ئازاد رواندزی
یەکێک لە رووداوە هەرە دڵتەزێن و ناخەهەژێنەکانی کوردستان لە ٢٦ ساڵی رابردوو، ئەویش دەسگیرکردنی سەرۆک ئۆجالان بوو، لە رۆژی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩. ئاشکرابوو کە دەسگیرکردنەکە وەک تۆڕێکی سیخوڕی لەلایەن دەزگا سیخوڕیە زلهێزە جیهانیەکان رێکخراوە. لەسەرویاندا سی ئای ئەی و مۆساد، تا دەگاتە سەرجەم دەوڵەتانی بەشداربووی ناتۆ و میسر و ئەفریقیا.
ئەوەی جێگەی راوەستە لەسەر کردنە ئەویش لایەنە کوردیەکانن چۆن بەشداربوون لەم گەلەکۆمەیە و چ رۆڵێکیان هەبوو؟
وەک دەزانرێ مەرجی سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە ١٩٩٢ شەڕکردن بوو لە دژی پەکەکە، بۆ ئەو مەبەستە بەبیانوی بێ بنەما حیزبەکانی بەرەی کوردستانی بەپێشەنگایەتی پارتی، هێرشی بنکە و بارەگاکانی گەریلای پەکەکەیان کرد لە خواکورک و خنێرەوە تا دەگاتە حفتانین. ئاشکرا بوو ئەو هێرشانە لەبری دانانی بنکە ئەنجەرلیک بووە، تورکیا ئەو داوایەیی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبووە، ئەوانیش شەڕەکەیان بە حیزبەکانی بەرەی کوردستانی بەڕێوەبرد.
ئەو شەڕە کە لەمێژووی نزیک بە شەڕی خیانەت بەناو دەکرێ، پەکەکەی لاواز نەکرد، چونکە لە ساڵی ١٩٩٤وە هەردوو حیزبی سەرەکی هەرێمی کوردستان، شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند، ئەنجام زیانێکی زۆریان گەیاند بە دەسکەوتەکانی راپەڕین و خەڵکی باشووری کوردستان.
دەوڵەتە هەژمونگەراکانی جیهان بە پێشەنگایەتی ئەمریکا، پلانیان هەبوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری بکەن، بەتایبەت رووخاندنی رژێمی سەددام، بۆیە نەیاندەویست بەو گۆڕانکاریانە تورکیا لاوازبێ و کێشەی کورد بگاتە چارەسەری، بۆ ئەو مەبەستە لە ١٧-٩-١٩٩٨ جارێکیتر حکومەتە لەرزۆکەکی هەرێمیان لە مردن رزگار کرد و لە واشنتن بارزانی و تاڵەبانیان ئاشتکردەوە. دوای ٢٣ رۆژ پیلانگێڕی نێودەوڵەتیان خستەگەڕ و ئۆجالانیان لە سوریا دەرخست. دوای چوار مانگ لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەک لە ئەورپا و رووسیا، بەڵام لە ئەنجام تۆڕی جالجالۆکەی دەزگا سیخوڕیەکان، لە ١٥ی شوبات ئۆجالانیان لە پایتەختی کینیا لە باشووری ئەفریقیا بەدیل گرت و رادەستی تورکیان کرد.
لەناو لایەنە کوردیەکان، پارتی بەردەوام وەک دوژمن هەڵسوکەوتی لەگەڵ پەکەکە و سەرۆکایەتیەکەی کردووە. بۆیەش کە بەشەڕ نەیتوانی لەناوی ببات، ئەمجارە هەوڵیدا بە بەشداربوون لە پیلانگێڕیدا بگاتە مەرامەکانی. یەکەم هەوڵی پارتی بۆ ئەوەی بەشداربوونی خۆی نیشانبدات، ئەویش بەڕێگەی وەزیری دادی ئەوکاتی حکومەتە یەک لایەنەکەی (قادر جەباری) راپۆرتێکی گوایا تاوان و پەشێلکاری دا بە حکومەتی ئیتاڵیا، بۆ ئەوەی ئۆجالان لەوێ بەناوی تیرۆر دادگای بکرێ، بەڵام لەبنەمادا بۆ ئەوە بۆ ئەوە بوو حکومەتی ئیتاڵیا مافی مانەوە نەدا بە ئۆجالان!!
دووەمین هەوڵی پارتی ئەویش کاتێک ئۆجالان دەستگیرکرا، تەواوی گەلی کورد لەهەموو جیهان ناڕەزایەتی نیشاندا، تەنها پارتی نەیهێشت لە هەولێر و دهۆک خەڵک بێتە سەر شەقام و ناڕەزایەتی نیشانبدا. لە هەولێر زیاتر لە سەد کەسایەتی دیاری وەک پرۆفیسۆر مارف خەزنەدار، ممتاز حەیدەری، جەمشید حەیدەر، عومەر فەرهادی… هتد، داوای فەرمیان پێشکەش پارێزگای هەولێر کرد، بەڵام فەرەنسۆ هەریری پارێزگاری پارتی بە دۆشکە و زریپۆش و چەکی قورس هاتبوو بۆ بەردەم بارەگای ناوەندی هەولێری حیزبی شیوعی کە خۆپیشاندەران دەیانویست لەوێوە دەست بە رێپێوانەکەیان بکەن، فەرەنسۆ گوتبووی ئەوەی بجوڵێتەوە بە دۆشکە لێی دەدەم!!
لەماوەی ٢٦ ساڵی رابردوو زیاتر لە سێجار، دانوستان و دیالۆگ لەنێوان ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا هاتۆتە ئاراوە، بەتایبەت لە ٢٠١٣ ئۆجالان و پەکەکە زۆرترین دەرفەتیان بۆ مەسعود بارزانی و پارتی کردەوە، تا ئەو ئاستەی ڕێگەیان کردەوە کە مەسعود وەک هاوسەرۆکی کۆنفرانسی نەتەوەیی بەناو بکەن. دیسان هەوڵیانداوە وەک لایەنێکی کوردی کەخاوەن پێگەیە رۆڵی هەبێ. بەڵام مەسعود هەمووجار لەبەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیا قسەی کردوەو قۆناغەکەی لەباربردووە، ئەوە بینرا بەقسەی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا نەیهێشت کۆنفرانسی نەتەوەیی بگاتە ئەنجام. هەمانکات بۆ ئەوەی پێگەی پەکەکە لاوازبێ هەموو ئەوانەی ناحەز و دوژمنی پەکەکەن لە خۆی کۆکردونەتەوە.
ئێستاش لەسەروبەندی قۆناغێکی نوێداین، دیسان مەسعود و حیزب و راگەیاندنەکەی، بەئاوازی دەوڵەتی تورکیا قسە دەکەن، ئەوانیش تاکە مەبەستیان پەکەکە دەستەمۆ بکرێ و رۆژئاوا بەلاوازترین شێوە دەرکەوێ وەک دواین لێدوانی مەسعود و مەسرور بۆ راگەیاندنەکان، بۆ پارچەکردنی رۆژئاوای کوردستان، چەکدانانی گەریلا!!
هزر و باوەڕی پارتی و سەرۆکایەتیەکەی، هەبوونی خۆیان لە لەناوبردنی لایەنەکانیتری کوردستان دەبینەوە، بۆیەش بەپاڵپشتی داگیرکەران و دەزگا سیخوڕیەکانی میت – پاراستن، گورز لە قەندیل و سلێمانی و رۆژئاوا دەدەن، تاکو تەمەنی خۆیان درێژکەنەوە.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی