی سەرەتا ئەمریکا، پاشان تورکیا و بەریتانیا، پشتیان تێکردو هەولێریان لێسەند. لەو سەردەمە و وەک بەردەوامیش، پەکەکە نەبووە بەشێک لەشەڕ و ویستی ئەو رێککەوتنەی کە لە هاوینی ١٩٩٦ لەگەڵ پارتی دروستببو بەردەوامی پێبدا، هەڵوێستەکەی هۆکارێکبێ بۆ کەم کردنەوەی گرژی و ئاڵۆزیەکان، هەمانکات هەولێریش بۆ پارتی جێنەهێڵێ.
سەرەڕای شەڕپێفرۆشتنی ساڵی ١٩٩٢ و بەردەوامی لەلایەن پارتی لە ١٩٩٥، بەڵام خەڵکی باشوور لەهەموو شار و شارۆچکەکان بەهەزاران روویان دەکردە شاخەکان و چەکی گەریلاتیان دەکردە شان و دەیانویست ببنە هێزی فشار و گۆڕانکار، باشوور لەو ململانێ حیزبی و سیاسیە رزگا بکەن و هێڵی نەتەوەیی دیموکراتی سەروەر بکەن.
لەپێناو ئەوەی ئەمجارە پارتی و تورکیا هێرشەکانیان تەواوبکەن، بۆ ئەمەش تورکیا لە ١٤ی گوڵانی ١٩٩٧ دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی فرەوان کرد لە هەرێمی بادینان بەگشتی، چەقی هێرشەکانیش ناوچەی زاپ بوو. لەبەر ئەوەی بەرپرسانی پەکەکە گومانیان لە هەڵوێست و نزیکایتیەکانی پارتی هەبوو، بۆیە چەند دیدار و چاوپێکەوتنێک، لەگەڵ بەرپرسانی پارتی ئەنجامدەدەن و کەلام شەرەف لە مەسعود وەردەگرن، گوایا نابێتە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و سوێندیش بەگۆڕی مەلامستەفای باوکی دەخوا !!!
بەڵێنەکەی پارتی دوای ٢٤ کاتژمێر، بووە داڕشتنی پیلانێک بۆ لەناوبردنی رێکخستنە مەدەنی، سیاسی، راگەیاندنی، هونەری، ژنان و لاوان و بریندارانی شەڕی پەکەکە لە هەولێر. رۆژی ١٦ی گوڵانی ١٩٩٧ کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ، بە هێزی سوپای دووی هەولێر، بە فەرمانداریەتی جەمال مورتکە و نەجاتی عەلی فاتێ، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێری پارتی خورشید شێرە و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش مەهدی خۆشناو. پەلاماری بنکە و بارەگاکانی پەکەکە و لاینگرانی دا، لە ئەنجام بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی هێڤی بۆ زیانلێکەوتوانی جەنگ، ٨٣ کەس لە هەردوو رەگەز لە هەر چوارپارچەی کوردستان، لەگەڵ شۆڕشگێڕێکی مەغریبی کوژراون و بێسەروشوێن کران.
پارتی پەلامارەکانی رانەوەستاند لەناو شار و شارۆچکەکان، بۆیە گروپێک لە رێگەی ئاکرێ، گروپێک لە سۆران و دواتریش گروپێک لە رێگەی مەخمور کۆمەڵکوژ کران. ئەو پیلانگێڕیە دوژمنکارانەی پارتی، بووە ئەنجامی شەڕێک کەتا ساڵی ٢٠٠٠ درێژەی کێشا و بە هەزاران کوڕ و کچی تر بوونە قوربانی.
بە دانپیانانی مەسعود خودی خۆی دەڵێت، ٣٥٠٠ چەکدارمان بۆ تورکیا بەکوشتنداوە، تاکو تورکیا لێمان رازیبووە. ئەمەش بە کوردایەتی بەناودەکا و لایەنەکانیتریش کە تەنها بەرگریان لە مانەوەی خۆیان کردووە، بە خیانەتکار بەناو دەکات. ئەگەر هەمان ژمارەی چەکدارانی پارتی، شۆڕشگێڕان و گەریلا و وڵاتپارێزانی پەکەکەش بژمێرین، واتا پارتی بۆ خزمەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ٧٠٠٠ کوردی کوشتووەو بەکوشتنی داوە.
دوای ساڵانی دوو هەزار، مەسعود گوتی؛ شەڕی کورد بەکوردم لەخۆم حەرام کردووە، قسەیەکی باشە، بەڵام مەسعود خۆی و دەزگاکانی و حیزبەکەی کاری پێناکەن، کێیان ویستوە بە نوێژی نیوەڕۆ لەناو هەولێر و دهۆک، فڕاندویانەو کوشتویانە، نمونە سەردەشت عوسمان و ویدات حسێن و مامۆستا جیهان، هەروەها گروپە حەوت کەسی و شەش کەسیەکانی گەریلا لە ناوچەی بێخمە و خەلیفان. تا دەگاتە رادەستکردنەوەی دەیان کەس بە تورکیا و ئێستا لە کونجی زیندانەکانن. لەم ساڵانەی دوای پارتی و دەزگای بەدناوی پاراستنی بە تیرۆر و کوشتن چاویان تێر نەدەبوو، بەڵکو بەهاوبەشی لەگەڵ میتی تورک، بە سەدان شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزیان بە درۆن و دانانەوەی مین و تی ئێنتی شەهید خستووە. بەرپرسانی پەکەکەش لەوبارەوە بە دەیانجار بەئاشکرا ناوی دەزگای بەدناوی پاراستنیان هێناوە.
پارتی لە دوای ساڵانی شەست، لە شەڕی ناوخۆ و کوشتنی کوردان، زۆرترین تاوانی ئەنجامداوەو تائێستا بەهەزارانی بەسەردا ساغ بۆتەوە، بەڵام تائێستا لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوەو خۆشی بەتاوانبار نازانێ !! بۆیە لە ٢٨ ساڵەی کۆمەڵکوژی هەولێر و ٥٧ ساڵەی تیرۆری سولیمان موعینی و هاوڕێیانی، درەنگ نییە ئەگەر لە دادگایەکی بێلایەنی نیشتمانی، لێپرسینەوە لە پارتی و سەرۆکایەتیەکەی و دەزگا سیخوڕیەکانی بکرێت، ئینجا بەو شێوەیە کۆتای بەشەڕی ناوخۆی کوردان دێت و خانەوادەی قوربانیانیش دەبینن کە تاوانباران بەئازادی ناسوڕێنەوەو بە ئاسودەیش رووفاتی رۆڵەکانیان دەنێژن.