جوتیار ئاسۆس
عەشرەتی سوورچی یەکێکن لە پارێزەرانی ڕاستەقینەی زمانی کوردی، بەوەی کە لەمبەر و ئەوبەری زاپ دەژین. سەدان ساڵە ئەو بەشە لە گوندەکانی باکووری ڕۆژئاوای زاپ نیشتەجێن بە کرمانجی (شێوەزاری بادینی) و ئەوانەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی زاپیش بە سۆرانی دەدوێن، لەکاتێکدا هەردوو بەرە ئەندامانی یەک عەشرەتن.
زمانی کوردی کە لە کۆمەڵەی زمانە سروشتییە دێرینەکانە و بەگشتی لە ٤ زاراوەی سەرەکی (کرمانجی، سۆرانی، گۆرانی/زازاکی و کەڵهوڕی) پێکهاتووە، کە ئەوانیش دەیان شێوە زاری جۆراوجۆر لەخۆدەگرن. وەک هەموو زمانە زیندووەکانی تری دنیاش لەبن کاریگەری دابەشبوونی جوگرافیدایە و هەمیشە شێوەزاری ئەو بەشانەی کە دراوسێی گەلانی ترن، کاریگەری زمانە هاوسێکانی خۆیان لەسەرە ، ئەو بەشانەی کە دەکەونە ناوەندی سەرزەمینی کوردستانیش، بێگومان کاریگەری زاراوەیەکی تری کوردییان لەسەرە. لە ڕووی مێژووییەوە زمانی کوردی کاریگەری لەسەر زمانەکانی تری وەک فارسی و تورکمانی و تورکی و ئارامی و کلدۆ-ئاشوری و عەرەبی و ئەوانی تر هەبووە و بەپێچەوانەشەوە.
کاریگەری زمان لەسەر بوونیادی ناسنامە کوردی
زمانی کوردی کە هەڵقوڵاوی مێژوویەکی هەزاران ساڵەی گەلی کوردە هەر لە دەسپێکەوە بەشێکی گرنگ بووە لە ناسنامەی تاکی کوردی ، ڕەنگە گرنگترین پایەی ئەو ناسنامەیەش پێکبێنێت. جیاواز لە نزیکەی هەموو گەلانی تری دنیا کە هەمیشە لە بن کاریگەری فاکتۆرێکی دەرەکی “وەک داگیرکردن و وابەستەکردن” یان کاریگەری ئایینی ، یاخود کاریگەری پرۆگرام و پلانسازییەکی بیرۆکراسییانەی حوکمڕانی زمانێکی یەکگرتوویان بەرهەمهێناوە کە بووە بە چاوکانی بۆ بوونیادنانی کەسایەتی و خەسڵەتی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە ، زمانێکی کوردی ستاندراد لە مێژوودا هەرگیز بوونی نەبووە ، بەڵام ئەوە خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و کلتورییە هاوبەشەکانی تاکی کوردە کە وایکردووە سەرباری جیاوازی گەورە لەسەر ئاستی زمان ، ئێشتا مرۆڤەکانی سەر ئەم جوگرافیا بەرفراوانە کە ناوی کوردستانی گەورەیە، خۆیان بە کورد بزانن. کەوابێ زاراوەی یەکگرتوو هەرگیز پێشمەرجێکی بنگەیی نیە بۆ ناسنامەی کوردبوون بەڵکو ئەوە بنگەی وابەستەیی کلتورییە کە ڕەگ و ڕیشەیەکی بەهێزتری بەخشیوە بەو ناسنامەیە.
ڕەنگە بە پێچەوانەوە، هۆکاری مانەوەی گەلی کورد لەنێوان هەرسێ نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب کە لەڕێگەی ئەفراندنی زمانێکی ستانداردی بیرۆکراسی-حوکمڕانی خۆیان لە چواردەوری کوردستان چەسپاند و لەڕێگای تواندنەوەی ئەو کۆمەڵگا مۆزائیکیە فرەڕەنگ و فرەزمانەی سەرزەمینی ناوچەکە ئەوان لە هەرچوار وڵاتی ئێران و تورکیا و سوریا و ئێراق بونیادی نەتەوەیی خۆیان پێکهێناوە. بێگومان حاڵەتی دوژمنایەتیەکی سروشتیە کە هەوڵی فشار لەسەر گەلی کوردیش بدەن و هەوڵی بچوککردنەوە و دواجار لەناوبردنیشی دەدەن. چونکە هەبوونی کۆمەڵگایەکی مۆزائیکی فرەڕەنگی وەک کۆمەڵگای کوردی کە لەتوانایدا هەیە ماف بە هەموو زاراوە و شێوە زمانە جیاوازە کوردییەکان بدات، دەتوانێت بۆ زاراوە و زمانە دێرینەکانی تری وەک ئارامی ، سریانی، ئاشووری و کلدانی و هتد.ی دەستەبەر بکات، ئەوەش بۆخۆی دەبێتە سەرچاوەیەکی مەترسی بۆ هەرچوار نەتەوە دەوڵەتەکەی تر کە ئێشتا نەیانتوانیوە کاریگەری لەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگاکانی خۆیان دروست بکەن و وابەستەی ناسنامەیەکی سیاسی نەتەوە-دەوڵەتیان بکەن .
فرەڕەنگیی خەسڵەتێکی کلتوری کوردییە و بەدەستی کورد خۆی ئەمڕۆ مەترسی لەناوچوونی لەسەرە
فرەڕەنگی کە خەسڵەتێکی بوونیادنەری کلتور و زمانی کوردییە ، ئەمڕۆ توشی مەترسی لەناوچوون دەبێتەوە و بازاڕ و تەکنەلۆجیا و ویستی بەناو هاوچەرخیبوون لەچوارچێوەی سیستمیکی ئابووری نیولیبراڵ، کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ئەتنۆلۆژی زمانی بۆگرنگ نیە، لەپاڵ ئیرادەیەکی سەنتەرگەرایی بارگاوی بە بیری ناسیۆنالیزمێکی کرچ و کاڵ هەوڵی ئەوە دەدات ئەو فرەڕەنگیەی کە هەزاران ساڵە لەلایەن باووباپیرانمان لە هیلالی زێڕین و ناوچەکانی زاگرۆس پارێزراوە، ئەو لەناوی ببات. لەلایەک لەسەر ئاستی لۆکاڵی لە هەرێمی کوردستان بەناوی پێداویستی هەنوکەیی و بیرۆکراسیەتی ئیداری بەشێوەیەکی سامناک کار بۆ ئەوە دەکرێت زار و شێوەزارە مێژووییەکانی تر لەناو ببرێن کە دیارترینیان هەوڵدانە بۆ لەناوبردن و ڕیشەکێشکردنی زاراوەی هەورامی. بەهەمان شێوە زاراوەی کەلهوڕی و لەکی لە خانەقین و بەدرە و جەسان لە ئێستادا بەرەو لەناوچوونی کۆتایی دەچن.
هەرێمی کوردستان کە سەرەتای ۹۰ەکان بە ناوی دژایەتیکردنی حیزبی بەعس و سیاسەتی تەعریب و تەبعیس دەستیپێکرد، هەر لەسەرەتاوە ئاماژەی بە هەوڵی لەناوبردن و توانەوەی گەلی کورد کردبوو ، بەڵام ئەوەی بەعس بەسەر زاراوەی کەلهوڕی و شێوەزارە کوردییەکانی تری دەڤەری کەرکوک و گەرمیان و ناوچەی موسڵدا هێناوە، ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم ، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وەزارەتی خوێندن، خوێندنی باڵا و کایەکانی ڕۆشنبیری ، بە ناراستەوخۆ و بە شێوەیەکی هێواش بەسەر زاراوە و شیوەزارەکانی تردا دەهێنێت. بەناوی زمانی ستاندارد ئەمڕۆ زاراوەی سۆرانی سەرباری دەوڵەمەندی و شیرینی کراوە بە زمانی ستانداردی ئیدارە و خویندن و ڕاگەیاندن و چاپەمەنی، لەو ڕووەوە چەندین کێشە و گرفتی بۆ هەموو ناوچەکانی تر دروستکردووە، بۆ نمونە لەخوێندن هەرگیز خوێنکارانی دەڤەری بادینان و لاخوارووی گەرمیان ناتوانن پلەی بەرز بەدەست بهێنن، چونکە زاری سۆرانی زاری فەرمی خوێندنە و لەڕوی ئەدەبیات و ڕۆشنبیرییەوە ئەمڕۆ مرۆڤ تەنیا لەودەمەدا وەک ڕۆشنبیرێکی خاوەنپێگە هەژمار دەکرێت، کە بتوانێت بە سۆرانییەکی ڕەوان بنوسێت.
بەڵام ئەوەی لەهەمووی زیاتر جێگای ڕەخنەیە ، چەندین ساڵە خەڵکی هەورامان داوای کردنەوەی قوتاخانەی هەورامی دەکەن، بەڵام هەرجار بە بیانوویەک داواکارییەکەیان ڕەتدەکریتەوە و وەک ئەوەی بەمەبەست هەوڵی تواندنەوەی ئەو زاراوە مێژووییە بدرێت، نەک تەنیا هیچ هاوکارییەک پێشکەش بە خەڵکی هەورامان نەکراوە، بەڵکو هەر هەوڵ و تەقەلایەکی خۆجییش بۆ برەودان بە زاری هەورامی ئاستەنگ دەکرێت و لەو ڕووەوە مرۆڤ دەبێت بەڕاستی ئەجندای دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و کایەی ڕۆشنبیری بخاتە ژێر پرسیار و بەبیریان بهێنێتەوە ، کە ئەوانەی بۆ یەکەمجار هەوڵی تواندنەوەی زارەکانی تری کوردییان دا لە ئێڕاق دەسەڵاتی ناوەندی بەغداد بوو، هەروەها لە پارچەکانی تریش هەرسێ دەوڵەتی داگیرکەر و دەسەڵاتەکانی تاران و دیمەشق و ئەنکەرەبوون! بۆیە لە ڕۆژی زمانی کوردی پێویستە حکومەتی هەرێم بەڕاستی وانەیەک لە عەشرەتی سورچییەکانەوە فیربێت و ڕێز لە زاراوە و شێوەزارەکانی تر بگرێت ، لانی کەم ئاستەنگییان بۆ دروست نەکات. ئەوەی هەمەڕەنگی کلتوری و زمانەوانی کوردی بەشێکە لە ناسنامەیەکی هەزاران ساڵە و پاراستنی ئەو خەسڵەتەش ئەرکی لەپێشینەی هەموومانە.